وەزارەتی نەوتی عێراق: پێشوازی لەبڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریس دەکەین تایبه‌ت به‌نه‌وتی‌ هه‌رێم
  2023-03-25       775       

وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازی لەبڕیارەكه‌ی‌ دادگای پاریس دەکات تایبه‌ت به‌هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئەندامێكی لیژنەی ئابوری‌و پیشەسازی‌و بازرگانی په‌رله‌مانی‌ عێراق-یش ده‌ڵێت، "دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا، هه‌رێم ده‌بێت بەناچاری هەموو نەوته‌كه‌ی‌ ڕادەستی عێراق بکات! بەو هیوایەی لەسودی خەڵکی کوردستان کۆتایی بێت."

ئاوێنه‌: دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی کە لەشاری پاریسی فەرەنسایە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، بڕیاری کۆتایی دادگای پاریسی لەبارەی نایاسایی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا پێگەیشتووەو بڕیارەکەش لەبەرژەوەندی عێراقە.

وەزارەته‌كه‌ دەڵێت، "پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین کە پێنجشەممەی رابردو 23ـی ئاداری 2023، لەبەرژەوەندیی عێراق لەلایەن دەستەی دادوەریی سەربەژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی لەپاریس دەرکرا، ئەوەش لەچوارچێوەی سکاڵایێک کە کۆماری عێراق دژی کۆماری تورکیا تۆماریکردبو لەبەرامبەر پێشێڵکردنی رێککەوتنی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کە لەساڵی 1973 واژۆی لەسەرکراوە."

باس لەوەشکراوە، لەرێککەوتنەکەدا ئەو دوو وڵاتە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تورکیا پابەندی رێنماییەکانی عێراق بێت لەهەموو رێککەوتەنەکانی گواستنەوەی نەوتی خاو لە عێراقەوە بۆ سەرجەم وێستگەکانی تورکیا.

وەزارەتی نەوتی عێراق لەراگەیەنراوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پەیوەندیی مێژوویی قوڵ لە نێوان عێراق و تورکیادا هەیە و بڕیارەکەی دادگای پاریس هیچ رێگرییەک لە بەردەم پەرەپێدان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و دەستوور و سەرەوەرییەکانیان دروست ناکات.

ئەوەش هاتووە، لەپاش بڕیارەکەی دادگای پاریس بەپێی پابەندبوونەکانی کۆمپانیای سومۆ لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان وەزارەتی نەوتی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا بە دوای میکانیزمی نوێدا دەگەڕێت بۆ هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە لە پێناو هەناردەکردنی بڕی دیاریکراوی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوتەوە بۆ پاراستنی داهاتەکان و تەواوکردنی بودجەی 2023ی عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراقی سوپاسی دادگای پاریسی کردووە کە بڕیارەکەی بە شێوەیەکی دادگەرانە داوە و مۆڵەتی بە لایەنی عێراقی و تورکی داوە، تاوەکو داکۆکی لە خۆیان بکەن و پارێزەر و نوێنەریان لە دانیشتنەکان ئامادەبێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سۆران عومه‌ر، ئەندامی لیژنەی ئابوری‌و پیشەسازی‌و بازرگانی په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌ڵێت، "عێراق بەبڕیاری دادگای فیدراڵی و بردنەوەی سکاڵای دادگای ناوبژیوانی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس لەبەرامبەر تورکیا دەست بەسەر نەوتی هەرێمدا دەگرێت، ئەمجارە بەناچاری دەبێت هەموو نەوت ڕادەستی عێراق بکەن! بەو هیوایەی لەسودی خەڵکی کوردستان کۆتایی بێت."

هاوكات دوای بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس، بەرپرسێکی نەوتی عێراق بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووه‌، ئەمڕۆ شەممە عێراق 450 هەزار بەرمیل نه‌وتی‌ هه‌نارده‌ی‌ ڕۆژانه‌ی‌  لەکێڵگە نیمچە سەربەخۆکانی کوردستان و باکوری کەرکوک ڕاگرتووه‌.

لەساڵی 2014وە حکومەتی عێراق سکاڵایەکی لەدادگای ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی دژ بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لەرێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە تۆمارکردو تێیدا تورکیای بەپێشێلکردنی رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی نێوان ئەنقەرەو بەغدا تۆمەتبارکرد بەوەی رێگەی داوە لەهەرێمی کوردستانەوە نەوت بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق، هەناردەی دەرەوەی بکرێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×