فەلسەفە وەک دووبارەبوونەوەیەکی داهێنەرانە
  2023-10-15       1306       

نوسینی: ئالان بادیو

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

سەرەتا بە ئاماژە کردن بۆ یەکێک لە مامۆستاکانم دەست پێ دەکەم، ئەویش لویس ئاڵتۆسێری فەیلەسووفی مەزنە. لە ڕوانگەی ئاڵتۆسێردا لەدایکبوونی مارکسیزم لەدایکبوونێکی سادە و ئاسان نەبوو. مارکسیزم لە دوو شۆڕش یاخود دوو ڕووداوی هزریی گەورە لەدایک بوو. ڕووداوی یەکەم زانستییە؛ ئەم ڕووداوە بریتی بوو لە داهێنانی زانستی مێژوو لەلایەن مارکسەوە، ئەم زانستە ناوی "ماتەریالیزمی مێژوویی" بوو. ڕووداوەکەی تر، مۆرکێکی فەلسەفی هەیە، ئەویش داهێنانی تەوژمێکی نوێیە لەلایەن مارکس و کەسانێکی تری بێجگە لە مارکسەوە، بە ناوی "ماتەریالیزمی دیالەکتیک". کەواتە دەتوانین بڵێین فەلسەفەیەکی نوێ پێویستە بۆ ڕوونکردنەوە و دەستگیرۆیی کردنی لەدایکبوونی زانستێکی نوێ. فەلسەفەی پلاتۆش بە هەمان شێوە پێویست بوو بۆ دەست پێ کردنی ماتماتیک و، فەلسەفەی کانت پێویست بوو بۆ فیزیای نیوتن. هیچ جۆرە دژوارییەک لە هەموو ئەوانەدا نییە. لەو چوارچێوەیەدا، دەتوانرێت سەبارەت بە پێشکەوتن یاخود برەو سەندنی فەلسەفە، دوو شت بگوترێت.

ئەو گەشە کردنە، پشتی بە هەندێک ڕاستیی نوێ لە بڕێک لەو بوارانەدا دەبەست، کە ڕاستەوخۆ بە بڕێک بواری خاوەن مۆرکێکی فەلسەفی دانانرێن. بەتایبەتی پشت بە بڕێک ڕاستی لە بوارەکانی زانستدا دەبەستێت. لە نموونەی ماتماتیکی پلاتۆ یاخود دیکارت یاخود لیبنیتز، فیزیای کانت یاخود وایتهید یاخود بوبەر، مێژووی هیگڵ یاخود مارکس، زیندەوەرناسیی نیچە یاخود بێرگسۆن یاخود دولوز.

سەبارەت بەوەش کە من تەواو هاوڕام لەو بارەیەوە کە فەلسەفە پشت بە هەندێک کایەی بێجگە لە کایەی فەلسەفە دەبەستێت، ئەو کایانەشم بە "مەرجەکانی فەلسەفە" ناودێر کردووە، دەمەوێت زۆر بە سادەیی بڵێم من مەرجەکانی فەلسەفە، لە پێشکەوتنی زانستدا کورت ناکەمەوە. من ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە مەرج، لەژێر چوار جۆری شیانییدا پێشنیاز دەکەم کە ئەمانەن: زانست، هەروەها سیاسەت، هونەر و ئەڤین. کەواتە کارە تایبەتەکەی من، بۆ نموونە پشت بە چەمکێکی ماتماتیکیی نوێی ناکۆتا دەبەستێت، بەڵام هەروەها پشت بە بڕێک شێوەی نوێش لە سیاسەتی شۆڕشگێڕانە دەبەستێت، پشت بە هۆنراوە و هەڵبەستی مەزنی مالارمێ یاخود پێسوا یاخود ڕامبۆ یاخود ماندلسۆن یاخود واڵاس ستیڤنز و پەخشانی ساموێل بیکیت و ئەو شێوازە نوێیانەی ئەوین دەبەستێت، کە لە بەستێنی دەروونشیکاریی و وەرچەرخانی تەواوەتیی تێکڕای پرسیارە پەیوەستەکان بە ڕەگەز و جێندەردا پەیدا بوون.

هەر بۆیە دواتر دەتوانم بڵێم، گەشە کردنی فەلسەفە، هەڵکردنی پەیتا پەیتای فەلسەفەیە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکەیدا. بەم پێیە دەتوانیت بڵێیت فەلسەفە هەمیشە لە دواوەیە! فەلسەفە هەمیشە دەیەوێت بە گۆڕانکارییە نوێیە نافەلسەفییەکان بگاتەوە! لێرەدا دەبێت بڵێم: ئەوە ڕاستە! لەڕاستییدا ئەوە ئەنجامگیریی هیگڵ بوو. فەلسەفە باڵندەی داناییە، باڵندەی داناییش کوندەپەپووە. بەڵام کوندەپەپوو تەنها کاتی خۆرئاوا بوون دەدات لە شەققەی باڵ و دەفڕێت. فەلسەفە ئەو سیستەمەیە کە لە دەستپێکی شەودا و لەپاش ڕۆژێک لە زانین و ئەزموون و تاقیکردنەوە دێت. ئاشکرایە کێشەکەمان، مەبەستم لە کێشەی برەودانە بە فەلسەفە، چی تر چارەسەر کراوە. دوو دۆخ هەن، لە دۆخی یەکەمدا: ڕۆژێکی نوێ لە ئەزموونی داهێنەرانە لە بواری زانستەکان یاخود سیاسەت یاخود هونەر یاخود ئەویندا دێت. ئەو کاتیش ئێمە ئێوارەکۆڕێکی نوێ بۆ فەلسەفە ساز دەکەین. دۆخەکەی تر: شارستانییەکەمان شەکەت و ماندووە، تاکە داهاتووش کە دەتوانین وێنای بکەین، داهاتوویەکی تاریکە، داهاتوویەکە لە ئاوا بوونی بەردەوام. هەر بۆیە داهاتووی فەلسەفە، بریتی دەبێت لە مردنی لەسەرخۆی فەلسەفە، مردنی لەسەرخۆی لە شەودا. ئەو کات فەلسەفە لەو شتەدا کورت دەکرێتەوە کە دەشێت لە سەرەتای دەقێکی جواندا لەلایەن ساموێل بیکیت بخوێنرێتەوە بە ناوی "یاوەریی": "دەنگێکە لە تاریکیدا دەدوێت". دەنگێکی بێ واتا و بێ ئاراستە.

لەڕاستییدا لە هیگڵ و ئۆگۆست کۆنتەوە تا نیچە، هایدێگەر یاخود دێریدا، وێڕای ڤیتگنشتاین و کارناب، دەتوانین بیرۆکەی فەلسەفیی مەرگ و مردنی شیمانەیی فەلسەفە ببینین، بەهەرحاڵ لە شێوە کلاسیکییە میتافیزیکییەکەیدا. من لێرەدا دەتوانم وانەکەم ڕابگرم و وەک گۆرانیبێژی Punk (هیچ داهاتوویەک نییە) پرچم قیت وەستاوە، بڵێم: "لەپاش ئەوە هەموومان پێکی عەدەمییەت هەڵ دەدەین!" بەڵام هێشتا هەندێک ئاستەنگی هەن و ماون.

ڕەنگە ئاستەنگیی یەکەم ئێجگار شێوەکی و ڕەنگە سۆفستاییش بێت، ئەویش ئەوەیە کە بیرۆکەی کۆتایی فەلسەفە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بیرۆکەیەکی شێوەکی بوو. وێڕای ئەوەش، زۆر کات بیرۆکەیەکی ئەرێنی بووە. بۆ نموونە سەبارەت بە هیگڵ، فەلسەفە بۆیە لە کۆتایی خۆیدایەتی چونکە دواجار دەتوانێت لە چیەتیی ڕەهای زانین تێ بگات. سەبارەت بە مارکس، دەشێت فەلسەفە وەک لێکدانەوەیەک بۆ جیهان، بە کردنی گۆڕانێکی بەرهەست لە هەمان جیهاندا بگۆڕدرێت. سەبارەت بە نیچە، پێویستە پەتیکردنی نەرێنییانەی فەلسەفەی دێرین پایەماڵ بکرێت بە مەبەستی دڵنیابوونەوە و جەختکردنەوەیەکی چالاکی ڕاستەقینە کە "بەڵێ!"یەکی گەورەیە بۆ هەرچی شتێک کە هەیە. سەبارەت بە ڕستە میتافیزیکی و شیکارییەکانی ئێستاش، کە قسەی قۆڕی پەتین، دەبێت لەپێناو ژمارەیەک پێشنیاز و بەڵگەی ڕوون لە بازنەی لۆژیکی نوێدا Modern Logic لەبەر یەک هەڵبووەشێنرێتەوە. لە هەموو ئەو دۆخانەدا، دەبینین ڕیکلام و دروشمە مەزنەکان سەبارەت بە مردنی فەلسەفە بەشێوەیەکی گشتی و فەلسەفەی میتافیزیکی بەتایبەتی، لایەنی زۆر شێوازێکی ڕەوانبێژانەیە بۆ تێهەڵکێش کردنی شێوازێکی نوێ یاخود ئامانجێکی نوێ بە خودی فەلسەفە خۆی. ڕەنگە چاکترین شێواز یاخود ڕێگا بۆ گوتنی: "من فەیلەسووفێکی نوێم"، ئەوەیە کە بڵێم: "فەلسەفە کۆتایی هات" و "فەلسەفە مرد". هەر بۆیە من پێشنیاز دەکەم شتێکی تەواو نوێ دەست پێ بکەین. فەلسەفە نا، بەڵکو بیرکردنەوە! فەلسەفە نا، بەڵکو زمانێکی ئەقڵانیی نوێ! لەڕاستییدا: فەلسەفەی دێرین نا، بەڵکو فەلسەفە نوێیە تایبەتەکەی خۆم.

هەر بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە برەودان بە فەلسەفە دەبێت هەمیشە لە شێوەی هەستانەوەدا بێت. فەلسەفەی دێرین، وەک پیاوێکی بەساڵاچوو، مردووە، بەڵام لەڕاستییدا ئەو مردنە لەدایکبوونەوەی مرۆڤە نوێیەکە یاخود فەیلەسووفە نوێیەکەیە. بەڵام وەک دەزانن، پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان هەستانەوە و نەمریی و، لە نێوان مەزنترین گۆڕان کە دەشێت وێنای بکەین، گۆڕان لە مردنەوە بۆ ژیان و، نائامادەیی هەرە تەواوی ئەو گۆڕانەی کە دەشێت بیری لێ بکەینەوە، کاتێک لە دۆخی سەرمەستیی ڕزگاربوونداین. ڕەنگە دووبارەبوونەوەی بابەتی کۆتایی میتافیزیک و بابەتی دووبارەی پەیوەست بە سەرەتایەکی نوێ بۆ بیرکردنەوە، نیشانەی چەقبەستنی بنەڕەتیی فەلسەفە بێت وەک فەلسەفە. ڕەنگە پێویست بێت فەلسەفە بەردەوامی و سروشتی دووبارەوەبووی خۆی، لە شێوەی دووانەیەکی دراماتیکیی لە مردن و لەدایکبووندا جێ بکاتەوە.

لێرەد لەم خاڵەدا، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ کارەکەی لویس ئاڵتۆسێر، چونکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە فەلسەفە پشت بە زانست دەبەستێت، هەروەها جەختی لەسەر ئەم شتە زۆر سەیر و نامۆیە کردووەتەوە: فەلسەفە بە هیچ جۆرێک خاوەنی مێژوویەک نییە، فەلسەفە هەمیشە هەر هەمان شتە. لەم دۆخەدا، کێشەی برەودان بە فەلسەفە، کێشەیەکی سادەیە: داهاتووی فەلسەفە، ڕابووردووی فەلسەفە خۆیەتی.

ڕەنگە وەک نوکتە وا بێت ئاڵتۆسێر، ئەو فەیلەسووفە مارکسییە گەورەیە، وەک دوایین داکۆکیکاری چەمکی ئەکادیمیی دێرینی فەلسەفەی تاهەتایی یاخود فەلسەفەی یەکبنچینە فەلسەفە وەک دووبارەبوونەوەیەکی پەتیی هەمان شت دەبینین. فەلسەفە لە شێوازە نیچەییەکەیدا، وەک گەڕانەوەیەکی تاهەتایی بەرەو هەمان شت.

بەڵام ئەو "هەمان شت"ـە چییە؟ وێکچوونی ئەو "هەمان شت"ـە چییە کە لە چارەنووسی مێژوویی فەلسەفەدا دەگەڕێتەوە؟ لەودیو ئەو پرسیارەوە، مشتومڕێکی دێرین سەبارەت بە سروشتی ڕاستەقینەی فەلسەفە دەدۆزینەوە. تا ڕادەیەک دوو ئاراستەی سەرەکی هەن، ئەمانەن: یەکەم: فەلسەفە لە بنەڕەتدا زانینێکی دانەوەییانەیە، زانینی ڕاستی لە بوارە تیۆرییەکاندا و، زانینی بەهاکان لە بوارە کردەییەکاندا. پێویستە فێرکردن و گواستنەوەی زانین ڕێک بخەین. شێوە گونجاوەکەی فەلسەفەش، قوتابخانەیە. فەیلەسووف مامۆستایە، بۆ نموونە وەک کانت یان هیگڵ یان هۆسەرڵ یان هایدێگەر و زۆر کەسی تری بێجگە لە ئەوان، بە منیشەوە، کاتێک کە ئێوە بە "مامۆستا بادیو" بانگتان دەکردم.

ئەگەرەکەی تر ئەوەیە لەڕاستییدا فەلسەفە زانین نییە، نە تیۆرییە و نە پراتیکییشە، گواستنەوەی ڕاستەوخۆی بابەتێکە. چەشنێکە لە گۆڕینی ڕیشەیی، گۆڕینی تەواوەتیی ژیان. بەم پێیە، فەلسەفە زۆر نزیکە لە ئایینەوە، بەڵام تەنها بە شێوازە ئەقڵانییەکان، ئەڤینێکی ئێجگار نزیکە، بەڵام بەبێ هیچ پاڵپشتیکردنێکی توند لەلایەن ئارەزووەوە. بەشدارییەکی سیاسیی زۆر نزیکە، بەڵام بەبێ کۆت و پێوەندی سیستەمێکی ناوەندی. هێزێکی داهێنەری هونەریی ئێجگار نزیکە، بەڵام بەبێ ئامرازە ماتەریالییەکانی هونەر. زانینێکی زانستیی زۆر نزیکە، بەڵام بەبێ ڕوواڵەتمەندیی ماتماتیک. بەبێ ئامرازە ئەزموونی و تەکنیکییەکانی فیزیا. هەر بۆیە، ئاراستەکەی تر ئەوەیە فەلسەفە پرسی قوتابخانە و فێر بوون و گواستنەوە و مامۆستا نییە. ئاخاوتنی خۆڕایی هەر کەسێکە بۆ هەمووان. بۆ نموونە وەک سوکرات کە لە شەقامەکانی ئەسینا قسە بۆ گەنجان دەکات، هەروەها دیکارت و ئەو نامانەی بۆ شازادە ئیلزابێسی دەنووسین، یاخود ژۆن ژاک ڕۆسۆ و نووسینی کتێبی ددانپێدانانەکانی، یاخود نیچە. یان ڕۆمان و شانۆگەرییەکانی سارتەر. یاخود، لە بارێکدا ئەگەر لەم بەرکەوتنە نەرگسییەم ببووریت، وەک ڕۆمان و شانۆگەرییە تایبەتییەکانی من. جیاوازییەکە ئەوەیە فەلسەفە چی تر وەک بابەتی زانین یاخود زانین بە هۆی زانینەوە نەماوە، کردارە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەو شتەی فەلسەفە دەستنیشان دەکات، ڕێساکانی گوتار نین، بەڵکو کردار جیاییە. ئەمە ئەو کردارەیە کە نەیارانی سوکرات بە "تێکدان یاخود خراپ کردنی گەنجان" ناودێریان کردووە. وەک خۆشتان دەزانن، بەو هۆیەوە بڕیاری لە سێدارەدان بەسەر سوکراتدا درا. "تێکدانی گەنجان"، لەپاش هەموو شتێک و وێڕای هەموو شتێک، ناوێکی خراپ نییە بۆ کاری فەلسەفی. ئەگەر تۆ بە دروستی لە کرداری "تێکدان" تێ بگەیت. لێرەدا "تێک دان" واتە ئەوەی شیان یاخود ئەگەری هەر مل دان و مل کەچ بوونێکی کوێرانە بۆ بۆچوونە چەسپاوەکان بدرێتە دواوە. تێکدان واتە بڕێک ئامراز بدرێت بە گەنجان تا بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە هەموو داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕن، "تێک دان" واتە ئەوەی باو بگۆڕدرێت بە گفتوگۆ کردن و ڕەخنەکردنی ئەقڵانی، تەنانەت ئەگەر پرسەکە پەیوەندی بە پرەنسیپەکانیشەوە هەبێت، واتە ئەوەی گوێڕایەڵی بگۆڕدرێت بە شۆڕش، بەڵام ئەو شۆڕشە، ئەوەندەی ئەنجامی ژمارەیەک بنەما و ڕەخنەی ئەقڵانییە، خۆبەخۆ و دوژمنکارانە نییە. لەنێو هۆنراوەکانی ئارسەر ڕامبۆی شاعیری گەورەدا، دەربڕینی سەیر و نامۆی "شۆڕشە لۆژیکییەکان" دەبینین. ئەوە، مەبەستم لە "شۆڕشە لۆژیکییەکان"ـە، لایەنی زۆر پێناسەیەکی چاکە بۆ کاری فەلسەفی. ڕێکەوت نییە هاوڕێم ژاک ڕانسێر، کە فەیلەسووفێکی چاکە، لە دەیەی حەفتای سەدەی پێشوو، گۆڤارێکی زۆر گرنگی دامەزراند، ناونیشانەکەی بە دیاری کراوی بەم جۆرە بوو: "شۆڕشە لۆژیکییەکان". بەڵام ئەگەر گەوهەری فەلسەفە گەوهەرێکی چالاک بووایە، ئەو کات دەمانتوانی چاکتر لەوە تێ بگەین بۆچی لای ئاڵتۆسێر مێژوویەکی ڕاستەقینە و قەوماوی فەلسەفە بوونی نییە. خودی ئاڵتۆسێر خۆی لەنێو کارەکانیدا پێشنیاز دەکات ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە لەناو بۆچوونەکاندا دابەشکارییەک بخاتە ڕوو. بەشێوەیەکی دیاریکراوتر لەناو بۆچوونەکان سەبارەت بە زانینی زانستیدا، یاخود، بەشێوەیەکی دیاریکراوتر، لەناو چالاکییە تیۆرییەکاندا. چ جۆرە دابەشکارییەک؟ دواجار، دابەشکاریی لە نێوان ماتەریالیزم و ئایدیالیزمدا. لەو سۆنگەیەوە کە ئاڵتۆسێر مارکسیباوەڕ بوو، پێی وا بوو ماتەریالیزم چوارچێوە شۆڕشگێڕەکەی چالاکییە تیۆرییەکانە، ئایدیالیزمیش چوارچێوە کۆنەپارێزەکەیە. هەر بۆیە، دوا پێناسەی ئەو، ئەمە بوو: فەلسەفە لە خەباتکردنێکی سیاسی دەچێت لەناو خودی کایەی تیۆریی خۆیدا.

بەڵام، بە چاوپۆشی کردن لە ئەنجامگیرییە مارکسییانەکە، ئێمە دەتوانین تێبینیی ئەم دوو خاڵە بکەین:

یەکەم: کاری فەلسەفی، هەمیشە لە شێوەی بڕیار، دابڕین، جیا کردنەوەیەکی ڕوونی نێوان زانین و بۆچوون، نێوان بۆچوونە دروستەکان و بۆچوونە درۆکان، نێوان ڕاستیی و چەوت، نێوان چاکە و خراپە، نێوان دانایی و دێوانەیی و... هتددا دێت.

دووەم: کاری فەلسەفی، هەمیشە ڕەهەندێکی پێوانەکی هەیە. دابەشکارییەکەش دیسان دابەشکارییەکی هیرارکییە. لە دۆخە مارکسییەکەدا، "ماتەریالیزم" وشەیەکی باش و پەسەندە، "ئایدیالیزم" وشەیەکی خراپ و ناپەسەندە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، هەمیشە وا دەردەکەوێت دابەشکردنی چەمکەکان یاخود دابەشکردنی ئەزموون یاخود شارەزاییەکان، لەڕاستییدا ڕەنگە کردارێک بێت هیراریکیزمێکی نوێی بەسەر گەنجاندا سەپاندبێت. بە شێوازێکی نەرێنییش، ئەنجامی کردارەکە بەراوەژووبوونی سیستەمێکی چەسپاو یاخود هیراریکیزمە کۆنەکەیە.

هەر بۆیە ئێمە بەشێوەیەکی کاریگەر شتێکی چەسپاومان لەناو فەلسەفەدا هەیە، شتێکی وەک دووبارەبوونەوەیەکی ناچاری، یاخود وەک گەڕانەوەیەکی هەمیشەیی "هەمان شت". دەتوانین ئەو هۆنینەوەیە کە پەیوەندییەکی تەواو ڕەسەن یاخود بنچینەیی نییە، لە زنجیرەی فیلمەکانی ماتریکسدا کورت بکەینەوە.

فەلسەفە، سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هەموو ئەزموونە تیۆریی و کردەییەکانە، لە ڕێگای پێشنیازکردنی دابەشکارییەکی پێوانەیی گەورەی نوێوە، سیستەمی هزریی باو ژێرە و ژوور بکات و پشتیوانی لە بڕێک بەهای نوێ بکات کە بەها هاوبەشەکان تێبپەڕێنێت. شێوەی هەموو ئەوانەش، ئاخاوتنێکی خۆڕایی یاخود بێبەرامبەرە بۆ هەمووان، بەڵام سەرەتا و پێش هەر شتێک، بۆ گەنجان، چونکە فەیلەسووف زۆر چاک دەزانێت، گەنجان پێویستە سەبارەت بە ژیانی خۆیان ژمارەیەک بڕیار بدەن، زیاتریش ئامادەیی قایل بوون بە مەترسییەکانی شۆڕشێکی لۆژیکییان هەیە.

هەموو ئەو شتانە ڕوونی دەکەنەوە بۆچی فەلسەفە هەمیشە هەر هەمان شتە. بەهەرحاڵ، هەر فەیلەسووفێکیش کارەکەی خۆی بە کارێکی تەواو تازە دەبینێت. ئەوە تەنها سروشتی مرۆڤە. ژمارەیەکی زۆر لە مێژوونووسانی فەلسەفە، چەندین درز یاخود قڵیشی ڕەهایان کردووەتە فەلسەفە. بۆ نموونە لەپاش کانت باس لەوە کرا میتافیزیکی کلاسیکی ئەستەمە. لەپاش ڤیتگنشتاین چی تر ناتوانین ئەوە لەبیر بکەین کە لێکۆڵینەوە لە زمان، گەوهەری فەلسەفەیە. هەر بۆیە، ئێمە دووڕیانێکی ئەقڵانی، دووڕیانێکی یەکلاکەرەوە، دووڕیانێکی زمانەوانیمان هەیە. بەڵام لەڕاستییدا هیچ شتێک لە فەلسەفەدا بێ گەڕانەوە نییە. دووڕیانێکی ڕەها بوونی نییە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، زۆرێک لە فەیلەسووفەکان دەتوانن لای پلاتۆ یاخود لیبنیتز هەندێک خاڵی سەرنجڕاکێش یاخود جێی بایەخی خۆیانی زۆر کاریگەرتر لە هەندێک خاڵی هاوشێوە لای هایدێگەر یاخود ڤیتگنشتاین بدۆزنەوە. چونکە هۆنینەوە تایبەتەکانیان بەشێوەیەکی زۆر نزیک هاوشێوەی پلاتۆ یاخود لیبنیتزە. لەڕاستییدا فەلسەفە تا ڕادەیەکی زۆر دووبارەکردنەوەیەکی کارەکەی خۆیەتی، ڕایەڵ و پەیوەندییە ناوخۆییەکانی نێوان فەیلەسووفەکان ڕوون دەکاتەوە. دولوز لەگەڵ لیبنیتز و سپینۆزا، سارتەر لەگەڵ دیکارت و هیگڵ، میرلۆپۆنتی لەگەڵ بێرگسۆن، من خۆم لەگەڵ پلاتۆ و هیگڵ، سلاڤۆی ژیژەک لەگەڵ کانت و شیلینگ. ڕەنگە بۆ سێ هەزار ساڵ بچێت: هەمووان لەگەڵ هەمووان.

بەڵام ئەگەر کرداری فەلسەفی خۆی کردارێکی شێوەکی بێت، کە ئەویش گەڕانەوەی هەمان شتە، پێویستە لەسەرمان گۆڕانی بەستێنی مێژوویی لەبەر چاو بگرین، چونکە کردار لە سایەی هەندێک هەلومەرجدا ڕوو دەدات. کاتێک فەیلەسووفێک دابەشکارییەکی نوێ و ڕیزبەندییەکی هیرارکیی نوێ بۆ ئەزموونەکانی سەردەمەکەی خۆی پێشنیاز دەکات، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خوڵقاندنێکی هزریی نوێ، ڕاستییەکی نوێ، تازەکی سەری هەڵداوە. لەڕاستییدا، لەبەر ئەوەی پێویستە لەسەرمان لە ڕێگای چاوی ئەو فەیلەسووفەوە گریمانی لێکەوتەکانی ڕووداوێکی نوێ لە هەلومەرجە قەوماوەکانی فەلسەفەدا بکەین.

بۆ نموونە، پلاتۆ پێشنیازی دابەش کردنی لە نێوان هەست و ئەقڵدا کرد لە ڕوانگەی ئەندازە و چەمکی پاش فیساگۆرس سەبارەت بە ژمارە و پێوانە. هیگڵ مێژوو و دۆخگۆڕانی لەنێو بیرۆکەی ڕەهادا، بە هۆی نوێگەریی سەرنجڕاکێشی شۆڕشی فەڕەنسییەوە خستە ڕوو. نیچە پەیوەندییەکی دیالەکتیکی لە نێوان تراژیدیای یۆنانی و لەدایکبوونی فەلسەفە لە بەستێنێک لە هەست کردنی پڕ لە ژاوە ژاودا پەرە پێ دا کە هۆکارەکەی بۆ دۆزینەوەی دراما مۆسیقییەکەی ڕیچارد ڤاگنەر دەگەڕێتەوە. ژاک دیریدا وەرچەرخانێکی لە ئاراستەی کلاسیکییانەی بەرهەڵستیی میتافیزیکیی چەقبەستوودا بەرپا کرد، بەشێک لە هۆکاری ئەوەش بۆ ئەو بایەخەی ڕەهەندی مێینەیی لەنێو ئەزموونەکانماندا دەگەڕێتەوە کە بەردەوام ڕوو لە زیاد بوونە و کورت کردنەوەی کاری نەکردەیە.

لەبەر ئەو هۆکارە، لە کۆتاییدا دەتوانین باسی دووبارەبوونەوەی داهێنەرانە بکەین. شتێک هەیە لە شێوەی ئاماژەدا گۆڕانی بەسەردا نایەت، ئەویش ئاماژەی دابەش بوونە. بە هۆی گوشاری هەندێک لە ڕووداوەکان وئەنجامەکانیانەوە، پێویستی یاخود ناچارییەک بۆ گۆڕینی هەندێک لە لایەنەکانی ئاماژەی فەلسەفی دێتە کایەوە. کەواتە ئێمە شێوەیەکمان هەیە، شێوەیەکی گۆڕاوی شێوەیەکی لە وێنەی خۆی دەگمەن. لەبەر ئەو هۆکارە، بە ڕوونی ددان بە فەلسەفە و فەیلەسووفەکاندا دەنێین، وێڕای ناکۆکییە گەورەکانیان و سەرەڕای کێشمەکێشە توندەکانیان. کانت دەڵێت مێژووی فەلسەفە، گۆڕەپانی شەڕە. بەڵێ، گۆڕەپانی شەڕە! بەڵام دووبارەبوونەوەی هەمان شەڕە، لەسەر هەمان سەرزەمین. ڕەنگە فۆڕمێکی مۆسیقی یارمەتیمان بدات. برەودان بە فەلسەفە، لە شێوە کلاسیکییەکەی تێما و لقە فرەکانیدایە، لە دووبارەبوونەوە و تێما و نوێبوونەوەی بەردەوام و هەمەچەشنییەکاندا.

بەڵام هەریەک لە تێما و فرەچەشنییەکان، لەپاش هەندێک ڕووداو لە سیاسەت و هونەر و زانستەکان و ئەڤیندا دێن، کە پێداویستی بۆ هەمەچەشنییەکی نوێی هەمان تێما دەستەبەر دەکەن. هەر بۆیە ئێمەی فەیلەسووفەکان، شەو کار دەکەین، لەپاش ڕۆژگارێک لە دۆخگۆڕانێکی ڕاستەقینەی ڕاستییەکی نوێ. لێرەدا هۆنراوەیەکی جوانی واڵاس ستیڤنزم بیر دێتەوە، بە ناونیشانی "مرۆڤێک شتێکی پێیە". ستیڤنز دەنووسێت: "پێویستە بە درێژایی شەو، تاقەتی بۆچوونەکانی خۆمان بگرین". مخابن، چارەنووسی فەلسەفە و فەیلەسووفەکان بەو جۆرەیە. ستیڤنز بەردەوام دەبێت: "تاکو درەوشاوەی ڕوون بەبێ جووڵە لەبەر سەرما بووەستێت". بەڵێ، ئێمە ئومێد دەکەین و پێمان وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئەو "درەوشاوەی ڕوونە" بەبێ جووڵە دەوەستێت.

"درەوشاوەی ڕوون"ی بیرۆکە، وەک ئەستێرەیەکی چەسپاو لە ئاسماندا قیت دەوەستێت، "بەبێ جووڵە لەبەر سەرما". ئەو کات ئەوە دوا قۆناغی فەلسەفە، بیرۆکەی ڕەها، سروشی تەواوەتی دەبێت. بەڵام ئەوە هەرگیز ڕوو نادات. بە پێچەوانەوە، کاتێک لە ڕۆژگاری ڕاستییە زیندووەکاندا شتێک ڕوو دەدات، پێویستە لەسەرمان کرداری فەلسەفی دووبارە بکەینەوە و جیاوازییەکی نوێ بخوڵقێنین.

بەم پێیە، داهاتووی فەلسەفە، وەک ڕابووردووی، دووبارەبوونەوەیەکی داهێنەرانەیە. دەبێت بۆ تاهەتایە بە درێژایی شەو، تاقەتی بۆچوونەکانی خۆمان بگرین.

فەیلەسووف بەکەڵکە، چونکە ئەرکی چاودێریکردنی بەرەبەیانی ڕاستی و لێکدانەوەی ئەو ڕاستییە نوێیەی لە دژی بۆچوونە کۆنەکان لە ئەستۆدایە. ئەگەر "پێویستە لەسەرمان بە درێژایی شەو تاقەتی بۆچوونەکانی خۆمان بگرین"، چونکە دەبێت گەنجان بەشێوەیەکی دروست خراپ بکەین. کاتێک هەست دەکەین ڕووداوێک لە ڕووداوەکانی ڕاستی بەردەوامیی ژیانی سادە دەپچڕێت، پێویستە لەسەرمان بە ئەوانی تر بڵێین: "ئاگادار بن! کاتی بیرکردنەوەی نوێ و وەختی کردار هاتووە!" بەڵام لەپێناو ئەوەدا، دەبێت ئێمە خۆشمان ئاگادار بین. ئێمەی فەیلەسووفەکان، بۆمان نییە بخەوین. فەیلەسووف شەوبێدارێکی گەدایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×