حكومەتی هەرێم: پێداچونەوە بە پلەبەرزکردنەوەو خزمەتی فەرمانبەراندا دەکرێت
  2023-02-04       625       

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لیژنەیەك بۆ پێداچونەوەی پلەبەرزكردنەوەو هەژماركردنی خزمەتی فەرمانبەران پێكهێنراوەو پێداچونەوە بە زیاتر لە 365 هەزار دۆسیەی فەرمانبەراندا كراوەو زیاتر لە 7 هەزاریان پلەی زیادەیان بۆ بەسترا بو و زیاتر لە 15 هەزار دۆسیەشیان زیادە موچەیان هەبو، كە كۆی جیاوازی موچەكەیان دەكاتە زیاتر لە یەك ملیارو 360 ملیۆن دینار.

ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی ڕێنمایی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەژمارکردنى خزمەتیان لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی پێکهێنرا."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لیژنەکە لە یەکەم هەنگاویدا، تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ پرسى میلاکات ڕاسپارد بە مەبەستی پێداچونەوەو وردبینی بە دۆسیەى فەرمانبەران."

بەپێی راگەیەندراوەكە "لە کۆی 32 دامەزراوەى هەر سێ دەسەڵاتی (دادوەرى و یاسادانان و جێبەجێکردن)، پێداچونەوە بە 365 هەزار و 452 دۆسیە کرا کە 7 هەزار و 196 دۆسیە پلەى زیادەیان بۆ بەسترابو و 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە موچەیان هەبو، کە کۆى جیاوازى موچەکەیان دەکاتە ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە "هەر لەم چوارچێوەیەداو بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدارو پێشمەرگە، تا ئێستا لەکۆى 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە، بۆ پێداچونەوە ئامادەکراون و بڕیار وایە بەزویی دۆسیە نایاساییەکانیان لەڕوی پلەبەرزکردنەوەو زیادە موچە، دەستنیشان بکرێن."

حكومەتی هەرێم ئەوەشی وتوە"کابینەى نۆیەم، لە یەک کاتدا کاری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و پرسى چاکسازى کردوە، تا ئێستا دەیان هەنگاوى کردەیی و جددی لەم بوارە ناوە، ئەمەش هۆکاربوە بۆ ڕێکخستنەوەى دۆسیەى فەرمانبەران و گەڕاندنەوەى سامانێکى زۆرى دارایی بۆ نێو خەزێنەى حکومەت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×