دوو شه‌ممه‌, 19 ی ئایار , 2025
مەسرور بارزانی: تا كاتی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەمو مانگێك موچەمان دابەشكردوە
  2023-08-14       666       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئەو کاتەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا، هەمو مانگێک موچەیان دابەشكردوە. دەشڵێت، لە چەند رۆژی داهاتودا جارێکی دیکە وەفدێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بگاتە رێککەوتن.

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم،  لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری "کۆرنیشی دەلال" لە زاخۆ، لە وتەیەكدا لەبارەی پەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر، وتی "لە ماوەی رابردودا چەندین شاندمان ناردوەتە بەغدا بۆ ئەوەی لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات. چەندین رێککەوتنمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و حکومەتی عێراق ئەنجامدان، بەڵام بەداخەوە دواتر ئەم رێککەوتنانە لابران یان دەستکاریکران و بیرۆچونی دیکە لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان فەرزکران."

وتیشی"سەرەڕای ئەمەش هەوڵمان داو بەردەوامیش هەوڵدەدەین تا دوا قۆناغ لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک کە بەرهەمەکەی لە سودی هەمو خەڵکی عێراق و بەتایبەت خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر شایستە داراییەکانمان، ماف، دەستکەوتە دەستورییەکانمان بکەین."

جەختیشی كردەوە"بەردەوامدەبین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانمان و بەردەوامدەبین لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی ئاشتیانەو کێشەکان چارەسەبکرێن. لە ماوەی چەند رۆژی داهاتودا جارێکی دیکە شاندیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بگاتە رێککەوتن، سەردانی بەغدا دەکات."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا مەسرور بارزانی وتی"پێش ئێستا گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرا، موچە دابەش ناکات یان لە کاتی خۆیدا موچەی دابەشنەکردوە، من بە پێویستی دەزانم بیڵێم، تا ئەو کاتەی رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا، بە شانازییەوە هەمو مانگێک موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان دابەشکردوە، بە خۆشی بێت، زەحمەت بێت یان بە هەر جۆرێک بێت ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانمان بو هەڵگرت و لە خزمەتی خەڵکی خۆماندا بوین."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێستاش ئەو فشارانەی لەسەرمان هەن، لەوانەیە دوبارە بۆ ئەوە بێت، ئێمە واز لە هەندێک لە مافە دەستورییەکانمان بهێنین. بەڵام جارێکی دیکە دڵیناتان دەکەمەوە، واز لە مافە دەستورییەکانمان ناهێنین و بە پاڵپشتیی ئێوە و خوای گەورە بەردەوام دەبین لەسەر داکۆکیکردن لە مافەکانمان و گەشبینم لەگەڵ حکومەتی عێراق دەگەینە ئەنجامێکی باش و بتوانن لەکاتی خۆیدا بودجەی هەرێمی کوردساتن بنێرن و بابەتی بودجە نەکەنە بابەتێکی سیاسی و تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان نەکەن، کە بەداخەوە هەندێک جار بە بێ مەعنا بۆمان دێنە پێشەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×