جۆرج وسوف، دۆستی كوردو هاوڕێی بەشار ئەسەد
  2019-07-19       3203       

ئا: ئاوێنە



ئەمشەو جۆرج وسوف لەهەولێر كۆنسێرتێك بۆ هەوادارانی سازدەكات، ئەو هونەرمەندە ناودارەی عەرەب كە بەشار ئەسەد بە"تاجی سەر"ی ناودەبا‌و بەكوردیش دەڵێت "خۆزگە كورد بومایە".



قەدەری جورج وسوف-ی هونەرمەند وا بو، كە بەر لەئەنجامدانی كۆنسێرتەكەی، روداوێكی کوشتن هەمو سەرنجەكان بەرەو هەولێر رابكێشێ‌، كە ئەویش كوشتنی دبلۆماتكارێكی تورك بو لەریستۆرانتی هۆقەباز، شەوێكیش بەر لەوادەی ئەنجامدانی كۆنسێرتەكەی، كەمپی مەخموری نزیك هەولێر لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردومان بكرێت.


جۆرج وسوف، كە زۆربەی ژیانی لەنێوان دو وڵاتی جەنگزەدەی وەك لوبنان‌و سوریادا بەسەربردوە، بەرلەوەی بگاتە هەولێر وتی "دەچمە ئەوێ‌ بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێم‌و كەشێكی پڕ لەشادی دروستبكەم بەدور لەسیاسەت".



ئەو كە تەمەنی 58 ساڵە‌و بۆ ئەوەی بەپێوە بوەستێ‌و بڕوات بەڕێدا، دەبێ هاوكارێك دەستی بگرێ‌و لەكاتی قسەكردنیشدا زۆر بۆ خۆی دەهێنێ‌، ئەمشەو لەهەولێر بەهەوادارانی دەڵێت "هاتوم بۆ ئەوەی پێتانبڵێم هێشتا توانای گۆرانی وتنم ماوە".

جورج وسوف، لەتەمەنی دە ساڵییەوە گۆرانی دەڵێت، تەمەنی 16 ساڵ بو كە بەوتنی گۆرانی "الهوی سلطان" ناوبانگی دەركرد.


كە لەو تەمەنەدا بۆ ئەنجامدانی كاری هونەریی لەسوریاوە رویكردبوە لوبنان‌و وتی "ئامادەم لەسەر شۆستەكان بنوم لەپێناو هونەرەكەمدا".


جۆرج سەرەتا لەگۆرانی وتنی زەماوەند‌و كاباریەو ئوتێلە گەورەكانەوە دەستیپێكرد، بەڵام هەرزو دەنگی ئەم هەرزەكارە سەرنجی كەسانی وەك رۆژنامەنوسی ناودار جۆرج یەزبك‌و هونەرمەندی گەورەی لوبنان وەدیع سافی راكێشا‌و كارێكیان كرد كە  بایەخ بە بەهرەكانی ئەم لاوە بدرێ‌، كە ناوی "هونەرمەندی موجیزە یان مناڵی موجیزە"یان بەسەردا دابڕی‌و عومەر شەریف-یش بە"سوڵتانی گۆرانی" ناوی برد.


 پاشان ئاوازدانەری ناوداری عەرەب، بەلیغ حەمدی ئاوازی جوانترین گۆرانیەكانی بۆ دانا‌‌و ناوبانگێكی گەورەی دەركرد‌و دەیان كۆنسێرتی لەوڵاتانی عەرەبی‌و ئەمەریكاو كەنەداو ئوستورالیا بۆ ساز کرا.


ساڵی 2008، لەلایەن پۆلیسی سویدییەوە لەستۆكهۆڵم دەستگیر دەكرێ‌، بەو پێیەی 30 غرام كۆكایینی پێبوە. زۆرجار ئەم هونەرمەندە تۆمەتبار دەكرێ‌ بەوەی ئالودەی ماددە هۆشبەرەكانەو خۆیشی ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە.


ساڵی 2011، توشی جەڵتەی مێشك دەبێ‌‌و بۆ ماوەی زیاتر لە3 ساڵ لەكاری هونەری دوردەكەوێتەوە. بەمەبەستی چارەسەر كردن زۆربەی وڵاتانی عەرەبی‌و ئەوروپی پێدەكرێ‌، تا ساڵی 2015 جارێكیتر تر دەردەكەوێتەوە.


یەكێك لەهەڵوێستە سەرنجڕاكێشەكانی جۆرج لەكاتی سەرهەڵدانی راپەڕینی گەلی سوریادا بەرامبەر بە بەشار ئەسەد، دەربڕینی دڵسۆزیی‌و ئەمەكداریی بێ‌ سنوری خۆی بو بەرامبەر بەئەسەدو بنەماڵەو سوپای ئەو رژێمە.


ئەو كەسێكی نزیك لەخێزانی ئەسەدو رامی مەخلوفی خاڵی بەشار ئەسەدە، دژی هەمو ئەو هونەرمەندانەیە كە لەبەشار ئەسەد‌و رژێمەكەی ناڕازین‌و بە"خائین" ناویان دەبات.


وسوف دەڵێ‌ "جیهان رێزم لێدەگرێ‌ لەبەرئەوەی وەفادارم بۆ نیشتمان‌و گەل‌و وڵات‌و سەرۆكەكەم، كە هەر بەسەربەزیی دەمێننەوە‌و لەئەسەدیش باشترمان دەستناكەوێ‌".


دەشڵێت "بەشار ئەسەد سەرۆكمەو تاجی سەرمە".


جۆرج وسوف دو جار هاوسەرگیریی كردوەو لەهەردو هاوسەرەكەشی جیابوەتەوە، باوكی چوار منداڵە سێ‌ كوڕ "ودیع، حاتم، جورج جونیور"‌و یەك كچ "عیون". بۆیە بە"ئەبو وەدیع" بانگ دەكرێ‌‌و خۆیشی دەڵێ‌ "ئەم ناوەم لا پەسەندە".


جۆرج كە بەبنەچە سەر بەخێزانێكی مەسیحی شاری تەرتوسە لەسوریا‌و ئێستا لەقەتەر دەژی، پێشتر ئەو پاگەندانەی رەتكردەوە كە باسیان لەگۆڕینی ئایینەكەی دەكرد بەو پێیەی لەپێناوی هاوسەری دوەمیدا لەمەسیحییەوە بوە بەموسڵمان.


ئەو كە هەردو هاوسەرەكەی موسڵمانی سوننە بون، دەڵێ‌ "بەلامەوە ئایین گرنگ نییە مرۆڤ گرنگە، من ئیلاهییەكی عەلمانیم، من مەسیحی نیم، بەڵام سروتەكان دەزانم‌و دەتوانم بانگیش بدەم‌و تاتۆیەكی مریەمیش لەسەر دەستم كێشراوە".



جۆرج وسوف، چەندین جار رێزو خۆشەویستی خۆی بەرامبەر بەگەلی كورد دەربریوەو وتویەتی "پەیوەندییەكی پڕ لەسۆزو خۆشەویستی بەكوردمەوە دەبەسـتێ‌".


ساڵی رابردوش گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكراوەیە كە ئاهەنگی لەدایكبونی 56 ساڵەی لەگەڵ كۆمەڵێك لەهاوڕی كوردەكانی دەگێڕێ‌‌و بەدڵخۆشییەوە پێیاندەڵێت "خۆشم دەوێن‌و خۆزگە كورد بومایە".


جۆرج وسوف كە درەوشاوەترین ئەستێرەی ئێستای هونەری عەرەبییە‌و سی ئەلبومی گۆرانی هەیە، هەوادارێکی زۆری لەعێراق‌و كوردستان هەیە. ئەمشەو كاتژمێر هەشتی شەو لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا لەهەولێر بۆ ماوەی 3 كاتژمێر لەكۆنسێرتێكدا بەناوبانگترین گۆرانیەكانی دەڵێت.


ئەو لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی "خۆشحاڵم بەوەی بۆ یەكەمجار سەردانی هەولێر دەكەم‌و ئاهەنگی گۆرانی ساز دەكەم".

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×