هێرشێكی چەکداری کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران
  2023-01-27       509       

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایگەیاند، هێرشێکی چەکداریی کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران و لە ئاکامدا بەرپرسی ئەمنیی باڵیۆزخانەکە کوژراوە. پۆلیسی تارانیش دەڵێت، هێرشەكە لەلایەن چەكدارێكەوە ئەنجامدراوەو دەستگیركراوە.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، لە راگەیەندراوێكدا وتی، نزیکی کاتژمێر ٠٨:٣٠ خولەكی سەرلەبەیانی بە کاتی باکۆ هێرشێکی چەکداریی کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هێرشبەرەکە کە بە کڵاشینکۆف تەقەی کردوە، بەرپرسی ئەمنیی باڵیۆزخانەکەی کوشتوە و دو پاسەوانیشی بریندار کردون.

لەلای خۆیشییەوە حسێن رەحیمی، بەڕێوەبەری پۆلیسی تاران رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كە چەكدارێك چۆتە ناو باڵیۆزخانەی ئازەربایجان و دەستی بە تەقەكردن كردوەو لە روداوەكەدا كەسێك كوژراوەو دوانی دیكەش برینداربون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی تاران رایگەیاند، هێرشبەرەكە دەستبەجێ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوەو دەست بە لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا كراوە.

حسێن رەحیمی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە چەكدارەكە لەگەڵ دو منداڵی خۆیدا چۆتە نێو باڵیۆزخانەكەو لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا وتویەتی، پاڵنەری هێرشەكەی "كێشەی كەسی و خێزانی" بوە.

بۆ بینینی ڤیدیۆی چەند ساتێك دوای روداوەكە لێرە كلیك بكە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×