شەڕی ساردو گەرمی پەرلەمانتارانی کوردستان چۆن لێکبدەینەوە؟!

هاوژین عومەر
  2020-06-16     631

قاعیدەیەکی کەلامیی ھەیە دەڵێت (النقيضان لا يجتمعان)، واتە لە یەک شوێن و جێگە، یان لە یەک کاتدا، دوو شتی دژ بە یەک کۆنابنەوە، بە نموونەی بوون و نەبوون (الوجود واللاوجود)، واتە ناکرێت شتێک لە یەک کاتدا بوونی ھەبێت و لە ھەمان کاتیشدا بوونی نەبێت..

ئەم قاعیدەیە ئەگەرچی لە بواری زانستی کەلام و مەنتیقدا ھاتووە، بەڵام دەتوانین بۆ لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی زۆر دیاردە و حاڵەتی دیکەش سوودی لێ ببینین.. کە من لێرەدا بۆ لێکدانەوەی سیاسی و ڕاڤەکردنی حاڵی ناھەمواری کۆمەڵگەی خۆمان سوودی لێ دەبینم..

لەم ھەرێمەی خۆماندا، ساڵانێکە ھێزگەلێک، بە بیانووی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، حاڵەت و بارودۆخی زۆری نەخوازراویان بەسەر ئەم گەل و میللەتەدا ھێناوە و ھیچیشیان بە ئاڕاستەی دروستکردنی ئەو دەوڵەتە نەکردووە، بە واتایەکی تر، سەرباری ئەو بانگەشەیەش، بەڵام ھیچ یەکێک لە مەرج و پێشمەرجەکانی بوون بە دەوڵەتیان جێبەجێ نەکردووە، ساڵانێکی زۆر بە ناوی "ساوایی ئەزموونەکەمان" پاساویان بۆ سیاسەتە ھەڵە و ھەنگاوە خواروخێچەکانیان دەھێنایەوە و میللەتیان لە چاوەڕوانیی بونیاتنانی ھەرێمێکی دیموکراسیی گەشەسەندوو و خۆشگوزەران و خاوەن ئابوورییەکی بەھێز ھێشتەوە، کە ئەزموونەکەشمان تەمەنی باڵغبوونی تێپەڕاند و ئەو بیانووەیان نەما، ئیدی وازیان لەو دەستەواژەیە ھێنا و بیانوو و بەھانەی دیکەیان داتاشی!

ئەوەی ھۆکاری پشت ئەم نووسینەیە، پاساوی نابەجێ و لێدوان و دەربڕینی شەڕانگێزانە و ئاستنزمیی ھەندێک لە پەرلەمانتارانی کوردستانە لەم ڕۆژانەدا، لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی پارێزگارییان لە کەسایەتی و متمانەی دەنگدەرانی خۆیان کردووە..

ئەو تەپوتۆزەی ئەو جۆرە لە پەرلەمانتار لەم چەند ڕۆژە و پێشتریش دروستیان کردووە و لەبری چاودێریی کارەکانی حکومەت و بەدواداچوونی ماف و کێشەکانی خەڵک، بوونەتە زوڕناژەنی ھەڵگیرساندنی شەڕێکی دیکە و بەکار دەھێنرێن بۆ بەگژداچوونەوەی مافەکانی خەڵک و پاساوھێنانەوە بۆ کەمتەرخەمییەکان، ئەو تەپوتۆزەیە کە بۆتە ھۆکاری لەکەدارکردنی شکۆ و ناوبانگی پەرلەمان و دامەزراوە فەرمییەکانی دیکە، بە جۆرێک خەڵکانێکی زۆر بە زیادەیان بزانن!

لێرەوە دەمەوێت حاڵی ئەو پەرلەمانتارانە بە قاعیدەکەی سەرەوە لێک بدەمەوە.. ئەگەر ھێزێک بە ڕاستی و بە شێوەی کرداریی دەیەوێت دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکات، مەرج و پێشمەرجەکانی دەھێنێتە بوون، لە پێشەکیی ئەو کارەیدا دامەزراوەکانی دەوڵەت بونیات دەنێت و لێدەگەڕێت شکۆ و کەسایەتیی مەعنەویی بەھێزیان بۆ دروست ببێت و متمانەی خەڵکی بەدەست بھێنن، نەک بە پێچەوانەوە، ئەوەش سەرەتایەکی تەندروستە بۆ دروستکردنی ئینتیما بۆ ئەو دەوڵەتە چاوەڕوانکراوە و قوربانییدان لە پێناو دروستکردنیدا..

بەڵام کاتێک تۆ لە ڕێگەی سیاسەتی خواروخێچ و ئەزموون و پەرلەمانتار و نوێنەرەکانتەوە دەبیتە ھۆکاری لەکەدارکردنی شکۆی پەرلەمان و پەرلەمانتار و دامەزراوەکانی دیکە، لەگەڵ بەگژداچوونەوەی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک لە لایەن "نوێنەرەکانی خەڵکەوە"، ئەوکات تۆ بە خۆت زانیبێت یان نا، بوویت بە کارەکتەری دژەدەوڵەتی و بوویتەتە کەسایەتییەکی نانیشتمانیی بێزراو، کەواتە ئەم دوو دژە لە یەک شوێنکاتدا کۆنابنەوە و تۆی بەناو پەرلەمانتار، کەسێکی ناڕاستی لەگەڵ بانگەشە و پەیامەکانی خۆت، کە بریتین لە بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ!

بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، لەگەڵ پیشاندانی ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو و پڕ لە ئیزدیواجییەت و دژایەتییکردنی مافەکانی خەڵک و بێئەرزشکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، وەکو دوانەکەی نێو قاعیدەکەی سەرەوە وان، دوانەیەکی دژیەکن و بە ھیچ شێوەیەک پێکەوە کۆنابنەوە، ئەمەش لە سادەترین لێکدانەوەدا، واتە درۆکردن لەگەڵ میللەت و ھەوڵدان بۆ چەواشەکردنی!

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×