لاهور شێخ جەنگی: ناچاربین بەجیاو لەژێر ناوی یەكێتی درێژە بە خەبات دەدەین
  2023-02-22       860       

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، وەك هاوسەرۆكی یەكێتی لە ئەمڕۆوە دەست بە چالاكییە سیاسییەكانم دەكەمەوەو ئەگەر هەڤاڵانمان ئامادەنەبون بۆ كاری پێكەوەیی، ناچارین بەجیاو لەژێر ناوی یەكێتی درێژە بەخەبات بدەین و "خۆ ئەگەر عینادیی سیاسی هەڵبژێرن دەبێت باش بزانن کە سندوقەکانی دەنگدان دەریدەخەن کێ گەل پەسەند و کێش خەڵکی بێ هیوا کردوە، هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە دەبێت کێ خاوەنی سەنگی ڕاستەقینەیە لەناو حزب و جەماوەردا."

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمشەو چوارشەممە، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند"دوای ساڵونیوێک لە پشودرێژی سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەمو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بەشەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابو."

وتیشی"هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان."

لاهور شێخ جەنگی پێی وایە لەماوەی ساڵ و نیوی رابردودا "ئەدای یەكێتی لەناو حکومەت لاواز بوەو کاریگەریی ئەوتۆی نەماوە لە بڕیاڕە گرنگ و چارەنوسسازەکان لە عێراق و کوردستان کە ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردۆتە سەر ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان."

وتیشی"هیوادارین ئەم نسکۆیەی بەسەر حزبەکەماندا هێنرا پەندێک بێت بۆ بەخۆداچونەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردو، خۆ ئەگەر هەڤاڵانمان ئامادەنەبون بۆ کاری پێکەوەیی، ئەوا ناچاردەبین بە جیا و لەژێر ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پشتبەست بە یاساو لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆدا درێژە بە خەبات و چالاکییە سیاسییەکانمان بدەین کە من و هەڤاڵەکانم هیوا بەوە ناخوازین، چونکە هەموتان دەزانن ئەوە خزمەت بە هیچ لایەک ناکات."

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشدا كە "یەکێتی حیزبی حوکمڕانی ناوچەی سەوزەو لە ماوەی ڕابردوشدا خەڵک خۆیان شایەتن کە دوای کودەتا بە سەر شەرعیەتی ئەو حزبە لە هەمو ڕویەکەوە چ نائارامیی و بێهیواییەک ڕوی کردۆتە ناوچەکە."

ئەوەشی وت"ئەگەر ژیانی خەڵک ئارام و خزمەتگوزاریی باش و پرۆژەکان کرابان بۆ بەندە ئاسانتر بو لە دورەوە دەستخۆشی لە هاوڕێکانم بکەم و شانازی بە حزبەکەمەوە بکەم جا پۆست و پایەم هەرچییەک بێت، بەڵام هیچ بوارێک نەماوە لە غیابی ئێمەدا خراپتر نەبو بێت، توڕەیی و گلەیی و ناڕەزایەتی و بێزاری لە حیزب و حکومەت لەو سنورە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، بە سەربازگەکردن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و خراپیی دۆخی بازاڕ و بازرگانەکان و سەرانەسەندن و تێکشکاندنی دامەزراوەکان و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و نەهێشتنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و جێگرتنەوەی حیزب لە جیاتی حکومەت کە هەمو ئەمانە دورن لەو پرەنسیپانەی کە یەکێتی خەباتی بۆ کردون، هێندە بەسە بیڵێم بە درێژایی ساڵانی ڕابردو کەسانێک نوێنەرایەتی ئەم دەڤەرەیان کردوە تاکە یەک پرۆژەی ستراتیژیان نییە پێشکەشی خەڵکیان کردبێت."

هەروەەها وتیشی"لێرەوە ئامۆژگاریی هەڤاڵانمان دەکەم کە بە دەستتێکەڵکردن لەگەڵ ناحەزان هەڵنەخەڵەتێن، باوەشکردن بە نەیاران و دوژمنانی ئەم ئەزمونەی بەدەستهاتوە لە پێناو مانەوە لە پۆستێکدا خزمەتیان پێناگەیەنێت، بێبەهاپیشاندان و بە سیاسیکردنی بڕیاری دادگا لە هەرێمی کوردستان خزمەتیان ناکات، تەنیا ڕێگەی ڕاست گەڕانەوەیە بۆ شاڕێی سیاسی و حیزبایەتیکردن بە ڕێگەی سیاسی و پەیڕەویی."

هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتو، وتی"دەبێت هەڤاڵانمان بزانن کە پێکەوە دەتوانین دەنگدەران و کەسوکاری شەهیدان و کادر و ئەندامەکانمان ئاشت بکەینەوە و خۆمان بۆ ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییانە ساز و ئامادە بکەین کە لە ئایندەی نزیکدا دێنە پێش، چونکە جەماوەر لەوە زیاتر لێمان قبوڵ ناکات، خۆ ئەگەر عینادیی سیاسی هەڵبژێرن دەبێت باش بزانن کە سندوقەکانی دەنگدان دەریدەخەن کێ گەل پەسەند و کێش خەڵکی بێ هیوا کردوە، هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە دەبێت کێ خاوەنی سەنگی ڕاستەقینەیە لەناو حزب و جەماوەردا."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×