سوید تاوتوێی یاسایەک دەکات بۆ ڕێگریکردن لە سوتاندنی قورئان
  2023-07-08       482       

گۆنار سترۆمەر، وەزیری دادی سوید بە ڕۆژنامەی ئەفتۆنبلێتی راگەیاند، حکومەتی سوید تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئایا دەکرێت یاسایەک بگۆڕێت بۆ ڕێگریکردن لە خەڵک تاوەکو بە ئاشکرا قورئان نەسوتێنن یاخود نا، لە کاتێکدا کە سوتاندنی قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان لەو وڵاتەدا زیانی بە ئاسایشی سوید گەیاندوە.

ئاوێنە: هەفتەی ڕابردو کۆچبەرێکی عێراقی لە بەردەم مزگەوتێکدا لە ستۆکهۆڵم قورئانی سوتاند و ئەوەش توڕەیی موسوڵمانانی سەرانسەری جیهانی لێکەوتەوە و پاپا فرانسیسیش سەرکۆنەی کرد. دەزگای ئاسایشی سوید وتی، ئەو جۆرە کارانە پارێزراویی وڵاتەکە کەم دەکەنەوە.

پۆلیسی سوید لە ماوەی ڕابردودا لەم ساڵدا چەندین داواکاری بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان ڕەت کردۆتەوە کە تیایاندا خۆپیشاندەران داوایان کردوە بتوانن قورئان بسوتێنن، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ هۆکاری ئەمنی، بەڵام لەو کاتەوە دادگاکان زاڵ بون بەسەر بڕیارەکانی پۆلیسدا و دەڵێن ئەو کارانە لەلایەن یاساکانی ئازادی ڕادەربڕینەوە لە سوید پارێزراون.

وەزیری دادی سوید وتی، حکومەت لە دۆخەکە دەکۆڵێتەوە و دەیەوێت بزانێت کە ئایا پێویست دەکات یاساکە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی زیاتر بدرێت بە پۆلیس تاوەکو بتوانێت ئەو داواکارییانە ڕەت بکاتەوە یاخود نا.

سترۆمەر بە ڕۆژنامەکەی وت "دەبێت لە خۆمان بپرسین کە ئایا ئەم یاسایەی ئێستا باشە، یاخود ئایا هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی دوبارە پێیدابچینەوە."

وتیشی "دەتوانین بڵێین سوتاندنی قورئانەکە لە هەفتەی ڕابردودا مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆمان دروست کردوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×