قەرەبوکردنەوەی کرێکارو کارمەندو خاوەن کارو کرێچی‌و خاوەن موڵک پێویستە

فوئاد زیندانی
  2020-04-14     760
دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا ڤایرۆس(کۆڤید 19) و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەیدا زۆربەی حکومەتەکانی ووڵاتان چەندین ڕێکاریان گرتەبەر، لەوانەش ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچوون و کەرەنتینەکردن خاڵی هاوبەشی زۆربەی ئەو ووڵاتانە بوون.

لە ووڵاتانی ڕوژئاوای ئەوروپا یەکەمین هەنگاو کە حکومەت بیری لێکردەوە دانانی میکانیزمێک بوو بۆ قەرەبووکرنەوەی هاووڵاتیان، حکومەت بە چاوێکی کراوە بڕیاریدا قەرەبووی کرێکار، کارمەند و خاوەن کار و کرێچی و خاوەن موڵک لە یەک کاتدا بکاتەوە، تەنانەت قەرەبووی کۆمانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشت و گوزاریشی کردەوە و پارەی بێکاری بۆ خەڵکی بێکار زیادکرد. لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش هەمان شێوازی قەرەبووکردنەوە ئەنجامدرا. لێرەدا مەبەستم پێداهەڵدان نیە بە سیستەمی سەرمایەداری، بەڵکو زیاتر دەستنیشانکردنی ئەرکی حکومەتە.

حکومەت کۆمەڵێک ئەرکی ئەخلاقیی لە ئەستۆدایە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی ووڵاتەکەی، بەتایبەتی لە کاتی سەرهەڵدانی کارەساتی سروشتی و پەتای هاوشێوەی کۆڕۆنا و هتد...

 ووڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا قەرەبووی هەموو چین و توێژەکانی کردەوە کە بەهۆی پەتای کۆڕۆنا ڤایرۆس زەرەرمەند بوون، لەبەرئەوەی وەک حکومەت هەست بە بەرپرسیاریەتێکی ئەخلاقیی دەکات و بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ ئەو کارە بکات، بۆیە هاووڵاتی  هەست بە بوونی خۆی دەکات کاتێک حکومەت خاوەنداری لێدەکات.

پرسیار ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان حکومەت بۆچی ئاماددە نیە قەرەبووی کرێکار و کارمەند و خاوەن کار، کرێچی و خاوەن موڵک لەیەک کاتدا بکاتەوە؟ تەنانەت هەر بیری لێناکاتەوە، ئایا لەبەر ئەوەیە حکومەت پارەی نیە یا هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ئەڵمانیا و ووڵاتانی تری ئەوروپا زلهێزێکی پیشەسازی بەرهەمهێنەر نیە؟ ڕەنگە دەسەڵات پێیوابێت نابێت بەراورد لە نێوان هەرێمی کوردستان و ووڵاتێکی وەک ئەڵمانیا بکرێ. باشە خۆ بەلجیکا هەر بە قەد هەرێمی کوردستانە کەچی چەندین ملیار یۆرۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی هاوولاتیانی تەرخان کرد، بەلجیکا خاوەن دڵۆپێک(پەتڕۆڵ- نەوت) نیە، هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە بەلجیکا زلهێزێکی خاوەن نەوت و گاز و کانزای جۆراوجۆرە.

 لە بری دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک و وێنەگرتنی خەڵک لە کاتی وەرگرتنیدا ئیڕادە و کەسایەتی تاکی ئەم هەرێمە تێکبشکێنن، لە بری ئەوەی داوا بکەن خاوەن موڵک یارمەتی کرێچی بدات، کە لەئەنجامدا دەیان کێشە دەخەنە نیوان کرێچی و خاوەن موڵکەکان، لەبری ئەوەی پیاوەتی بە ماڵی خەڵک بکەن، باشتر وایە ئەو پارەیەی لە ماوەی(٢٩) ساڵی ڕابردوودا کۆتان کردیتەوە بیگەڕێننەوە خەزێنەی گشتی و بەشێوەیەکی شەفاف هاوشێوەی حکومەتەکانی تر خەڵکی بێکار، کرێکار و کارمەند و خاوەن کار، کرێچی و خاوەن موڵک و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگای هەرێم قەرەبوو بکەنەوە، چونکە هەرێمێک خاوەن ئەو هەموو کێڵگە نەوتیە و سامانە سروشتیە بێت شەرمە بڵێێ حکومەت پارەی نیە، لەوەش شەرمتر ئەوەیە چوار هەفتە دوای سەرهەڵدانی کۆڕۆنا ڤایرۆس بڵێی داهاتمان بووە بە سفر !!!


2 Attachments

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×