حاكم قادر: پێویستە هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت
  2023-05-25       362       

حاکم قادر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی رایگەیاند، "گرنگە ڕێگە نەدرێت ناکۆکی نێوان لایەنەکان گەورەتر بکرێت" و بە پێویستیشی دەزانێت گوێ لە پێشنیارەکانی ھاوپەیمانان و دۆستەکانی كورد بگیرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت.

ئاوێنە:‌ بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، حاکم قادر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی سەردانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستانی کردو لەلایەن جەمیل ھەورامی سەرۆكی كۆمەڵەكەو جێگرو ئەندامانەوە پێشوازی لێكرا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەکێتی و پارتی حاكم قادر ھێمای بۆ ئەوەكرد، "گەلی کوردستان پێویستی بە یەکگرتوییە، چونکە ئاڵەنگارییەکانی بەردەممان گەورەن، گرنگیشە ڕێگە نەدرێت ناکۆکی نێوان لایەنەکان گەورەتر بکرێت، بە پێچەوانەوە هەوڵبدرێت سازانێک بهێنرێتە کایەوە کە خزمەت بە گەشەپێدان و نیشتیمان و بەرژەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بکات".

وتیشی، "پێشوازی و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەکی ئاشتی دەکەین کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی نێوان لایەنەکان بدرێت چ لەسەر ئاستی هەرێم، چ لەسەر ئاستی عێراق."

‌ھەروەھا بە پێویستیزانی گوێ لە پێشنیازەکانی ھاوپەیمانان و دۆستەکانمان بگیرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت، "چونکە هەڵبژاردن مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانەو یەکێتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەکاتی خۆیدا، بەڵام دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردو سەردەمیانەو دور لە دەستێوەردان ئەنجام بدرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×