تورکیا بە خوێن و پارەی خۆیان وڵاتە عەرەبییەکان داگیر دەکات

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2020-06-25     713
لەگەڵ هاتنە سەرکاری پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتە و بوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆک وەزیران، دەستکرا بە گۆڕینی سیاسەتی دەرەکیی تورکیا.
ماوەی زیاتر لە ٨٠ ساڵ بوو، ئەوان پشتیان لە وڵاتە ئیسلامیی و عەرەبییەکان کردبوو، خۆیان بە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپایی دادەنا، بەڵام پاش ئەوەی بۆیان روونبۆوە کە نابنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ئینجا دەستیانکرد بە گۆڕینی سیاسەتی دەرەکیی خۆیان و دووبارە روویان کردەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵات و خۆرئاوای عەرەبی و ئیسلامی.

ئەوەی ئەو دەرفەتەشی بۆ ڕەخساند ئەوەبوو زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکان لەو باوەڕەدا بوون کە تورکیا لەسایەی ئەردۆغاندا، دەبێتە دۆستێکی نزیکی عەرەب و دژی ئیسرائیل و ئێران دەوەستێتەوە و بۆ ئەوەش چەند رووداوێکی نێوان عەرەب ئیسرائیل لە کۆتایی دەیەی پێشووی ئەم سەدەیە و ئەم دەیەیەدا روویاندا کە تورکیا خۆی لێکردنە خاوەن و بە ڕووکەشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا گەیاندە مریشکە رەشە. چونکە هەر لەسەرەتاوە تورکیا دەستیکرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێک بۆ راکێشانی هەستی بەشێکی زۆری عەرەبەکان ئەوەش لەرێگای دژایەتیکردنی ئیسرائیلەوە، هەرچەندە ئەمەش تەنها لە رووی میدیایی و قسەوە بوو، دەنا لە ژێرەوە هیچ دژایەتییەکی نەکردووە. دواتریش کتوپڕ هەموو ماڵێکی عەرەبیی پڕبوو لە درامای تورکی و جوانکردنی سیمای ئەو دەوڵەتەی کە ماوەی چەندین ساڵ وڵاتانی عەرەبیی لە ژێرناوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا داگیرکردبوو.
بەڵام زۆری نەخایاند ماسکەکە کەوت، دووبارە سیمایان دەرکەوتەوە، بەتایبەتی لەپاش ئەوەی کە پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی، تورکیا بەئاشکرا و راستەوخۆ، دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ئەجێندا شاراوەکانی و ئێستاش بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان، بەشێوەیەک لە ئیسرائیلیش ترسناکترە بۆیان.
لەوانەبێت لە سوریادا لە هەمووی قێزەونتر بێت، چونکە لێرە رۆڵی تورکیا لەچاو وڵاتەکانی دیکەدا زیاتر بوو، بۆیە کارەسات و قوربانییەکانیش زیاتربوون.
شاری حەلەب یەکێک بوو لەشارە گەورەکانی سوریا و شارێکی پیشەشازیی و دەوڵەمەند بوو، یەکەمین ئامانجی سیاسەتی تورکیا، وێرانکردنی ئەو شارە بوو، چونکە لە ماوەی پێشوودا شمەکی سوری بەتایبەتی رستن و چنین و خۆراک و شمەکی کارەبایی و کیمیایی، ببووە رکابەرێکی گەورەی شمەکی تورکی. ئەم شارە پیشەشازییە وێران کرا و هەموو کارگەکانیش یان وێران کران، یان کەرەستەو کاڵاکانیان دزران. ئەوە جگە لە پڕچەککردنی هەزاران گەنجی بێکار و دروستکردنی دەیان گروپی ئیسلامیی جیهادی لێیان، سەرباری ئەو چەکدارە بیانییانەی پێیان دەوترێت مورتەزەقەی ئیسلامیی روسیا و ئاسیا و ئەوروپا کە هەموویان هێنراونەتە تورکیاوەو لەوێشەوە بەرەو سوریا گواستراونەتەوە، بۆ تێکدانی سوریا و سەپاندنی ئەجیندای تورکیا تیایدا.
ئەوەی ئێستا بەبرەچاوی هەموو لایەکەوە دیارە تورکیا گەل و خاکی سوریا بە خراپترین شێوە بۆ مەرامی خۆی بەکاردەهێنێت، لەلایەکەوە خەڵکەکەی ئاوارە کرد و هەژاری کرد، بەشێوەیەک بەشێکی زۆریان ئامادەن لەبەر بژێویی ژیان ببنە چەکدار و ئەجێندای تورکیا لە سوریا و وڵاتەکانی تر جێبەجێبکەن، بۆ نموونە ئێستا نزیکەی ١٠ هەزار کەسیان لێ نێردراوە بۆ لیبیا. هەروەها هەژاریی و ئاوارەیی خەڵکی سوریاش وەکو کارتێکی گوشار لە دژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت. جگەلەوەش بازرگانیی بە جەستەی” ئۆرگان” سوریە ئاوارەکان دەکات. ئەوە جگە لە داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی سوریا، کە ئەویش هەمان چارەنووسی ویلایەتی ئەسکەندەروونەی هەیە کە پێشتر داگیری کردووە.
بەداخەوە لە سەرەتای کێشەی سوریادا بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو پشتگیریی مادیی تورکیایان دەکرد و گروپە تیرۆریستەکانیان بۆ پڕچەک دەکرد، بەڵام دوایی بەشێکی زۆریان وازیان لەم سیاسەتە هێنا، تەنها قەتەر نەبێت کە لە رووی مادییەوە پشتگیریی سوپای تورکیا و میلیشاکانی دەکات لە سوریادا.
هاوکات و هەر ئێستاش تورکیا پەلاماری لیبیا دەدات کە لە مەشدا کۆمەڵێک ئەجیندای خۆی هەیە لە پێش هەموویانەوە دەستگرتن بەسەر سامانی نەوت و گازی لیبیا.
هەروەها بۆئەوەی هێندەی تر گوشار بخاتە سەر ئەوروپا و لێرەشەوە کارتی پەنابەران لە دژیان بەکاربهێنێت، هەربۆیە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا دژی سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا وەستاونەتەوە لە پێش هەمووشیانەوە فەرەنسا و یۆنان و ئیتالیا.
بەڵام دووبارە بەداخەوە لێرەش لە لیبیادا تورکیا بە خوێن و پارەی عەرەبی، ئەم وڵاتە مەزنەی جیهانی عەرەبی داگیر دەکات. بە هەزاران مورتەزەقەی خەڵکی سوریایان هێناوەتە لیبیا و شەڕیان پێدەکەن، لەولاشەوە بە پارەی عەرەبیش ئەم جەنگە دەکەن، جگە لەوەی قەتەر هەموو خەرجییەکانی ئەم جەنگە دەگرێتە ئەستۆ، هەر دوێنێ ئاژانسەکانی هەواڵ بەبەڵگەوە ئەوەیان ئاشکراکرد کە سەڕاج-ی سەرۆکی حکومەتی ویفاق-ی لیبیا دەیان ملیار دیناری لیبیی لەڕێی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە بۆ تورکیا حەواڵە کردووە، جگە لە دەیان گرێبەستی وەبەرهێنان و بازرگانی کە بەهاکەیان زیاتر لە ١٨ ملیار دۆلارە. واتە تورکیا لەم جەنگەدا هیچ زەرەر ناکات، چونکە نە سەربازی خۆی دەکوژرێت و نە یەک فلیسش لە کیسەی دەردەچیت، بگرە لەڕووی داراییەوە قازانجیش دەکات، چونکە چ سەرباز و چ پارەکەش، هەردووکیان هی خودی عەرەبن.
لە لایەکی دیکەشەوە گروپی ئیخوان موسلمین کە گەورەترین ئاڕاستە و رەوتی ئیسلامین و لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکاندا لقیان هەیە بەتایبەتی لە لیبیادا، پشتگیریی تەواوی ئەجینداکانی تورکیا دەکەن بە ئومێدی زیندووکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی کە ئامانجی سەرەتای ئیخوان لە ١٩٢٨-ەوە هەر ئەوە بووە. بەڵام هاوشانی ئەو ئاراستە عەرەبییە، ئێستا لەناو وڵاتە عەربییەکاندا گیانێکی بەرەنگاریی گەورە لە دژی تورکیا سەریهەڵداوە کە رووی راستەقینەی تورکیای بۆ گەلانی عەرەب دەرخستووە و پشتگیرییەکانی ئەو وڵاتەی لە مەسەلەی فەلەستین و بەهاری عەرەبی پوچەڵکردۆتەوە، هەربۆیە دەبینین هەریەکە لە شانشینی سعودیە و میسر، کە دوو دەوڵەتی گەورەی عەرەبین، لە سەنگەری پێشەوەی روبەڕوبونەوەی ئەم سیاسەتە فراوانخوازییەی تورکیا دەوەستنەوە، ئەمەش هیوایەکی گەورەی بە ناوچەکە داوە، چونکە ئەم دوو دەوڵەتە چ لە رووی ئابووریی و سیاسیی و جیۆپۆلتیکی جیهانەوە، رۆڵی گەورەیان لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان هەیە و خاوەنی ئیمکاناتێکی گەورەی ئابووریی و سەربازیی و دیپلۆماسیی مەزنن.
هەروەها لە ئەوروپاشدا زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا دژی سیاسەتی تورکیان، هەر ئەمەش دەبێتە هیوایەکی باش، بۆ رێگرتن لەم سیاسەتە شەڕەنگێزییەی تورکیا بەرامبەر بە ناوچەکە و جیهان کە ئێستا جیا لە جارەکانی پێشوو هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە و زیاتر لە جارەکانی پێشوو پێی لێ راکێشاوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×