مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی: درێژە بە بایكۆت دەدەین و سبەینێش گردبونەوە ئەنجام دەدەین
  2023-11-11       274       

ئەنجومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند، هەوڵەكانی دەسەڵات بۆ كۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەكان لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا شكستی هێناوەو ئەوان لەگەڵ چین و توێژەكانی دیكە درێژە بە ناڕەزایەتی و بایكۆت دەدەن و سبەی یەكشەممەش لەبەردەم كەمپی زانكۆی سلێمانی گردبونەوەیەك ئەنجام دەدەن.

ئاوێنە: ئەنجومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"لە ساڵانی رابردودا دەسەڵات بە بەرنامە كاری لەسەر بێ ماناكردنی چالاكی مەدەنی و تۆخكردنەوەی كولتوری هیچ شتێك سودی نییە، كردوە. بەڵام ئێمە پێمانوایە، ململانێی مەدەنی بەهەمو هەڵەو كەموكوڕییە گەورەو بچوكەكانییەوە، وەك ئەركێكی ستراتیژی و گرنگی ئەمڕۆكەو داهاتوی كوردستان، كارێكی پۆزەتیڤە."

ئەوەشی خستەڕو"لەبەرئەوەشە لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا بەكردەوەو بە میكانیزمی جیاواز، دەسەڵات كاری لەسەر كۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەكان كردوە، بەڵام خۆشبەختانە شكستی هێناوە."

ئەنجومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی جەختیشی كردەوە"هەر بۆیە تاوەكو دەستپێكی هەنگاوی یەكەمی گۆڕانكاری و وەڵامدانەوەی لانی كەمی داواكارییە هەنوكەییەكان كە زۆرینەی زۆری كۆمەڵگا لێی رازی بن، لەگەڵ چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە لە بایكۆتكردنی دەوام و ئەنجامدانی ناڕەزایەتییەكان بەردەوام دەبین و لە هەوڵی فراوانكردنیشیاندا دەبین."

ئاشكراشیكرد"لەو چوارچێوەیەشدا سبەینێ یەكشەممە 12/11/2023، كاتژمێر 8:30ی سەرلەبەیانی لەبەردەم پرسگەی سەرەكی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی لە راپەڕین، بەردەوامی بە چالاكییەكانمان دەدەین و گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×