ئەزمونی بنیاتنانی سوشیالیستی بەتایبەتمەندی چینی

د. کاوە مەحمود
  2019-10-01     1044

لەیادی حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری چینی میللی

لە یەکی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا، گەلی چین و حزبی شیوعی لە وڵاتەدا یادی حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری چینی میللی دەکەنەوە. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابووردووشدا ئەم یادە کراوەتەوە و چەندین چالاکی جۆراجۆر بەم بۆنەیەوە کراوە، بەڵام لەم هەلومەرجەدا حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری چینی میللی گرنگی و بایەخێکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی دووای ئەو پەرەسەندنە مەزنەی ئەم وڵاتە کە لە بواری گەشەسەندنی هەمە لایەنە دەیبینێت، بە جۆرێک بۆتە دووەمین ئابوری مەزن لە جیهاندا، و بە پێی ڕاو بۆچونی توێژەوەران لەم بوارەدا چاوەڕی دەکرێت ببێتە یەکەمین دەوڵەت لە لیستی ئابوری جیهانیدا، کە ئەمەش هاوکاتە لە گەڵ بەهێزبوونی قەوارە و کارتێکردنی دەوڵەتی چین لە سەر سیاسەتی نێودەوڵەتی. هەڵبەتە جێگای خۆیەتی پرسیاری ئەوە بکرێت بۆ وڵاتی چین ئەو گەشەسەندن و گۆرانکارییە مەزنەی بە خۆوە بینیەوە.

هۆکاری ئەم مەسەلەیە ئێحگار زۆرن و ئەگەر بە پەلە باس لە هەندێکیان بکەین، ئەوا دەتوانین ئەم خاڵانە بخەینە ڕوو:

ــ پەرەسەندن و گەشەپێدان لە چیندا بە شێوەیکی ڕەمەکی و خۆرسکی نەهاتۆتە کایەوە. نەخشە و پلاندانان و سوور بوون لە سەر پێداچونەوە بە کاروانی تێکۆشان لە نێو حزبی شیوعی چین، و پێداچونەوە بە نەخشە و سیاسەتەکان لە بواری ئابوری و کەلتوری و کۆمەڵایەتی بە جۆرێک کەلین و کەموکوڕییەکان لە ئاستی بنیاتنانی حزب و دەوڵەتدا ، دەستنیشان بکرین و کار بۆ چارەسەرکردنیان بکرێت، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو پەرسەندن و پێشکەوتنە کە ئەم وڵاتە ساڵ دووای ساڵ، بە خۆیەوە دەبینێت.

ــ پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکان دانەبڕابون لە ناکۆکی و ململانییە ڕاستەقینەکانی نێو کۆمەڵگا و دەستنیشانکردنی سروشتی قۆناغی پەرەسەندنی مێژوویی کۆمەڵگای چین هەر لە قۆناغی بزوتنەوەی نیشتمانی رزگاریخوازی بگرە تا دەگاتە قۆناغی بنیاتنانی دیموکراسی نوێ و پاشان درووستکردنی بناغەی بەرەو سۆشیالستی بە ڕچاوکردنی ئەوەی کە چین بەشێکە لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، و دوواتر بەرپاکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە تا گەیشتن بە بنیاتنانی سوشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی هاوچەرخدا.

ــ بوونی حزبێکی شیوعی خاوەن دیسپلین کە توانی پەیڕەوی بەچینیکردنی مارکسیزم بکات، و سوود لە بیروبۆچونی سەرکردەکانی وەک ماو تسی تونگ، و دنک شیاو بنگ، جیان تسە مین ، و هو جین تاو، و دوواتریش شی جی بینغ ئەمینداری گشتی نوێی حزب، وەرگرێت، و بەسەرچاوەیەکی هزری بۆ حزب دایبنێت، و لە دەستوری وڵاتدا تۆماری بکات.

ــ گەڕانەوەی حزب بۆ واقیعی بەرجەستەکراو، و خوێندنەوەی نوێ بۆ واقیعی گۆڕانکراو، کە ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ دۆزینەوەی وەڵامی لۆجیکی و گونجاو بۆ ئەو پرسیارە ئالۆزانەی کە واقیعی کۆمەڵایەتی چین و ڕەوشی جیهانی بە بەردەوام دەیخستە ڕوو.

ــ رێزگرتنی حزب و سەرکردایەتی سیاسی لە جەماوەر و گەلی چین بە تێکرای نەتەوە و پێکهاتەو ئاینیەکانیەوە، بە جۆرێک دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ جەماوەر و بەدەم هاتنەوەوەی داواکارییەکانی، پێوەری دانانی سیاسەت و پێداچونەوە بە نەخشەو وپلانەکانی بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی بوو.

ــ دانان و پەیڕوکردنی سیاسەتی واقیعبینانەی نەرم و نەفەس درێژ لە بواری پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا، و وابەستەکردنی سیاسەتی دەرەکی بە بابەتی گەشەپێدانی سەرجەم گەڵان و بۆچونی چارەنوسی هاوبەشی مرۆڤایەتی، و جەختکردنەوە لە چارەسەرکردنی چاوگەکانی پارگرژی بە شێوەیکی ئاشتیانە و زەمینە درووستکردن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان لە سەر بنەمای سوود بە یەکتر گەیاندنی هاوبەش.

ــ دەستنیشانکردنی کێشە ناوخۆییە سەرەکییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی بە تایبەتی لە بواری نەهێشتنی هەژاری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

ــ گرتنەبەری سیاسەتی چاکسازی لە بواری کشتوکاڵی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە گوندنشینەکان و کارکردن بۆ نەمای جیاوازی لە بواری خزمەتگوزاری نێوان ناوچە گوندنشینەکان و شارەکان، و هاوکات لە گەل گرنگی دان بە کشتوکاڵ و جارەسەرکردنی کەموکورییەکانی بواری ژینگە.

ــ بایەخدانی بە داهێنان و ئەفراندن لە سەرجەم بوارەکاندا بەتایبەتی بوارەکانی پیشەسازی هەمەجۆر و بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری، و پیشەسازی وزەدا.

ــ بەرپاکردنی سیاسەتی دیموکراسی سۆشیالیستانە لە بواری بەرێوەبردنی حوکم و دامەزراندنی میکانیزمی گونجاو بۆ بەشداریکردنی گەل و هیزە سیاسییەکان دیکە لە چوارچێوەی کاری بەرەیدا.

ــ بایەخدان بە بنیاتنانی سوپای بەهێز و کاریگەر کە لە گەڵ گەلدا بەردی بناغەی داکۆکیکردنە لە دەوڵەتی سۆشیالستی.

ــ داهێنانی نوێ سوشیالستانە لە گشت بوارەکانی گشەپێدانی و قۆڵکردنەوەی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە وەک بنەمایەکی ڕەسەن بۆ گۆڕانگارییەکان.

ــ نەخشە دانان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای سوشیالیستی پەرەسەندوو بە گەیشتن بە ساڵی 2050.

حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری چینی میللی گرنگییەکی تایبەتی بە نیسبەت بزوتنەوەی سۆشیالستی و کۆمۆنیستی جیهانەوە هەیە، و بۆتە جەمسەر و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لە بوونی ئەلتەرناتیفێک بۆ سەرمایەداری کە دەیەوێت نمونەی لیبرالیزمی نوێ بە سەر جیهاندا فەرز بکات، لە کاتێکدا ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی، ئاسۆیەکی نوێ بە بزوتنەوەی سوشیالستی و کۆمۆنیستی و سەرجەم بزوتنەوە دیموکراسییە جەماوەرییەکانی جیهان دەبەخشێت، و دەیسەلمێنێت کە سوشیالستی بە هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت و کەمپی سوشیالستی جاران، کۆتایی نەهاتووە، و ئەوەتا ملیارێک و چوارسەد ملیون کەس لە سایەی سیستمێکی سۆشیالیستیدا دەژین کە هەردەم لە نوێبوونەوەدایە، و بەم پێیەش تێکۆشانی مرۆڤایەتی بۆ کۆمەڵگای یەکسانی و پێشکەوتن و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سوشیالستی کۆتایی نایەت، و سەرمایەداری کۆتایی مێژوو نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×