رێكخراوێك: لە دو مانگی رابردودا 102 زیندانی لە ئێران لە سێدارە دراون
  2023-03-01       259       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، لەماوەی دو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم سزای لەسێدارەدانی 102 زیندانی لە زیندانەكانی ئێران جێبەجێکراوە کە 33 كەسیان كورد بون و پێنج كەسیشیان زیندانیی سیاسی بون.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ماوەی دو مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، سزای لەسێدارەدانی لانیکەم 102 زیندانی لە زیندانەكانی ئێران جێبەجێکراوە کە ناسنامەی 90 کەسیان هەتا ئێستا بۆ هەنگاو ئاشکرابوەو بەدواداچونەکانیشیان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو 12 کەسەی دیکە بەردەوامن.

رێكخراوی هەنگاو ئاشكراشیكردوە، لەو ژمارەیە 33 کەسیان کورد بون و 15 کەسیشیان بەلوچ بون، کە زۆرترین حاڵەتی لە سێدارە دراوەکان پێکدێنن كە بەوەش نزیكەی نیوەی كۆی لەسێدارەدراوان لەو ماوەیەدا لە كوردو بەلوچ پێكهاتون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەو ژمارەیەی لەسێدارەدراوان، پێنج كەسیان زیندانیی سیاسی بون كە لە دو كورد، یەك عەرەب، 1 گیلەك و یەك هاوڵاتی ئێرانی-بەریتانی، پێكهاتون.

بەپێی راپۆرتەكە، زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدراوەکان بە 27 حاڵەت لە بەندیخانەی ئەلبورز تۆمارکراوەو لە بەندیخانەکانی ورمێ 9 حاڵەت، کرمان 7 حاڵەت و کرماشان 6 حاڵەتی لە سێدارەدران تۆمارکراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×