ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ئه‌مرۆ سێشه‌ممه، ئاشكرایكرد كه ئه‌وان به‌شێك نین له‌رێكه‌وتنی تێپه‌ڕاندنی هه‌مواری سێیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان چونكه رێگه به‌عه‌ره‌بی هاورده ده‌دات به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن.
ئاوێنە: خالید شوانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به رووداوی راگه‌یاند، كه شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆك په‌رله‌مانی عێراق ناتوانێت ئه‌و راستییه بشارێته‌وه كه "ئێمه له‌گه‌ڵ رێكه‌وتنه‌كه نه‌بووین و له‌نێو په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگمان پێنه‌دا، شاخه‌وان عه‌بدوڵا وتی خۆم ته‌حه‌مولی به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌م".
خالید شوانی، روونیكرده‌وه كه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ته‌واوی دژی ئه‌و هه‌مواره وه‌ستایه‌وه، چونكه رێگه به‌عه‌ره‌بی هاورده ده‌دات كه به‌شداری ده‌نگدانی پارێزگای كه‌ركوك بكه‌ن و به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش به‌شێكی زۆری كوردانی ره‌سه‌نی كه‌ركوك بێ به‌ش ده‌كات.
له‌لایه‌كی تره‌وه لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە تێپه‌ڕاندنی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند كه پێشهاتێكی ترسناكه.
رزگار حاجی حه‌مه ده‌ڵێت، "له پێشهاتێكی ترسناكدا رۆژی دووشه‌ممه 27ی ئازاری 2023، هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تێپه‌رێندرا كه تیایدا جیا له پارێزگاكانی دیكه، دۆخی تایبه‌تی به پارێزگای كه‌ركوك دراوه و هه‌ندێك له بڕگه‌كانی پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی ده‌ستووری عێراقه".
ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی رزگای حاجی حه‌مه لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان:
بەیاسا پیلانگێڕی دژی کورد لە کەرکوک کرا
تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه به‌مشێوه‌یه جگه له‌ه‌وه‌ی پێشێلێكی زه‌قی مادده‌كانی ده‌ستووری عێراقه، له هه‌مانكاتدا پیلانگێڕییه‌كه دژ به گه‌لی كورد له كه‌ركوك و مه‌به‌ست لێی بێبه‌شكردنی زۆرترین رێژه‌ی كوردی كه‌ركوكه له ده‌نگدان.
هیچ مانایەک بۆ ماددەی 140ی دەستور نامێنێت
بۆ هه‌موو لایه‌كی روون ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م هه‌مواری یاسایه ته‌واو ناده‌ستوورییه به پشتبه‌ستن به‌م مادده ده‌ستووریانه‌ی لای خواره‌وه:
1- له مادده‌ی 14ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا هاتووه: "عێراقییه‌كان بێ جیاوازی ره‌گه‌ز یان ره‌چه‌ڵه‌ك یان نه‌ته‌وه یان ره‌نگ یان ئایین یان ئاینزا یان بیروباوه‌ڕ یان ره‌ئی یان دۆخی ئابووری یان كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانن".
به‌ڵام پێدانی دۆخی تایبه‌ت به كه‌ركوك جیاكردنه‌وه‌ی له پارێزگاكانی دیكه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م مادده ده‌ستووریه‌یه و پێشێلكردێكی زه‌قه.
2- له مادده‌ی 16ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا هاتووه: "هاوتاكردنی ده‌رفه‌ته‌كان مافێكی پارێزراوی هه‌موو عێراقییه‌كانه و ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره ده‌گرێته ئه‌ستۆ".
مەترسی دەنگدان لەسەر کوردی رەسەنی کەرکوک هەیە
له یاساكه‌دا هه‌رچه‌نده راسته سه‌رژمێری 57 كراوه‌ته بنه‌مای ده‌نگدان، به‌ڵام سنوری ئیداری ئێستای كه‌ركوكی كردۆته مه‌رج بۆ مافی به‌شداریكردن له ده‌نگدان ، به‌مه‌ش ده‌نگده‌رانی ره‌سه‌نی كه‌ركوك له چه‌مچه‌ماڵ و كه‌لار و كفری و خورماتوو كه له‌ساڵی 1957 سه‌ر به كه‌ركوك بوون، ده‌كه‌ونه به‌رده‌م مه‌ترسیی بێبه‌شكردن.
3- له مادده‌ی 20ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا هاتووه: "هاوڵاتیان به پیاوان و به ژنانه‌وه مافی به‌شدارییان له كاروباری گشتیی‌دا هه‌یه، هه‌روه‌ها مافی پیاده‌كردنی مافه سیاسییه‌كانیان هه‌یه له ناویاندا مافی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و خۆپاڵاوتن".
به‌ڵام ئه‌م یاسایه ئه‌و مافه‌ی له زۆرێك له دانیشتووانی ره‌سه‌نی پارێزگای كه‌ركوك زه‌وت كردووه.
4- سه‌رپێچییه‌كی ده‌ستووری دیكه‌ی یاساكه پێشێلكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقه، چونكه بڕگه‌یه‌كی ئه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنه مافی ده‌نگدان له كه‌ركوك ده‌دات به‌و كه‌سانه‌ی پێش ساڵی 2003 فۆرمی خۆراكیان له كه‌ركوك بووه كه مه‌به‌ستی له عه‌ره‌به هاورده‌كانه، كه ژماره‌یان كه‌م نییه و ته‌نها ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی خۆویستانه مامه‌ڵه‌ی مادده‌ی 140یان كردووه پێكهاتووه له 28 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی هاورده و له‌و ژماره‌یه‌ش 11 هه‌زار خێزان به‌پێی مادده‌كه قه‌ره‌بووكرانه‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش بنه‌مای سه‌رژمێری ساڵی 57 پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه و مافی ده‌نگدان به هاورده‌كان ده‌دات و هیچ واتایه‌ك بۆ مادده‌ی 140 ناهێڵێته‌وه.
بۆیه ئێمه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كه‌ركوك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه یه‌كێتی سووره له‌سه‌ر ئامانج و بیروباوه‌ڕی نه‌گۆڕی به‌رانبه‌ر به كه‌ركوك و هه‌موو ناوچه دابرێنراوه‌كان، هه‌موو رێگایه‌كی ده‌ستوری و یاسایی و سیاسی و مه‌ده‌نیش ده‌گرێته‌به‌ر بۆ داكۆكیكردن له خه‌ڵكی خۆراگری كه‌ركوك.
لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان