بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌رۆكی توركیا میوانداری هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بكات.
نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی توركیا ڕایگه‌یاند كه له كۆتایی مانگی حه‌وت مه‌حمود عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی و بنیامین نه‌تانیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل به مه‌به‌ستی دانوستان له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن.
بڕیاره له 25ی مانگی حه‌وت، توركیا میوانداری مه‌حمود عه‌باس بكات و له 28ی هه‌مان مانگیشدا میوانداری بنیامین نه‌تانیاهو بێت.
نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه كه "ئه‌و سه‌ركردانه له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆكی توركیا سه‌ردانی وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ن بۆ گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا و تاوتوێكردنی پرسه‌كانی ئێستای ناوچه‌كه و جیهانیش".
سه‌ردانه‌كه‌ی نه‌تانیاهو بۆ توركیا له‌وه‌تای ساڵی 2008 وه یه‌كه‌م سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیله بۆ ئه‌م وڵاته. په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و توركیا له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا به‌ره‌و باشتربوون ڕۆیشتووه.
گه‌شتی سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان له‌لایه‌ن توركیاوه پلانی بۆ داڕێژراوه و گه‌شته‌كه‌ش له كاتێكدایه كه گرژیی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان، به تایبه‌ت له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا ڕووی له زیادبوون كردووه.