"بۆ ئیدانەکردنی شەهیدكردنی چوار هاوڵاتی كورد لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی 2ی ئەیلول و دەستگیركردنی ژمارەیەك خۆپیشاندەری دیكە"، خۆپیشاندان لە کەرکوک دەستیپێکردەوەو داواش دەكەن دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، ژمارەیەکی لە هاوڵاتییانی کورد لە گەڕەکی شۆرجەی شاری کەرکوک دەستیان بە خۆپیشاندان كردەوە.
ئەوان دەڵێن، "خۆپیشاندانەكەیان بۆ ئیدانەی شەهیدكردنی چوار هاوڵاتی کوردی شارەکە و دەستگیرکردنی ژمارەیەك لە خۆپیشاتدەری دیكەیە كە لەسەر خۆپیشاندانەكانی رۆژی 2ی ئەیلولی كەركوك دەستگیركراون."
هەروەها داواش دەكەن، ئەو دۆخە سەربازییەی بەسەر كەركوكدا سەپێنراوە كۆتایی پێ بهێنرێت و سوپای عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە گەڕەكە كوردنشینەكانی شاری كەركوك بچنە دەرەوە.
هاوكات ئەوان داوای ئازادكردنی ئەو كەسانە دەكەن كە لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی 2ی ئەیلول دەستگیركراون.