ئه‌فسه‌رێكى هاتوچۆ: دیاریكردنی بڕى پاره‌ى سزای خێرایی زۆر زۆره‌و له‌گه‌ڵ داهاتی تاك ناگونجێ
  2023-05-24       643       

ئەفسەرێکى باڵاى هاتوچۆ پێیوایە، دیاریكردنی ئه‌و نرخه‌ی كه‌ ئێستا ده‌ستنیشانكراوه‌ بۆ سزای خێرایی، زۆر زۆره‌و له‌گه‌ڵ داهاتی تاك ناگونجێ، دەشڵێت، "ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و په‌رله‌مانی كوردستان، پیاچونه‌وه‌یه‌ك به‌بڕی ئه‌و سزایه‌دا بكه‌ن".

ئاوێنە: د.كاروان محه‌مه‌د سدیق مقه‌ده‌مى هاتوچۆ له‌وتارێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، "ساڵانه‌ له‌جیهاندا ژماره‌یه‌كی زۆری مرۆڤ به‌ڕوداوه‌كانی هاتوچۆ گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن‌و بریندارده‌بن‌و توشی زیانی ئابوریی ده‌بن، ده‌توانین بڵێین به‌شێكی زۆری هۆكاری ڕوداوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خێرایی لەڕادەبەدەرو هه‌وڵه‌كانیش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕوداوه‌كان‌و كۆنترۆڵكردنی ئه‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ به‌خێرایی زیاد له‌خێرایی ڕێگه‌پێدراو شۆفێری ده‌كه‌ن دانانی كامێراكانی چاودێری خێراییه".

باس له‌وه‌ده‌كات، "تاوه‌كو ئێره‌ هیچ كێشه‌و گرفتێك نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردن‌‌و تێڕامانە له‌هەریمی كوردستان بڕی سزای دارایی كامێراكانی چاودێری خێراییه‌ كه‌ ئێجگار زۆره‌ كه‌ له‌ (70) هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ (250) هه‌زار دینار، واته‌ تاوه‌كو خێرایی زیاتربێت بڕی سزا داراییەکە زیاتر ده‌بێت".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ باڵایه‌ى هاتوچۆ ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "دیاریكردنی بڕی ئه‌و سزایه‌ وه‌ ئه‌و نرخه‌ زۆرانه‌ له‌كاتێكدابوو كه‌ هەرێمی كوردستان له‌دۆخێكی خراپی ئابوریدا بوو، وه‌زیری ناوخۆو وه‌زیری دارایی ئه‌وكات به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ پێیاندرابوو ئه‌و نرخه‌یان ده‌ستنیشانكردبوو بۆ سزای خێرایی، له‌هه‌موو جیهانیشدا له‌كاتی دیاریكرنی ڕسومات‌و غرامات، ده‌بێت كارێكی وابكرێت كه‌ ئه‌وكاره‌ واته‌ دیاریكردنی ڕسومات‌و غرامات له‌گه‌ڵ داهاتی تاك له‌كۆمه‌ڵگادا بگونجێت، كه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ئێستادا دیاریكردنی ئه‌و نرخه‌ی كه‌ ئێستا ده‌ستنیشانكراوه‌ بۆ سزای خێرایی زۆر زۆره‌ له‌گه‌ڵ داهاتی تاك ناگونجێ".

پێشنیازیكردوه‌، "ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و په‌رله‌مانی كوردستان پیاچونه‌وه‌یه‌ك به‌بڕی ئه‌و سزایه‌دا بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌مكاره‌ نه‌بێته‌ ئه‌ركێكی قورس له‌سه‌ر هاوڵاتیان‌و شۆفێران جگه‌له‌وه‌ی كه‌ ئێمە پێشتر چه‌ندینجار ئه‌و پێشنیازه‌مان كردوه‌ با سزایی خێرایی لێخوڕین ته‌نها سزایی دارایی نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ چه‌ندجارێك ژماره‌ی ئۆتۆمبێلەکانیان تۆماركرا له‌لایه‌ن كامێراكانی چاودێری خێرایی، پۆینت بكرێته‌ مۆڵه‌ته‌كانیان‌و به‌چه‌ند پۆینتیک بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو مۆڵه‌تی شۆفێرییه‌كه‌یان لێ بكێشرێته‌وه‌".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×