2023-01-26   312     
مونا قەهوەجی
مونا قەهوەجی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لەوتارێکدا کە بۆ ماڵپەڕی ئاوێنەی ناردوە ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شاردنەوەی ئاریشەی ناوخۆو شکستی سیاسیان هێرشێکی زۆر نارەوایان بۆ سەر پێکهاتەکان دەستپێکردوە، ئەو دەڵێت "رێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نادەین بریار لەسەر چۆنیەتی بەشداری پێکهاتەکان لەهەڵبژاردن بدات".
ئاوێنە: ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی مونا قەهوەجییە:
هەڵبژاردن و بەشداری پێکهاتەکان
لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بریارە لە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، لێرە و لەوێ گوێمان لە هەندێ بۆچوون و پێشنیار پەیوەست بە کورسی کۆتای پێکهاتەکان و بەشداری سیاسی پێکهاتەکان دەبێت، بەکورتی بۆ رای گشتی و هەموو لایەک رادەگەیێنین کە بەشداری پێکهاتە نەتەوەییەکان لە پەرلەمان و کۆی حکومرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمەکەمان جوانتر کردوە و نموونەیەکی جوانی کلتوری پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە جیهاندا نیشانداوە، هیچ کاتێک پێکهاتەمان نەبوونەتە بارگرانی و کێشە بۆ پرۆسەی حکومرانی لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەرێمی کوردستان بەم پێکەوەژیانە جوانە بۆتە لانکەی پێکەوەژیان و نموونەیەکی جوان لە ناوچەکە بەگشتی.
بەداخەوە هەندێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شاردنەوەی ئاریشەی ناوخۆ و شکستی سیاسیان هێرشێکی زۆر نارەوایان بۆ سەر پێکهاتەکان دەستپێکردوە، بە هەموو جۆرێک وا نیشانی دەدەن کە لەمپەرەکانی بەردەم هەڵبژرادن و کۆی کێشە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی پێکهاتەکانە، بەڵام هاوڵاتیان لە مێژە لەو راستیە تێگەیشتوون و هیچ کاتێک پێکهاتەکان نەبوونەتە کێشە و هەموو کات هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردمان بە پرۆسەیەکی دیموکراسی و زەرور زانیوە بە رێزگرتن لە ڕاو و بۆچوون و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.
پێکهاتە نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان هەموو کات ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کە مافێکی سروشتیە و شەرعییەتدانە بە دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە بۆ هەر سیستەمێک و شێوازێکی هەڵبژاردن راو و بۆچوونی حزب و لایەنە سیاسیەکانی پێکهاتەکان وەربگیرێت، چونکە پێکهاتە نەتەوەییەکان، سیاسەت و بەرنامەی سیاسیان لەسەر بەرژەوەندی و خزمەتکردنی هاووڵاتیانیان بنیات ناوە و لەم چوارچێوەیەشدا هاوپەیمانی و کاری هاوبەشیان رێکخستوە، لەم رووەوە رێگە بە هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نادەین بریار لە داهاتوو و چۆنیەتی بەشداری پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن بدات، چونکە دواجار ئەوەی بریار دەدات خودی پێکهاتەکانە و هەر هەوڵێک و بەرنامەیەک لە پشت پێکهاتەکانەوە بدرێت لای پێکهاتەکان قەبووڵکراو نیە و رەتدەکرێتەوە.
منی نبی قهوەجی
سکرتیری پەرلەمانی کوردستان
٢٦ی ١ی ٢٠٢٣