داستانی تۆڵە (بەشی دووەم)

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-10-25     1318
یەکڕاستە چووم بۆ لای نیشتیمان پەروەری دڵسۆز کاک شێخ نەجمەدین دۆڵپەموویی کە یاریدەدەری پزیشک بوو، بەبیریش لایەنگری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، وتی: حازرم!! بەڵام ئێشکگرم و ناتوانم دەوام بەجێبهێڵم. دەبێت مۆڵەتم لەلای دکتۆر سەڵاح بۆ وەربگری.
زۆر بەخێرای چووم بۆ لای بەرپرسی ئەوکاتەی تەندوستی سلێمانی برای بەڕێزم کاک دکتۆر سەڵاح ساڵحی ڕەشە، کە لە بنەماڵەیەکی دیاری شاری سلێمانین، ئەویش لە کۆبونەوەدا بوو، داوای بینی بە پەلەی ئەوم کرد و خێرا هاتە دەرەوەو خەبەرەکەم بۆ گێڕایەوە کە عەبدوڵای برام لە کاتی چون بۆ چالاکیەکی پێشمەرگایەتیدا بریندارەو پێویستیم بە یارمەتی شێخ نەجمەدین و پێداویستی پزیشکی و دەرمان هەیە.
دکتۆر سەڵاح وتی: بەسەر چاو، من هیچ گرفتێکم نییە باخۆی یەکێک وەکو ئێشکگر لەجێی خۆی دابنێ! ئەوەیە هەڵوێستی نیشتیمان پەروەری، لەو ڕۆژە سەختەدا کە هیچ کەس نەیدەوێرا تەنانەت ناوی پێشمەرگەش بهێنێ.
شێخ نەجمەدین گشت پێداویستیەکانی پزیشکی پێچایەوە و یەکسەر لەگەڵ مامم کاک ئیبراهیم حەمە ڕەشید ئاغا لە سلێمانیەوە هەرسێکمان بە سەیارە بەرەو چوارتا بەڕێکەوتین و لەوێوە هەر بە سەرمای زستان و بەفر بە پیادە بە نێو بەفرێکی زۆر و ڕێگەیەکی سەختدا چووین بۆ موبڕەو پاشان ڕێکەوتین بۆ گوندی چاڵە خەزێنە، بەڵام لە ڕێگە لە پێشمەرگەکانی لیژنەی ناوچەی چوارتاوە زانیمان کە نەهاتونەتە ئەوێ و بەڵکو بەرەو گوندی دۆڵەچەوت ڕۆشتون!
گوندی چاڵەخەزێنەو و موبڕە کەوتونەتە ناوچەی شارباژێری خۆمان، سەربە شارەدێی زەلان و شارۆچکەی چوارتان. گوندی موبڕە لە باکورەوە هاوسنوورە لەگەڵ مامەخەڵان، لە باشوور لەگەڵ گوندی گۆماو، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی مەیانان و لە ڕۆژئاواش لەگەڵ گوندی گۆڕەدێم هاوسنوورە.
گوندی چاڵە خەزێنە لە باکورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی چۆڕک و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی توانێ، لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی چەمەک و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ گوندی زییە، کە گوندی زییە شوێنی لەدایکبونی من و عەبدوڵایە.
بەو زستانە و کات درەنگانی شەو بوو کە ئێمە هەر بەدوایدا ڕۆشتین و تا بەرەبەیان لە گوندێکی دۆڵەچەوت دۆزیماننەوە و دەستوبرد برینەکانیمان تیمارکرد و دەرمانی پێویستمان پێدا. پاش وەرگرتنی دەرزی ودەرمان و پێداویستی تایبەت سات لە دوای سات بارودۆخی تەندروستی عەبدوڵا بەرەوباشتر دەڕۆشت تا وایلێهات کە بتوانین بە شەو لە نێوان ئەو گشت مۆڵگەی جەیشی ئێراق بەرەو مەرزی ئێران بیجوڵێنین.

دۆڵەچەوت گوندێکە کەوتووەتە شارەدێی ناڵپارێز و سەربە شارۆچکەی پێنجوێنە، دۆڵەچەوت لە باکوور وە ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی گوڵانی سەروو و لە باشوور وە لەگەڵ گوندی زەردۆیی- ناڵپارێز و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی دۆڵەسوور و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی پەرخ هاوسنوورە.

پاشان بۆ ڕۆژی دواتر کاک شێخ نەجمەدین و مامم ئیبراهیم ئاغا بەرەو سلێمانی گەڕابونەوە. منیش لەگەڵ ئەو کۆمەڵە پێشمەرگە و فەرماندە خۆشەویستانە بەرەو مەرزی ئێراق/ ئێران ڕوشتین و ڕێگەیەکی سەخت و پڕ بەفر بوو تا گەیشتینە شاری مەریوان و لەوێوە ڕاستەوخۆ بۆ شاری تاران بە ڕێگەیەکی دوانزدە کاتژمێریدا بەڕێکەوتین تا گەیشتینە ئەوێ. لە شاری تاران خێرا نەشتەرگەری پێویستی بۆکرا. نزیکەی حەفتەیەک لەوێ لە نەخۆشخانە لەلای مامەوە، پاشان لە ڕێگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حیزبەوە ڕەوانەی هەندەران کرا و منیش گەڕامەوە ماڵەوە بۆ شاری سلێمانی. خەبەرم هەبوو کە لەژێر چاودێری دەستگا سیخوڕیەکانی بەعس دام بەڵام بەبیانوی ئەوەی کە گوایا لە شاری بەغداد بووم کەس هەستی بەو سەفەرەی من، کە دە ڕۆژی خایاند، نەکرد. ئیتر ئەو جارەش عەبدوڵای برام لەمردنی مسۆگەر قوتاری بوو. پاشان بە هەوڵی دکتۆرەکانی وڵاتی نەمسا دووبارە چاکبووەوە و بە تین و تاوێکی نوێوە گەڕایەوە نێو برا هاوسەنگەرەکانی لە ناوچە ئازادکراوەکان.



عەبدوڵای برام هەرگیز بە بیری تەسکی حیزبایەتی لە کێشە سیاسیەکانی نەدەڕوانی و ئارەزوی شەڕی براکوژی و کورد کوژی نەدەکرد و تاک وتەنها مسۆگەربونی سەرکەوتنی شۆڕشی کوردی لە یەکگرتووی گشت بەرەکانیدا دەبینیەوە. گەورەترین گرێکوێرە لە سەردڵی ئەو، ئەو شەڕە نەگریسە بوو, لەهەر دەرفەتێکدا کە بۆی دەخوڵقا ئاشتەوای نێو براپێشمەرگەکانی دەچەسپاند، ئیتر هیچ بەلایەو گرنگ نەبوو کە لەسەر هەر بیرو باوەڕێکی سیاسیی بونایە، گرنگ ئەوەبوو کە بەرەیەکی یەکگرتوو لە گۆڕەپانی کوردستان بخوڵقێت بەرامبەر بە دوژمنی بەعسی فاشی. ڕۆڵی کارایگێڕا لە ئاشتەوای نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٢ لە شارباژێر.

عەبدوڵای برام توانی لە شارباژێر کە زێدی باوکوباپیرانمانە گەشەیەکی باش بدات بە هێزەکەی بە تایبەتی لیژنەی ناوچەی چوارتا، لەو ماوەیەدا کۆمەڵێکی زۆر تێکۆشەر پەیوەندیان کرد بە ڕیزەکانی پارتیەوە! نزیکەی ساڵێک و چەند مانگێک گشت ‌هێزەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان وەکو پارتی، یەکێتی، سۆشیالیست، پاسۆک و حزبی شیوعی بە بێ هیچ گرفتێک لە ناوچەی شارباژێڕدا بە هەماهەنگی لەیەک سەنگەردا دژی ڕژێمی ئێراق خەباتیان دەکرد. وەئەگەر هەر ناکۆکیەک لە نێوان لایەنەکان ڕویبدایە ئەو بەزوترین کات بە چارەسەرێکی گونجاو دەگەیشتە شوێنی ڕووداوەکە تا کێشەکان نەگاتە ئاستی پێکدادانی چەکداری.

شارباژێر زێدی باو باپیرانمانە و ئەم ناوچەیەکە لە باکوری پارێزگای سلێمانیە و دەکەوێتە پشت کێوەکانی گۆیژە، ئەزمڕ و قەیوانەوە. ئەم ناوچەیە هەردەم مەڵبەندی کوردایەتی و دانیشتوانەکەی هەمیشە پاڵپشتی شۆڕش و پێشمەرگایەتی بوون. پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول یەکێک بوو لەو دەڤەرانەی کە بەهۆی سروشتی کوردپەروەرانەی دانیشتوانەکەی شۆڕش لەوێدا سەریهەڵدایەوە. شارەدێکانی ماوەت، سیوەیل، زەلان، گاپیڵۆن، سیتەک و سرۆچک کەتونەتە ئەو ناوچەیەوە کە گشتیان سەر بە شارۆچکەکانی چوارتا و ماوەتن.

بەداخەوە هەروەکو ئاماژەم پێدا لە سەرەوە کە عبدوڵای برام پاش زامداربونی بەپەلە ڕەوانەی هەندەرانکرا لە ژێر چاودێری پزیشکیدابوو، بۆیە لەکاتی دیارنەمانی ئەو لە دەڤەری شارباژێڕ دووبارە شەڕی براکوژی لە نێوان یەکێتی، پارتی و لایەنەکانی تر کڵپەی سەندەوە و کۆمەڵێک پێشمەرگەی لایەنەکان و هاوسەنگەرەکانی بونە قوربانی ئاگری ئەو شەڕە نەخوازراوە.

بەڵام عبدوڵای برام بێ‌هیوا نەبوو، هەردەم لە دەرفەتێک دەگەڕا بۆ ئاشتەوای یەکجاری. عەبدوڵا لەگەڵ وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی بەڕێز کاک فازیڵ میرانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە زستانی ساڵی ١٩٨٦ بۆ چەسپاندی ڕێکەوتنی نێوان هەردوو حزب سەردانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە گوندی یاخسەمەر دەکەن. ئەو وەفدە لە ڕێگەی گوندەکانی ئاشکان، بێتوش و هەرزنە کە سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتن بەرەو گوندی بەرگورد رۆشتون و پاشان لە گوندەکانی سەفەرەو گەڵاڵە دەپەڕنەوە و بەو زستانە چیای سەختی ئاسۆس دەبڕن، لە ترۆپی چیاکە سەرما زۆریان بۆدەهێنی بەڵام هەرچونێک بێت خۆیان دەگەیەننە گوندی چاڵاوا، لەوێوەوە مام جەلال سەیارەکانی خۆی دەنێرێت بە دوایانداو تا دەگەنە گوندی یاخسەمەر.

بەرگورد گوندێکە کەوتۆتە شارۆچکەی ماوەت سەر بە پارێزگای سلێمانی، ئەم گوندە لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی قەندۆل، لە باشوور لەگەڵ گوندی سەفرە، لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی گەماڵانی سەروو و لەڕۆژئاواوە لەگەڵ گوندی زەرون هاوسنوورە.
گوندی گەڵالە دەکەوێتە شارۆچکەی ماوەت لە پارێزگای سلێمانی، ئەم گوندە لە باکوورەوە هاوسنوورە لە گەڵ گوندی سەفرە و لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی گەورەدێ.
عەبدوڵای برام بەشداری کارای هەبوو لە ئاشتەوای هەردوو حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە زستانی ساڵی ١٩٨٦ لە ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو. بەم ڕێکەوتنەی زۆر دڵخۆش بوو هەموو جارێک دەیگێڕایەوە کە لەو سەفەردا لە زستانی ساڵی ١٩٨٦بەڕێز مام جەلال و هێرۆخان لە گوندی یاخسەمەر ڕێزێکی زۆریان گرتووە و بەتایبەتی یەک حەفتە میوانداریان لە شاندەکە کردووە.

لە کاتی یەکێک لە دانیشتنەکانیاندا خوالێخۆشبوو مام جەلال بۆ خۆشی بە عەبدوڵای برام دەڵێت: کاک عەبدوڵا زۆر زۆر بەخێربێیت، باوەڕت بێت کە جەماعەتی ئێرە باسی تۆیان بۆدەکردم لە دڵی خۆمدا دەم گوت: دەبێت عەبدوڵا ئاغا، بەناوەکەیدا کەسێکی ورگنی مشکی بەسەری عەشایەربێت!! نەمزانی ئاوەها قسەزان، شاری و زیرەکیت!! یاخودا بەخێربێیت.
بەهەمان شێوە زۆربەی ئەندامانی سەرکرادایەتی یەکێتی نیشتیمانی کە کوڕی شارەکەبوون میوانداری لێدەکەن، ئەو کۆمەڵە وێنەی ئەو سەردەمە گەواهی ئەو قسانە دەدەن.
گوندی یاخسەمەر کەوتۆتە شارەدێی سورداش و سەربە شارۆچکەی دوکانە لە پارێزگای سلێمانی. ئەم گوندە لە باکورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی گۆێزیلە و لە با شوور لەگەڵ گوندی مێرگەپان، لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی مالومە و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ گوندی شەدەڵە.
پاش واژووکردنی ڕێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی وەکو لێپرسراوی سەربازی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٦وە بارەگای خۆی لە چیاکانی سورێنەوە گواستەوە بۆ ناوچەی قەرەداغ و گوندی دەربەندفەقەرە. ئەو کاتە بەرفراوانی سنوری چالاکی لقی چوار جگەلە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی ئەمڕۆ، گشت دەڤەری ڕاپەڕین تا سنوری شارۆچکەی دوکانیشی دەگرتەوە.

ماویەتی...
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×