سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: ئێمەش تێبینیمان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە هەیە
  2023-05-27       555       
هەرێم کەمال ئاغا،

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوریی و قەوارەیەکی سەربەخۆیە، یاسای بودجە کە بۆ ساڵێک یان چەند ساڵێکە، کاریگەری لەسەر پێگە دەستورییەکەی نابێت. ده‌شڵێت، "ئێمەش تێبینیمان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە هەیە".

ئاوێنه‌: هەرێم کەمال ئاغا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، "کۆمەڵێک کاری نا دادپەروەری وایکرد یەکێتی هەڵوێستی هەبێت و هیچ هەوڵێک بۆ لەتکردنی هەرێم لەئارادا نییە، ناتەبایی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە نەک شتی تر، هیچ یاسایەکیش ناتوانێت کاریگەری لەسەر پێگەی هەرێم دروست بکات."

هەرێم کەمال ئاغا ڕونیشیکردەوە کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێکەوە دانیشتون و لەیەکتر نزیکبونەوەکان قۆناغی باشیان بڕیووە، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت، "بۆیە ئەو بڕگەیەی لەپرۆژە یاسای بودجە کە باس لەپێدانی شایستەی دارایی هەر پارێزگایەک دەکات لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەر گازندەی هەبێت، بڕگەیەکی ئاساییەو کاریگەری نابێت."

پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی بە "خیانەت"کردن تۆمەتبار دەکات، بەو پێیەی تەنها ئەندامەکەی یەکێتی لەلیژنەی دارایی دەنگی بەپرۆژە یاسای بودجە داوە، لەکاتێکدا ئەندامانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامی لەلیژنەکە کشاونەتەوە.

هەرێم کەمال ئاغا لەو بارەیەوە دەڵێت، "وەڵامی ئەم شتانە نادەینەوەو ئێمەش قسەمان لەسەر 16 ی ئۆکتۆبەر زۆرە، ئەمەی کراوە نەخیانەتەو نەهیچ، خیانەت خواردنی ماڵی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دۆسیەی نەوتە."

لەپرۆژە یاسای بودجەی عێراق و مادەی 14 دا کە تایبەتە بەشایستە داراییەکانی هەرێم، حکومەتی عێراق پابەندکراوە بەخەرجکردنی شایستەی دارایی بۆ هەر پارێزگایەکی هەرێم، گەر گازەندەی هەبوو لە نایەکسانی لەدابەشکردنی داهاتدا، ئەمەش گومانی لای پارتی دروستکردووە بەوەی دەستی یەکێتی لەپشت ئەم برگەیەوە بێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بۆچونیوایه‌ كه‌ "ئه‌گەر ستەم لەدهۆکیش بکرێت ئەم بڕگەیە دەیگرێتەوەو دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، کەواتە بڕگەکە تایبەت نییە بەسلێمانی، ئەمەش دەرئەنجامی ناکۆکی بو، مادام سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دانیشتوون و لێکتێگەیشتن دروستبووە، ئەم برگەیە هیچ کاریگەری نابێت."

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 24 ئەندام پێکهاتووە، پارتی دوو ئەندام، یەکگرتوو ئەندامێک و یەکێتیش ئەندامێکی لەلیژنەکە هەیە، پارتی یەکێتی بەدەنگدان بەکۆی پرۆژە یاسای بودجە تۆمەتبار دەکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕونیکردەوە، تێبینییان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق هەیەو تەنها دوو بابەت پێشنیاری ئەوان بووە، بابەتی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و بابەتی دادپەروەری لە نێوان پارێزگاکان، تا گەرەنتی هەبێت پارێزگایەک هەست بە ماف خوراوی نەکات.

هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەفرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا، لەکاتێکدا ڕێگریشی لێکراوە لەدەرهێنانی نەوت لەکێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵەو شێخان کە پێشتر دوو سەد هەزار بەرمیل نەوتییان لەلایەن هەرێمەوە لێدەرهێنراوە.

هەرێم کەمال ئاغا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات "ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەم مادەیە هەیە، چۆن داوای 400 هەزار بەرمیل لە نەوت بکرێت و لەولاشەوە دەرهێنانی نەوتی لە بیرە نەوتییەکان لێ قەدەغە بکرێت، دەکرێ ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن."

وتیشی، "بەهۆی بایکۆتکردنی تیمی یەکێتی لەحکومەت، تیمی پارتی گفتووگۆیان لەگەڵ عێراق کردووەو ئەوان بەرپرسیارن، بۆیە دەبێت هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم مادانە بدەین."

سەبارەت بەو برگەیەی تایبەتە بەسەرپەرشتیکردنی دەروازە سنورییەکان لەلایەن عێراقەوە، هەرێم کەمال ئاغا وتی، "فرۆکەخانەو دەروازە سنورییەکان بابەتی دەستورین، بەڵام ئەو لیوا کوردانەی پۆلیسی سنور کە سەر بەعێراقن و ناوچە سنورییەکان دەپارێزن کوردن."

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×