داستانی تۆڵە (بەشی پێنجەم)

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-11-07     745
پاش بیستنی هەواڵەکە منیش ماوەی چەند حەفتەیەک ئاگام لەخۆم نەمابوو، باوەڕم نەدەکرد کە چارەنوسی عەبدوڵا بەم شێوەیە کۆتایی پێبێت، باوەڕم نەدەکرد کوردێک خیانەت لە ئەمانەت و میوانی ماڵی خۆی بکات و دەستی بچێتە ئاوا شۆڕشگێڕێکی ناسراوی گەلەکەی کە هەموو ژیانی بۆ خزمەتی دۆزی کورد تەرخانکردبوو! بڵێی کوردێک زاتبکات ئاوەها بە ئاشکرا خیانەت لە عەبدوڵا بکات؟ شەهیدبوون شتێکی نامۆ نەبوو بۆ عەبدوڵا، چونکە ئەو بەمانای وشە پێشمەرگەوبوو، بۆیە شەهیدبوون هەر چارەنوسی نزیک یاخود دووری ئەوبوو، هەردەم چاوەڕوانبووم کە لە شەڕێک، یاخود چالاکییەکی چەکداری شەهیدبکرێت، چونکە ئەو بەهۆی بڕوای بێپایانی بە دۆزی کورد و شۆڕشی چەکداری گەلەکەی بەڕاستی لە هیچ سڵی نەدەکردەوە. بەڵام شەهیدکردنی بەم شێوەیە جێگەی داخ بوو، داخێک کە هەرگیز دوایی نایەت و برینێکە کە هەرگیز ساڕێژنابێت.
پاش ماوەیەکی چەند حەفتەیی ئومێدم هەر هەبوو کە لەژیاندا مابن بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە و دۆست و خزمان ڕێگای قەرەداغم گرتەبەر. هەواڵم لابوو کە لە زیندانەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆمەڵێک ئەندازیار و پەیامنێری بیانی گیراون و فڕێندراون. ئەوەم بە دەررفەتێکی باش زانی چونکە هەمیشە دوژمن بۆ بڵاونەبونەوی چالاکی پێشمەرەگەی کوردستان ئەو بیانیانەی بە پێشمەرگە بەندکراوەکان دەگۆڕیەوە. بروسکەو جوابم بۆ جەنابی مام جەلال نارد! فەرمووبوی ئەوەی بە ئێمە بکرێت بۆ ڕزگارکردنی عەبدوڵا حازرین، بۆیە بەرەو ناوچەی سەرگەڵوو و یاخسەمەر کەوتمەڕێ.
گشتمان ١٧ پێشمەرگە بووین، لە بناری قەندیلەوە بەڕێکەوتین تا گەیشتینە بارەگایەکی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لە دێیەکی ڕوخاو لە سەر چەمی تەیەت بە بەری کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە، پاشان بە هۆی سیمەوە نەفەر نەفەر، کە بەڕاستی ناڕەحەت بوو، لە ئاوی ئەو چەمە پەڕێنەوە ئەوبەری کوردستانی خۆمان باشور.
ئاوی ئەم چەمە کەوتۆتە نێوان مەرزی ئێران وئیراق و سەرەتا لە ناوچەی سەردەشتی کوردستانی ڕۆژهەڵات و زنجیرەچیاکانی قەندیلەوە هەڵدەقوڵێت و لەگەڵ گشت چەمە بەناوبانگەکانی ناوچەی خۆمان وەکو، چەمی چۆمان، چەمی قەڵاجوالان، چەمی سیوەیل تێکەڵ دەبن لەکۆتایدا بەناوی چەمی تەیەت دەڕژێتە بەنداوی دوکان پاشان ناوی ئەم ڕوبارە بە پێی گوزەری بە هەرناوچەیەکدا دەگۆڕدرێت و بەگشتی پێی دەوترێت زێی بچوک و لە کۆتایدا دەڕژێتە ڕوباری دیجلەوە.
لە بەری ئەوبەری ئاوەکە بە شاخی ئاسۆدا سەرکەوتین، شاخێکی سەختی وشکی بێئاوی ڕەق وتەق، چیاكە دەڕوانێت بەسەر کۆمەلە ناوچەیەكی فراوانی كوردستان بە تایبەتی شارۆچکەی بنگرد، مەرگە، پشدەر و دەشتی بتوێن، و پاشان دەریاچەی دووكان لە بەردەمیدایە، ئەم چیایە بەرامبەر چیاكانی قەندیل و مامەندەیە کە پشتیان لەشاری قەڵادزێی یە. لە سەر ئەم چیایەوە زنجیرە چیاکانی پێرەمەگەرون دابان و سارا بە جوانی دەردەکەون. بڵندترین لوتکەی ئەم چیایە ناوی گۆڕسە و هەردەم جێگەی نەبەردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو لە گشت شۆڕشەکاندا.
پاشان شۆڕبوینەوە بەرەوڕوی شارۆچکەی بنگرد. ئەو شەوە دیسان لە یەکێک لە بارەگای پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە یەکێک بوو لە بارەگاکانی شێخ سەدرالدین لە بەری بنگرد ماینەوە! وەک ڕەوشتی جوانی ناوچەکەو عەشایەری کورد زۆر بەجوانی میوانداریان کردین و پشوماندا. ئیتر بەیانی زوو ڕێکەوتین بەرەو ناوچەی سەرگەڵوو/ بەرگەڵوو. ئێوارە گەیشتینە ئەو دەڤەرەو لە بارەگای ناوچەی دوکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی گوێزیلی ماینەوە. پاشان برای بەڕێزم ڕۆشنبیری شاخ کاک حەمەی حەمەباقی وەکو دۆستێکی نزیکی بنەماڵەکەمان هات بەرەوپیرمانەوە و بۆ ڕۆژی داوای لە گوندی سەگەڵوو لەگەڵ بەڕێزان کاک نەوشیروان مستەفا و بەڕێز کاک ملازم عومەر عەبدوڵا دانیشتم.
دیار بوو مام جەلال ئەو ڕۆژە بەرەو دەرەوی وڵات سەفەری کردبوو وەپێش ئەوەی بڕوات لە بارەی سەردانەکەی منەوە هەموو گفتێکی دابوو بە سەرکردایەتی یەکێتی بۆ هاوکاریم، بەڕێزان کاک نەوشیروان مستەفا و کاک ملازم عومەر عەبدوڵا زۆر بە ڕێزەوە پێشوازیان لێکردم و دوبارە وتیان دەرگای گشت سجنەکانی یەکێتی نیشتیمانی بۆ جەنابتان ئاوەڵایە هەرکەسێکتان پێویستبێت بیدەنەوە بەڕژێم بۆ گۆڕینەوە لەگەڵ مهندس عەبدوڵا و هاوڕێکانی. ئەو نیتە جوان و ئەو هەڵوێستە کوردانەی ئەوانم زۆر لا پیرۆز بوو وە هەرگیز فەرامۆشی ناکەم.
گوندە جوانەکەی سەرگەڵوو کەتۆتە شارەدێی سورداش سەربە شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی. ئەم گوندە لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ گوندی شاقوڵی و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی شەدەڵە و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چاڵاو و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ شارۆچکەی سورداش هاوسنوورە.
ڕێگایەکی دورو درێژمان بڕیبوو شەکەت و ماندو بووین بۆیە دیسانەوە دوای دوو ڕۆژ پشو لە ناوچەی سەرگەڵوو بەرەو دەڤەری قەرەداغ بەڕێکەوتین. لە کاتژمێر شەشی بەیانیەوە لە نزیک گوندی هەنارانی سەروو بە دۆڵی نادر دا تێپەڕێن کە دۆڵێکی دوورودرێژ و وشک بوو، زۆر شەکەت و ماندووبووین، ئەم دۆڵە وشکە ئه‌وه‌نده‌ دوورو درێژ بوو هه‌ر ئه‌رۆیشتین و نەدەگەیشتینە کۆتاییەکەی تا گەیشتینە نزیک تاسلوجەوە بە درەنگانی شەو لە ترسی کەمینی جەیش و چەکدارانی کوردی فەوجە سوکەکان و ڕوناکی گڵۆپەکانی جادەکە یەک یەک بە نێوجادەی قیردا پەڕینەوە ئەوبەر لە پشتی کۆمەڵگەی بازیانەوە بەنێو گوندێکی ڕوخاو گوزەرمانکرد.
کاتژمێر ١٢ نیوەشەو گەیشتینە گوندی مەحمودییە، لە دوورەوە سەگی گوندەکە پێمان دەوەڕی، جوان لەبیرمە کە پێشمەرگەکان لە هێلاکی و ماندوویدا لە خۆشی ئەوەی کە گەیشتبونە ئاوەدانی بەقوربانی دەنگی سەگەکان دەبوون. دانیشتوانی ئەم گوندە پێکدێت لە چەند عەشیرەتێکی مەنمی و بێسەری و تیلەکۆ، گوندنشینەکان وتیان نابێت ئەمشەو بمێننەوە چونکە ئەگەر بەڕۆژ لەم دەشتەوە بپەڕێنەوە، لە مۆڵگەیەکی چەکدارەکانی ڕژێم کە لە سەر یەکێک لە بەرزاییەکانی ئەوێ بوو، تەقەتان لێدەکرێت. بۆیە پاش پشویەکی کورت لەوێ تۆزێک نانمان خوارد و ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێشمەرگەکان هەر ئەو شەوە بەڕێکەوتن تا بەری قەرەداغ.
بە نزیک گوندی دێلێژەدا بەرەو ئامانجەکەمان ڕۆشتین. گوندی دێلێژە یەكێكە لەگوندە ڕەنگینەکانی‌ ناوچەی‌ قەرەداغ، کۆتا گوندە لەڕۆژئاوای‌ ناوچەی‌ قەرەداغەوەو لای‌ خوارەوەی‌ ڕوباری‌ باسەڕەیە، لەڕۆژهەڵاتەوە زنجیرە چیاکانی‌ قەڵای‌ بەخشی‌ لەناحیەی‌ بازیانی‌ جیادەکاتەوە. لەوێوە بەرەو گوندی دەربەندفەقەرە ڕۆشتین. بەگشتی نزیکەی حەفتەیەک بەڕێگاوەبوین تا گەیشتینە ئەوێ.
عەبدوڵا جگە لە برا، خۆشەویسترین کەسیشـم بوو، لە هەموو ژیانیدا بۆ جارێکیش بە بیرم نایەت کە دڵی ڕەنجاندبم. هەمیشە جێگەی شانازی ناوچەکە و خزمان و پشت و پەنای گشیان بوو. هەرچۆنێک بوو ئەو شەوە لە دەبەندفەقەرە خەوتین و ڕۆژمانکردەوە، بەربەیانی زووکە لەخەو هەستام چاوێکم بە بارەگا چۆڵ و هاوسەنگەرەکانیدا خشاند، کە ئاوا بێناز دەسوڕانەوە، هەست و ئازارێکی زۆر ناخۆش لە دڵەوە دەیڕەنجاندم، هەردەم لەو خەیاڵەدابووم کە چۆن ئەوانەی دەستیان لە پیلان و شەهیدکردنی ئاوەها شۆڕشگێڕێکی دلێر دا هەبووە تا ئیستاش لە ژیاندا مابن و لە شارەکانی بەغداو سلێمانی بە زیندویی بسوڕێنەوە. بەڕاستی ئەو خیانەتکارانە و ئەوانەی لەپشت ئەو پیلانە چەپەڵەوە بوون بەتایبەتی سالە و حەمەکەریمی خەڕات بەپێی گشت یاساکانی ئاسمان و ڕێسمان مافی ژیانیان نەمابوو.
گوندی دەربەندفەقەرە لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی قرستی سەروو و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی فەقیرە لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی خەرجانە و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ گوندی وێلەکەی خواروو. ئەم گوندە سەر بە شارەدێی تانجەرۆیە لە پارێزگای سلێمانی.
ماوەی سێ مانگ لەو ناوچە ئازادکراوانە مامەوە بە گشتی و بەتایبەتی لە بارەگای ناوچەی چوارتا لە گوندی دەربەندفەقەرە تا خەبەرێک یاخود سۆراغێکم دەستکەوێت. زۆرکات لەگەڵ برا پێشمەرگەکان بە چالاکی دادەبەزین بۆ دەوری ئۆردوگاکانی نەسر.
ڕۆژانە لە کۆمەڵێک لایەنی جیاواز کە سەرچاوەی زۆربەیان سەربە دەستگا سیخوڕەیەکانی ڕژێمی بەعس بوون هەواڵم پێدەگیشت، هەر ڕۆژە بەجۆرێک و بەسەرهاتێکی تایبەتیان بۆ دەگێڕامەوە، کە ئێستا ئەوەتان لە ئەمنی عامەی بەغداد، یەکێکی تر دیگوت کە ڤیدیۆیەکیان بڵاوبۆتەوە کە تێیدا هەرسێکیان شەهید بوون، سجنێک دەیگێڕایەوە کە لە سەنتەری دەستگای سیخوڕی سەربازی ئێراقی بە ڕێکەوت مهندس عەبدوڵای بینیوە کە زیندانە لەوێ، بە دەیان داستانی جیاواز جیاواز...
بەهۆی بەردەوامی خەباتی پێشمەرگایەتی، زۆربەی خەڵکی ناوچەکەو سەرۆکی چەکدارانی کوردی فەوجە سوکەکانم دەناسی، بەنهێنی پەیامم بۆ زۆربەیان نارد ویستم لە ڕێگەی ئەوانیشەوە سەرەداوێک و هەواڵێکم دەستکەوێت، بەڵام دیاربوو کارەکە زۆر بە نهێنی جێبەجێکرابوو تۆڕی پیلانەکە بەس ئەو بنەچە خیانەتکارەو دەستگاکانی جاسوسی ئێراق دایانڕشتبوو و تێیدابەشداربوون، بۆیە نەمتوانی بەهیچ هەواڵێکی مسۆگەر بگەم.
لەداوی کوشتنی حمەی خەڕات و جەماعەتەکەی، براکانی تری هەرگیز دانیان بەو خیانەتەدا نەدەنا و بە بێ هیچ ترسێک لە ڕژێمی بەعسی دانیان بە پەیوەندی خۆیان لەگەل عەبدوڵا دا نابوو وە هەر دووپاتیان دەکردەوە: کە ئەو لەو ڕێگەیەوە لە سەیارەکانی ئەوان دابەزیون و گەڕاونەتەوە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی شۆڕش. ئەیانووت: پاشان گوێبیستی کومەڵە تەقەیەکیش بوون لە کاتی دورکەوتنەوەیان لەو شوێنەوە، ڕێی تێدەچێت لەوێ لەلای خۆتان شەهیدکرابن. بە تایبەتی ئەو شوێنەش کە ناونیشانیان دەدا سەرەڕێی پێشمەرگەکانی یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان بوو.
دەستگاکانی سیخوڕی ڕژێمی ئێراق بەهۆی هۆنینەوەی ئەم وتەیەوە دەیانویست بە تیرێک دوو نیشانە بشکێنن، سەرتا عەبدوڵا یان وەکو بەربەستێك لە سەرڕێگەی داگیرکاری خۆیان دوورخستەوە و پاشان قۆناغێکی نوێی شەڕی براکوژی هەڵگیرسێنن، بۆیە بە بەردەوامی پیلانی ئەوان ئەوبوو کە بڵێن عەبدوڵا و هاوڕێکانی لە نێو ناوچەئازادکراوەکانی خۆتاندا شەهیدکراون، واتە لە لایەن پێشمەرگەی حزب و لایەنە سیاسیەکانی ترەوە شەهیدبوون تا دوبارە وەکو مەرامی گڵاویان ئاگری براکوژی خۆشبکەنەوە. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە زۆر بێبنەماو جێگەی باوەڕی کەس نەبوو چونکە مهندس عەبدوڵا بە بێ دودڵی خۆشەویستی گشت هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەبێ جیاوازی جێگەی ڕێزی گشت لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپای ئەوسای ناوچەکە بوو. ئاشکرا بوو کە گێڕانەوەری ڕووداوکە و ئەم قسانەش بەشێک بوون لە پیلانە گڵاوەکەیان کە شوکور بۆخوا هەرگیز ئەنجامی خۆی نەپێکا.
هەردەم دەمگوت: باشە یەکێ نەبوو لەو کاتەدا پێیان بڵێ ئەرێ ئێوە ئاوا بە ساکاری دان بە پەیوەندی خۆتان لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکانی شەڕی پارتیزانی دژی ڕژێم دەنێن و هەر ئاوا لەشار دانیشتون؟ کەواتە هەر لە بنەڕەتەوە گشت گفتار و ڕەفتاریان بە فەرمانی دەستگا سیخوڕیەکانی ڕژێم بوو.
ئەوکاتە من نەگەیشتبومە دەربەندفەقەرە کە پاش مانگێک لە دوای شەهیدکردنی عەبدوڵا و هاوڕێکانی زانرابوو کە هەر لەو شوێنەی کە گوایا جەماعەتی خەڕاتەکان عەبدوڵا و هاوڕێکانیان بەرو ناوچە ئازادکراوەکان بەڕێکردووە کە دەکەوێتە نێوان مۆڵگەیەکی جەیشی بەعس و چەکدارانی کوردی فەوجە سوکەکان، هەر لەو نێوەندەدا سێ جەنازە کەوتبوون، کە لە بەر گوزەری کات تێكچوبوون و نەدەناسرانەوە بەڵام لە نێو پۆشاک و گیرفانەکانی یەکێکیان شتومەکی عەبدوڵای تێدابوو تەنانەت حەبی گەدە کە زۆر دەیخوارد، بەناوی سایمیتدین، چونکە هەر لە مێژەوە گرفتی لەگەڵ ترشی گەدە هەبوو، بۆیە هەمیشە بنێشتی کوردی، سەهم و ئەو جۆرە دەرمانەی پێبوو. خزمان بە نهێنی جەنازەکانیان گواستوبوەوە بۆ شاری سلێمانی و بەڕێزەوە لە گردی سەیوان لەپاڵ یەکتردا بەخاکیان سپاردبوون. چونکە بەشێوە و ڕوخسار نەدەناسرانەوە بۆیە تائێستاش هیچ کێلێکیان ناوی لەسەر نییە. تا ئەمڕۆکەش هیچ بەڵگەیەکی حاشاهەنەڵگرم وەچنک نەکەوت تا لە چارەنوسی نەمان و ژیانی ئەوان دڵنیابم. ئەم سێ شۆڕشگێڕە بەڕاستی سەربازی ونی گەلی خۆیانن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×