سلێمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "هابەر تورک" هێرشێکی توندی کردۆتە سەر پارتی دیموکراتی گەلان و تۆمەتباری کردوون بەوەی ئامانجیان ژەهراویکردنی دیموکراتییەتی تورکیایە.
ئاوێنه: بەوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، پارتی دیموکراتی گەلان کە دەنگی حەوت ملیۆن دەنگدەری تورکیای لەگەڵدایە، هەرگیز پارتێکی سەرەکیی نەبووە لە تورکیادا، دەشڵێت هەدەپە مۆدێلێک بوو بۆ کاریگەریی دانان لەسەر بڕیاری سیاسیی و ڕێگریکردن لە پێشکەوتنی تورکیا و گۆڕینی ڕێڕەوی دیموکراتی ئەو وڵاتە.
سۆیلو هەروەک وتویەتی: پێشتر دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان 13.5% بوو، دواتر بۆ 8.5% دابەزی و ئەمەش بەو مانایەیە کە خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات (باکووری کوردستان) دەڵێن: نامەوێت منداڵەکەم بنێرم بۆ شاخەکان کە تیرۆریستانی لێیە، بەڵکو دەمەوێت منداڵەکەم بکەم بە ئەندازیار.
بەوتەی سۆیڵو هەدەپە پارتێکی سیکۆلارە و لەبەهاکان خەڵکی پارێزکار دوورە و کار لەسەر نەهێشتنی بەهاکانی دانیشتووانی ناوچە کوردییەکان دەکات.