ده‌میرتاش: له‌ 87 ناوچه‌ ده‌نگه‌كانمان كه‌میكردووه‌
  2023-05-31       808       

سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، له‌ وتارێكدا ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ده‌په‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت هەموو وتار و نامەکانم کە ناردومن بەرەو لاى خۆم هاتونەتەوە، ده‌شڵێت شەن و کەوی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شار بە شارم کرد، لە 87 ناوچەى هەڵبژاردن دەنگەکانمان کەمى کردووە.

ئاوێنه‌: ده‌میرتاش له‌ وتاره‌كه‌یدا باسی چه‌ند بابه‌تێكی كردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ پرۆسەی هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگیان تێپەڕاند، گروپێک کە دەوڵەتی گرتۆتە دەستی، هەمو تواناکانی دەوڵەتی بەبێ سنور بەکارهێنا، بەبێ رەچاوکردنی هیچ بەهایەکی ئەخلاقی کەمپەینێکی ناوزڕاندنی بەڕێوەبرد، یاری بە سندوقەکان کرد.

ده‌ڵێت بەڵام بەستنەوەی سەرنەکەوتنی پارتەکەمان وەکو پێویست لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تەنها بەم هۆکارانە تەنها ئاسانکارییە بۆ خۆمان. ده‌شڵێت سەرەڕاى هەموو ئەو ئاڵنگارییانە چوینە پێشبڕکێى هەڵبژاردنێکەوە کە زیاتر لە 63 ملیۆن دەنگدەرى هەبوو و توانیمان سێیەم گەورەترین گروپى پەرلەمانى دروست بکەین و لەسەر پێى خۆمان بوەستین و خاوەندارێتى لە خەڵکەکەمان بکەین.

دەمیرتاش لە وتارەکەیدا رەخنە لە خۆیان و حزبەکەى دەگرێت و دەنوسێت،" کەموکورتى هەیە، پێنج ساڵە دەمەوێت ئەم راستیانە باس بکەم و بۆ بارەگاى گشتى هەپە نوسیومن، بەڵام هەموو وتار و نامەکانم کە ناردومن بەرەو لاى خۆم هاتونەتەوە!.
ئاماژە بەوەش دەکات زۆر شت هەن  دەمەوێت لە رێى رێکخراوەییەوە کاریان پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە کار بە رێکخراوەییون ناکریت.

دەقى وتارەکە:

هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیا لە روانگەی هەدەپەوە: بۆچی وەهای لێهات؟
نوسینى: سەڵاحەدین دەمیرتاش
وەرگێرانى: رێدار فەتیح

پرۆسەی هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگمان تێپەڕاند، گروپێک کە دەوڵەتی گرتۆتە دەستی، هەمو تواناکانی دەوڵەتی بەبێ سنور بەکارهێنا، بەبێ رەچاوکردنی هیچ بەهایەکی ئەخلاقی کەمپەینێکی ناوزڕاندنی بەڕێوەبرد، یاری بە سندوقەکان کرد.
بەڵام بەستنەوەی سەرنەکەوتنی پارتەکەمان وەکو پێویست لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تەنها بەم هۆکارانە تەنها ئاسانکارییە بۆ خۆمان.
شەن و کەوی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شار بە شارم کرد، لە 87 ناوچەى هەڵبژاردن دەنگەکانمان کەمى کردووە. مومکین نییە ئەم دابەزینە بە یەک نوسین باس بکرێت. دەبێ ‌حزب گفتوگۆیەکی فراوان و قوڵ ئەنجام بدات و بۆ ئەمەش پێویستی بە شیکردنەوەی مەیدانییە.
ئەم بۆچونانەم کە دەریان دەبڕم باس لە بەشە پراکتیکییەکەی هەڵبژاردن ناکات وەکو ستراتیژی هەڵبژاردن و تەکتیکەکانی، هەڵبژاردنی کاندیدەکان و کارە مەیدانییەکان، بەڵکو زیاتر لە چوارچێوەیەکی گشتیدا دەریان دەبڕم.
سەرەتا پێویستە ئەوە بوترێت، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گەورەکانی جوڵانەوەی سیاسیی دیموکراتی کورد ئەوەیە کە تەنها حزبی هەڵبژاردن یاخود جوڵانەوەی هەڵبژاردن نیە. چەندین ساڵە خەباتی گەل بەردەوامە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ئەو حزبەشی نوێنەرایەتیی ئەو خەباتە دەکات بەپێی دۆخەکان شێوەی دەگۆڕێت و رەنگی خۆی وەردەگرێت.
بەڵام لە هەمان کاتیشدا چووە پێشبڕکێی هەڵبژاردنێکەوە کە ٦٣ ملیۆن دەنگدەری هەبو و توانی سێیەمین گەورەترین گروپی پەرلەمانی دروست بکات. ئەگەر لێرەوە سەیری بکەین، سەرەڕای هەمو زەحمەت و زۆرییەکان، حزبێک هەیە کە توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ. دەبێ تەقدیری ئەم خاوەندارییەی خەڵکە بکەین لە حزبمان.
هەڵبژاردنەکان مەسەلەی بون یاخود نەبون نین بۆ جوڵانەوەی سیاسیی کورد، لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەرچی هەڵبژاردنی پێشو لە هەمو لایەکەوە زۆر گرنگ بو، جوڵانەوەی سیاسیی کورد زۆر درەنگ ئەمەی زانی، کاتێکیش ئەمەی کرد کار لە کار ترازابو.
حزبمان تەنها مانگێک بەر لە دەسپێکردنی دەنگدان دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن کرد، ئەوەش بە نیوەناچڵ مایەوە.
دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە پێنج ساڵە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەن
دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە ساڵی 2014وە، واتا لەو رۆژەوەی پلانی شەڕ و شێواندنیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە تا ئەمڕۆ بەتایبەتیش ئەم پێنج ساڵەی کۆتایی ئاندازیارانە ستراتیژەکان دادەنێن.
دەسەڵات دەستی بەسەر هەر توانایەکی دەوڵەتدا گرتوە تا کۆتایی لە دژی ئۆپۆزیسیۆن بەکاری هێنا و تەنانەت لە دژی هەندێ گروپی خۆشی بەکاری هێنا و پروپاگەندەیەکی پیسی ئەنجامدا.
دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەژێر ناوی نەتەوە و ناوچەگەرێتی، خەریکی دروستکردنی تورکبونێکن بە ناوی تورکبونی ئاکەپەیی. بۆ ئەمە، ساڵانێکە بە باسکردنی مێژویەکی شێوێندراو لە دەیان کەناڵ، ئەو زنجیرانەی باس لە قارەمانەکان دەکەن، چالاکیی تەریقەتەکان، پرۆگرامەکانی ژنان و مەگەزین و ئایینی و هەواڵی، ئەمانە و چەندین ئامرازی تر بە چڕوپڕی بەکار هێنران. ویستیان جۆرە مرۆڤێکی تازە دروست بکەن.
بە ئەنجامدانی ئەمەش کلتوریان روخاند. کوتلەیەکیان دروست کرد کە باوەشیان بە ناعەدالەتی و دزی و ناڕێکی و زوڵم و درۆدا کرد وەک بڵێی ئەمانە لە شەرتەکانی ئیسلامن. هەندێک لە ئەندامانی ئەم گروپە جار و بار لە راپۆرتە تەلەڤیزیۆنییەکاندا دەبینن.
ویستیان ئەو گروپەی باسم کرد لە گەڕەکێکدا بهێڵنەوە. لەو گەڕەکەدا هەمو توانا دەوڵەتییەکان بەکارهێنرا و کردیان بە شوێنێکی ئیسراحەت بۆ خۆیان.
هەمو ئەوانەی لە گەڕەکانی تر بون بە تیرۆریست ناسێندران. ئامانجیان لەمە، نەگەیشتنی دەنگی گەڕەکەکانی تر بو بەو گروپەی لە گەڕەکەکەی خۆی دروستی کردبو.
لە هەڵبژاردنێکدا کە 63 ملیۆن کەس بەشداریی تێدا دەکات دەڵێیت "سەدا ١٥ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەست دەهێنم و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیشدا کاندیدی ئۆپۆزیسیۆن سەردەخەم" بەڵام تەنها مانگێک بەر لە دەنگدان دەست بە ئامادەکارییەکانت دەکەیت، ئەوا سەرکەوتو نابیت.
لەم رێگەیەوە پێم باشە هەندێ شت بە رونی باس بکەم. پێنج ساڵە دەمەوێت ئەم راستیە باس بکەم لە رێگەی ئەو نامانەی بۆ بارەگای گشتیی هەدەپە نوسویمن و ئەو نامە و وتارانەی بۆم ناردون. بەڵام هەمیشە دەنگم دیسانەوە دەهاتەوە بۆ لای خۆم.
زۆر شت هەبون کە رویان دا، بەڵام لەبەر ئەوەی بە راستی نازانم بخرێتە بەرچاوی خەڵک، هەوڵ دەدەم لە رێی رێکخراوەییەوە کاریان پێ بکرێت گەرچی بەداخەوە کار بە رێکخراوەییبون ناکرێت.
رەنگە خەڵکانێک تێنەگەیشتبن، بەڵام لە ١ی ١ی ٢٠٢٣ بەو توانە سنوردارەی هەمبو دەستم بە کەمپەینی هەڵبژاردن کرد. ئامانجیشم لەمە خستنە دۆخی ئەلارمی گروپ و کوتلە و رێکخراوەکان بو.
لە زیندانەوە هەوڵێکی زۆرم دا بۆ گەیشتن بە خەڵکێکی زۆر. نامە و کارتم بۆ نزیکەی پێنج هەزار کەس نارد، هەزاران تویت و سەدان راپۆرت و وتارم بۆ کرانەوەی هەدەپە نوسی. چونکە بۆشاییەکی زۆر هەبو کەسیش هەوڵی نەدەدا ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە، ئەگەریش هەوڵی بدایە سەرنەدەکەوت. بەڵام هەندێ هاوڕێی گەڕەکەکەی خۆمان لەباتی ئەوەی لەم هەوڵانە تێبگات هەوڵیاندا بە بیری ئەوە " خۆی دەهێنێتە پێشەوە" سەرکوتمان بکەن. لە کاتێکدا ئەگەر کەم و کوڕییەک هەبێت، تەنها بە رەخنە و پێشنیاز چاک دەبن ناک بە هێڕشی بێوەفایانە.
لە ئەنجامدا، من هەوڵم بۆ سەرکەوتنی حزب و گەلی خۆم دا. بەداخەوە نەمانتوانی لە مەیدانی سیاسەتدا پێکەوەبون و ئەوەی دەمانەوێت بەدەستی بێنین ئەمەش بەهۆی ئەوانەوەیە کە لە بیناکانی حزبدا دادەنیشتن و باسی ئەم و ئەویان دەکرد و قسەی بەتاڵیان دەکرد. لەبەر ئەمە من بەر لە هەر کەسێک من کەم و کوڕیی خۆم قبوڵ دەکەم. منیش دەبو هەوڵی زیاتر بدەم، لێک نزیکبونەوە و پێکەوەبونی زیاتر دروست بکەم. هەمو هاوڕێیانم پێویستە ئەمە قبوڵ بکەن و رەخنە لە خۆیان بگرن
ئەگەر ئەم تابلۆە با باشی چارەسەر نەکرێت دابەزین بەردەوام دەبێت
هەروەکو چۆن بە باشی شیکردنەوەی بۆ دۆخی سۆسیۆلۆژیی کۆمەڵگای توکیا نەبو، جوڵانەوەی سیاسیی کورد دور بو لە خوێندنەوەیەکی راست بۆ گۆڕانکارییەکانی گەلی کورد.
بەو سیاسەتەی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە دوای "هەڵگەڕانەوە"کەی ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٦ پەیڕەوی دەکات، سیستەمێکی زۆر نزم خرایە شوێنی سیستەمی کلتور و راگەیاندن و ژن و گەنجان و بەڕێوەبەرێتییە خۆجێییەکانمان. لە هەموو شوێنێک بێکاری و نەبونی گەلەکەمانی پەرێشان کرد، تەنانەت ماددەی هۆشبەریان گەیاندە مناڵی بچوک. ئەو گەنجانەی پێشتر لە کاتی کارکردنی حزبدا رێزیان لێدەگیرا، لە ناکاوێکدا بێکەس و بێ خاوەن مانەوە. هەزاران گەنجمان هەیە کە گیرۆدەی ئەم دۆخە بون.
گروپی خۆڵەمێشیی کوردیش کە هیچ ئامانجێکی سیاسییان نییە، لە ترسی بێکار بون و تێکچونی بارودۆخیان بەپەلە گەڕانە دواوە.
نە شۆڕشگێڕی نە ریفۆرمخوازی نەیتوانی شوێنی ئەمە بگرێتەوە. ئەوانەی ئەم بۆشاییەیان پڕکردەوە بە قسە رادیکاڵ و بە کرداریش لەسەر مێزی "یاریی ئۆکەی" هەڵنەدەستان. هەندێ کەس کە جگە لە هوتاف هیچیان نەبو، رێگەیان بۆ ئەم شکستە کردەوە. لە پاشا زیاتر وەکو پاشا خۆیان دەنواند و بون بە حاکمی دۆخەکە.
بۆیە ئەگەر ئەم تابلۆیە چارەسەر نەکرێت دابەزین بەردەوام دەبێت، ئێمە ئیتر دەبێت بچوکترین کێشە تا گەورەترین کێشەی محللەتەکەمان بکەینە رۆژەڤی سەرەکی و سیاسەتی چارەسەری بۆ بگرینە بەر.
هیچ کەسێک لە داواکاریی مافی زمان و ناسنامە و کلتوری ئەو کوردەی لەگوندێکی شەمزینان دەژی و ئەو کوردانەشی لە ئیستانبول دەژین وازی نەهێناوە. لەگەڵ ئەمەشدا هەردوکیان دەچنە سایتی بازاڕیی ئەمازۆن و سەیری جل و بەرگ و پێڵاوی جوان دەکەن، گوێ لە میوزیکی هەمو زمانەکان دەگرن و سەیری رێستۆرانت و کافێکان دەکەن. ئەمانە هەمو بە داخ و ئاه و حەسرەتەوە سەیر دەکەن. ئەو کوردەی پێشا تەنها چەند هەڵبژاردەیەکی کەمی پێڵاو لەبەرچاوی دەبو، ئێستا بێسنور بژاردەی کڕینی پێڵاوی هەیە بەڵام پارەی پێ نییە. ناتوانین ئەم راستییە نەبینین و ناشتوانین تەسلیمی ئەمە ببین.
هیچ کەسێک ئیتر بە هوتاف کێشان ناچێتە پێش. ئەگەر نەتوانن مۆدێرنیتە دیموکراتی بە خەڵکێک بگەیەنن کە مۆدەرنیتەی سەرمایەداری هێندە چۆتە ناخیەوە و نەتوانن پێشنیازی ژیانێکی شەرەفمەندانە و جوان بخەنە بەردەستیان، ئەوا روخانی کۆمەڵگە دەبێتە شتێکی حەتمی.
دەبێت دۆخەکە زۆر بە باشی شیبکەینەوە و رێکاری دروست بگرینەبەر. زەنگەکان ماوەیەکی زۆرە لێدەدەن، ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەش کۆتا ئاگاداری بو. رێگای بێدەنگکردنی زەنگەکان و هەڵکردنی گۆرانییەکانی سەرکەوتن تەنها بە شیکردنەوەی راست و کرداری راست دەبێت. دەبێت پرۆسەیەکی نوێی حزبی بە یارمەتیی ئەو رەخنە و پێشنیازانەی ئاراستەی حزبمان دەکرێت دەست پێ بکەین. 
دەبێت گوێ نەدەینە ئەو کەسە نزمانەی لە گۆشەیەکدا دانیشتون و پلار دەگرنە ئێمە و دژایەتیمان دەکەن و بە گرنگیان وەر نەگرین. ئەو رەخنانەی بونیادنەر نین و یارمەتیی دوبارە دروستکردنەوە و تێکۆشانەکانمان ناکەن یچ گرنگییەکیان نیە. دەبێت ئەمەش لەبەرچاو بگیرێت. من دڵنیام لەوەی گەلەکەمان ئەمە بە دروستی ئەنجام دەدات.
لە ئەنجامدا، سەرەڕای هەمو شتێک، هێشتا خەباتێکی پڕ لە هەوڵ و فیداکاری و زەحمەت لە ئارادایە. باوەڕیم وایە دور دەبن لەوانەی زیان بەم خەباتە دەگەیەنن و وەڵامی ئەم دۆخە بە حەملەیەکی نوێبونەوە و خۆڕێکخستنەوە دەدەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×