دادوەر ناز نوری: لە کوردستان یاساکان جێبەجێ ناکرێن
  2023-05-29       325       

سەرۆکی پێشوتری داواکاری گشتی سلێمانی رایگەیاند، حزبایەتی هێندە ڕۆچوەتە ناو دامودەزگا جیاوازەکانی هەرێم بە دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانانیشەوە، گەیشتوەتە ئاستێک "دەسەڵاتی یاسادانان ناتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن یاساش دەربکات"، دەشڵێت، "بەندە یاساییەکان گرفتییان نییە، گرفت لە جێبەجێکردنی یاسادایە، یاسایەک کە چەندین ساڵ لەمەوبەر دانراوە، کەچی لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی دونیای پێشکەوتودا دەگونجێت، گرفتەکە جێبەجێ نەکردنی دەقە یاساییەکانە".

ئاوێنە: دادوەر ناز نوری، سەرۆکی پێشوتری داواکاری گشتی سلێمانی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە دەسەڵاتە گرنگەکانی هەر وڵاتێک، کەچی لە هەرێمی کوردستان تەنها دەسەڵاتی جێبەجێکردن خاوەن دەسەڵاتە، تەنانەت دەسەڵاتی یاسادانانیش ناتوانێت بەبێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن یاساش دەربکات".

دوێنێ یەکشەممە، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بۆ متمانەدان بە دو ئەندامی نوێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم کۆبوەوە و لەکۆی هەشت ئەندامی ئەنجومەنەکە، تەنها پێنج ئەندام ئامادەی کۆبونەوەکە بون.

ئەنجومەنی دادوەری متمانەی بە دو ئەندامەکەی کۆمسیۆن بەخشی و نوسراویان ئاڕاستەی پەرلەمان کرد، لەکاتێکدا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەری، تەواوبونی نیساب پێویستی بە (6) دادوەرە و بە (5) دادوەر نیساب تەواو نابێت.

دادوەر ناز نوری، دەڵێت، "ئێمە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ڕەچاو ناکەین، بۆ حزب ئیش دەکەین، ململانێی حزبیش تازە نییە و دەمێکە تۆوی چێنراوە و ئێستا بەروبومەکەی دەدورینەوە".

متمانە بەخشینی ئەنجومەنی دادوەری بە "بێ تەواوبونی" نیسابی یاسایی بە دو ئەندامەکەی کۆمیسیۆن، لە کاتێکدایە یەکێتی و پارتی ململانێیانە لەسەر یاساییبونی دوا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، یەکێتی پێیوایە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرتوە و دانیشتنەکەی پەرلەمان شەرعیەتی نەماوە، پارتیش دەڵێت دانیشتنەکە یاسایی بوە و بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمیسیۆن کارا کراوەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتریش سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم، نیگەرانی خۆی لە خراپی دۆخی هەرێم ڕاگەیاندبو.

حاکم کاوە فەتحی، سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبو، "بەداخەوە باروودۆخی سیاسی هەرێم بێ متمانەیی دروستکروە، پێویستە سەرکردایەتی دو حزبەکە پێکەوە دانیشن و هەوڵی گێڕانەوەی متمانە بۆ خەڵک بدەن".

سەرۆکی پێشووتری داواکاری گشتی سلێمانی، کە یەکێکە لە دادوەرە دیارەکانی هەرێمی کوردستان و 13 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی "هەبونی تێبینی لەسەر دۆخی دادوەری" دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە، دەڵێت، "ئێمە 30 ساڵە بەرژەوەندی نەتەوەییمان وەلا ناوە و سەرقاڵی حزبایەتین، بڕۆ لە گەنجی تەمەن 15 ساڵ بپرسە نازانێت کوردایەتی چییە؟".

هەروەها وتیشی، "بەندە یاساییەکان گرفتییان نییە، گرفت لە جێبەجێکردنی یاسادایە، یاسایەک کە چەندین ساڵ لەمەوبەر دانراوە، کەچی لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی دونیای پێشکەوتودا دەگونجێت، گرفتەکە جێبەجێ نەکردنی دەقە یاساییەکانە".


هەمو جارێک لە کاتی قوڵبونەوەی ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتی دا، بە تایبەت لەسەر ئەو دۆسیەیانەی یاسایین، مشتومڕ لەسەر سەربەخۆبون و نەبونی دەسەڵاتی دادوەری دروست دەبێتەوە.

متمانەدانی ئەنجومەنی دادوەری بە دوو ئەندامە نوێیەکی کۆمیسیۆن بە "بێ تەواوبونی نیسابی یاسایی" ئەنجومەنەکە، جارێکی تر "تیری" ڕەخنەگرانی ئاراستەی ڕو لە دەسەڵاتی دادوەری کردەوە و ئەو دەسەڵاتەی ڕوبەڕوی هێرشی لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانیش کردەوە، کا ناڕازین لە بڕیاری ئەنجومەنەکە.

دادوەر ناز نوری باسی لەوەشکردوە، "دادوەر و داواکاری گشتی لە وڵاتانی پێشکەوتو حکومەت دەهێننە بەردەم دادگا گەر تۆمەتبار بێت بە گەندەڵی، کەچی لە هەرێم دەسەڵاتی ئەمڕۆی داواکاری گشتی بچوکترین دەسەڵاتە لە وڵاتدا و هیچ ووزەیەکی تێدا نەهێڵراوە".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×