لاهور شێخ جەنگی: دەسەڵاتی تاكڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی بونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانییەوە
  2023-11-13       956       

لاهور شێخ جەنگی لەپەیامێكدا بەبۆنەی یادی بونیادنانی شاری سلێمانییەوە رایگەیاند، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانییەوە، کە هەرگیز لە مێژودا ئەم شارە قبوڵی نەکردوەو  بەگژ هەمو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە. دەشڵێت، ئەوەی غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژوی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بوە بەرامبەر بە هەمو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبوڵ نەکردوە.

ئاوێنە:  لاهور شێخ جەنگی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی بونیادنانی شاری سلێمانییەوە وتویەتی"سلێمانی تەمەنی بو بە دوسەد و سی و نۆ ساڵ لە بنیادنان و خۆڕاگریی و قوربانیدان، بەڵام ئەم شارە هێشتا بێنازەو خەڵکە تێکۆشەرەکەی نیگەرانن و تینوی خزمەتگوزارین."

ئاماژەی بەوەشداوە"شارێک کە هەمیشە داهێنەرو پێشەنگ و ڕچەشکێن بوە، بەڵام لە ڕوی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژودا ئەم شارە قبوڵی نەکردوە و  بەگژ هەمو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە، ئەوەی غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژوی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بوە بەرامبەر بە هەمو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبوڵ نەکردوە."

لاهور شێخ جەنگی جەختی كردۆتەوە "بۆ من و دەیانیتر سلێمانی شاری وزە و ورە و خۆڕاگری و هەستانەوە و لە دایکبونی جوڵانەوە و شۆڕش و نوێبونەوەیە کە خۆری هیوا و ئایندەیەکی ڕون بێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی بۆ سلێمانی و تەواوی کوردستان، چونکە لە مێژودا ئەم شارە حەیاتە مەڵبەندێک بوە بۆ شۆڕش و خەباتی نوێ و کوردپەروەری."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ئێمەش قەرزداری ئەم شارە شکۆمەند و خۆشەویستەین، میهرەبانیی سلێمانی لێمان دەخوازێت کە هەمیشە لەبەرەی گەل و ڕاستی و حەقدا بین و خۆمان ساز و ئامادە بکەین، لە قۆناغی داهاتودا شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس بە پشتیوانیی خوای گەورە و بە هیممەتی هەموان بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانی و گەشەپێدانی سلێمانی کە لە ئاست گەورەیی و مەزنی خەبات و خوێنی شارەکەدا بێت و شایستە بێت بە مێژوە پرشنگدارەکەی لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی تری کوردستان."

دەقی پەیامەكە:

سلێمانی تەمەنی بو بە دوسەد و سی و نۆ ساڵ لە بنیادنان و خۆڕاگریی و قوربانیدان، بەڵام ئەم شارە هێشتا بێنازەو خەڵکە تێکۆشەرەکەی نیگەرانن و تینوی خزمەتگوزارین، سلێمانی کە زیاترە لە شارێک و گەورەترە لە هەمو ئەو ناو و پێناسانەی کە بۆی کراون، چونکە مێژوی خەبات و خوێندەواری و فیداکاریی سیاسیی و داهێنانی ڕۆژنامەوانی و فکری و ئەدەبی ئەو شارە لە ئاستێکدایە، کە بە بێ سلێمانی کەلێنێکی گەورە لە تێکڕای ئەو کایە سیاسی و ئەدەبی و فکری و ڕۆشنبرییە هەیە و هەمیشە لە مێژوی کۆن و نوێدا سلێمانی پڕی کردونەتەوە.

سلێمانی هەمیشە دڵی زیندوی باشوری نیشتمان بوە و لە هەمو ئاستەکاندا جێگا پەنجەی نەخش و داهێنان و ڕچەشکێنی دیاربوە بە جۆرێک بێ سلێمانی کوردستان وەک نیشتمانێکی بێ خۆر وایە.

بەڵێ سلێمانی؛ شارێک کە هەمیشە داهێنەرو پێشەنگ و ڕچەشکێن بوە، بەڵام لە ڕوی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژودا ئەم شارە قبوڵی نەکردوە و  بەگژ هەمو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە، ئەوەی غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژوی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بوە بەرامبەر بە هەمو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبوڵ نەکردوە.

بۆ من و دەیانیتر سلێمانی شاری وزە و ورە و خۆڕاگری و هەستانەوە و لە دایکبونی جوڵانەوە و شۆڕش و نوێبونەوەیە کە خۆری هیوا و ئایندەیەکی ڕون بێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی بۆ سلێمانی و تەواوی کوردستان، چونکە لە مێژودا ئەم شارە حەیاتە مەڵبەندێک بوە بۆ شۆڕش و خەباتی نوێ و کوردپەروەری.

ڕۆڵ و پێگەی سەرکردە ژن و پیاوە دیارەکان و ڕوناکبیر و نوسەر و شاعیر و تێکۆشەر و کەسایەتییە هەڵکەوتوەکانی ئەم شارە لە مێژودا نمونەبون لە بەرەوپێشبردن و بونیادنانی سلێمانی و بە زیندوهێشتنەوەی ناوەکەی.

ئێمەش قەرزداری ئەم شارە شکۆمەند و خۆشەویستەین، میهرەبانیی سلێمانی لێمان دەخوازێت کە هەمیشە لەبەرەی گەل و ڕاستی و حەقدا بین و خۆمان ساز و ئامادە بکەین، لە قۆناغی داهاتودا شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس بە پشتیوانیی خوای گەورە و بە هیممەتی هەموان بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانی و گەشەپێدانی سلێمانی کە لە ئاست گەورەیی و مەزنی خەبات و خوێنی شارەکەدا بێت و شایستە بێت بە مێژوە پرشنگدارەکەی لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی تری کوردستان.

پیرۆزبێت یادی بنیادنانی شارە حەیاتەکە، شاری ھەڵمەت و قوربانی.

لاهور شێخ جەنگی

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×