بلومبێرگ: توركیا وەرگرتنی نەوتی لەڕێی بۆری هەرێمی كوردستانەوە راگرتوە
  2023-03-25       686       

پێگەی بلومبێرگ لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاند، دوایین باری نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركی رۆژی هەینی باركراوەو توركیا وەرگرتنی نەوتی لە بۆری هەرێمی كوردستانەوە راگرتوە.

ئاوێنە: پێگەی بولمبێرگ، ئەمڕۆ شەممە، لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە سكاڵای دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاریداوە.

بولمبێرگ نوسیویەتی، بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لە ئۆفیسی باركردنی عێراقییەوە لە بەندەری جەیهانی توركی دەرچوە، توركیا لەمەودوا رێگە بە باركردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان نادات بەبێ رەزامەندانی حكومەتی فیدرالی عێراق.

 سەرچاوە ئاگادارەكە بە بلومبێرگی وتوە، لەپاش دوایین باركردن لە رۆژی هەینی، هیچ كەشتییەك نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە بەندەرەكە بار نەكردوە.

ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی، توركیا وەرگرتنی نەوتی لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە راگرتوە.

پێشتریش پێگەی "ئارگوس"ی بەریتانی بڵاویكردەوە، توركیا بەڕەسمی بە عێراقی راگەیاندوە، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دژی ئەنقەرە بڕیاریداوەو لەمەودوا توركیا بەبێ رەزامەندی عێراق رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی وڵاتەكەیەوە نادات.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×