وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزاکانی سەر سوریا سوک دەکات
  2023-02-10       343       


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بۆ ماوەیەکی کاتی هەندێک لەسزاکانی پەیوەست بەسوریا هەڵدەگرێت تا دڵنیابێت لەوەی هاوکارییەمرۆییه‌کان بەزوترینکات بگەن بەو کەسانەی کە به‌هۆی‌ بوومەلەرزەكه‌ی‌ چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردو زه‌ره‌رمه‌ندبون.

ئاوێنه‌: ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی خەزێنە ناسراو بە OFAC لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاندووه‌، ئەو هەنگاوە "بۆ ماوەی 180 ڕۆژ ڕێگە بەهەموو مامەڵەکانی پەیوەست بەفریاگوزاری بوومەلەرزە دەدات کە بەپێی سزاکانی سەر سوریا قەدەغەکراو بوو."

لەبەیاننامەکەدا وێڕای ڕاگەیاندنی دڵگرانی لەمەڕ ئەو کارەساتە، جێگری وەزیری خەزێنە واڵی ئەدەیەمۆ وتیشی، "لەکاتێکدا هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشە مرۆییەکان ڕێکدەخرێن بۆ هاوکاریکردنی ئەوانەی زیانیان پێگەیشتووە، دەمەوێت زۆر بە ڕوونی بڵێم کە سزاکانی ئەمەریکا لە سوریادا ڕێگر نابن لە هەوڵەکانی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی سوریا."

لەبەیاننامەکەدا كه‌ درەنگانێکی شه‌وی‌ ڕابردو بڵاوكرایه‌وه‌ هاتووە، "لەکاتێکدا بەرنامەکانی سزاکانی ئەمەریکا لە ئێستاوە لێخۆشبوونێکی زۆریان کردووە بۆ هاوکارییە مرۆییەکان، ئەمڕۆ گەنجینەی ئەمەریکا مۆڵەتێکی گشتی دەردەکات بۆ ڕێگەدان بە هەوڵەکانی فریاگوزاری بوومەلەرزە تا ئەوانەی هاوکاری دەکەن بتوانن سەرجیان لەسەر ئەو شتانەبێت کە زۆرترین پێویستییان پێیەتی ئەوەش ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی و بونیاتنانەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، "هاوبەشە مرۆییەکانی ئێستامان لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا هاوکاری فریاگوزاری گرنگ پێشکەش دەکەن، لەوانە خۆراک، ئاو، شوێنی نیشتەجێبوون، چاودێری پزیشکی، و ستافی پشتیوانی بۆ هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن. هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ئاسمانی ئەنجام دەدەن، کارمەندانی فریاگوزاری دەگوازنەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی."

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی تورکیا و سوریای گرتەوە هەتا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بەکاتیی ناوخۆیی ژمارەی گیانلەدەستدانەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 21 هەزار و 500 کەس.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×