وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی پێشێلکارییەکان بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ، ژنان و کچان لە ئێران و وەڵامدانەوەی داواکاری خۆپیشاندەران لەرێگەی هێزەوە، وڵاتەکەیاندا بڕیاریدا ژمارەیەک سزا بەسەر بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری تاراندا بسەپێنێت.
ئاوێنە: میلانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە لێدوانێکدا باسی لەوەشکرد، بەهۆی شێوازی وەڵامدانەوەی ناڕەزاییەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن حکومەت و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچان، کەنەدا بڕیاریداوە سزا بەسەر ژمارەیەک سەرکردەی سوپای پاسداران، ئاسایش و دادوەری ئێراندا بسەپێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سزاکان چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و پێنج دامەزراوەی ئێران دەگرێتەوە کە "تۆمەتبارن بە پێشێکردنی مافەکانی مرۆڤ و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی".
وەزیری دەرەوەی کەنەدا وتیشی، "ئۆتاوا بەرامبەر بەردەوامی مامەڵەی خراپی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران بێدەنگ نابێت و سزاکانیش لە چوارچێوەی هەڵوێستی وڵاتەکەیان دایە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ئێران".
ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی نزیکەی سێ مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تاران و چەندین ناوچەی دیکەی ئێران بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندەران داوای ئازادی، باشترکردنی دۆخی ژیان و چاکسازی لە سەرجەم کەرتەکانی دەوڵەتدا دەکەن، بەهۆی ناڕەزاییەکانیش بە دەیان خۆپیشاندەر و هێزی ئەمنی کوژراون و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.