هەڵواسینی ئازارەکانی ژنان لەڕێگای کراس‌و جلوبەرگەکانیانەوە لەسلێمانی نوێ نییە!

ته‌رزه‌ جاف
  2020-10-27     815
ئازار وایە ئیتر.. سیما ئارامەکان دەشێوێنێت!
"شەوباش
من ناوم کراسی ژنانەیە
ئەوەی نیشتیمان پێی شەرمە بیکاتە بەری خۆی
منم "
شێرکۆ بێکەس وای وتووە ...

هەڵواسینی ئازارەکانی ژنان لەڕێگای کراس‌و جلوبەرگەکانیانەوە لەسلێمانی نوێ نییە!

دوابەدوای راپەڕین و ئازادکردنی سلێمانی و دەستگرتن بەسەر ئەمنە سوورەکەدا کابینەیەک دۆزرایەوە کە تایبەت بو بەدەستدرێژی کردنە سەر ژنان و کچانی پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە و ئەنفالەکان.

پێشمەرگەکان بە شەرمەوە کراس و دەلینگ و ژێرکراسە پوولەکە و سوورمە و جەلسەکانیان بە دەرگای کابینەکەدا هەڵواسیبوو،

ئێمە بە هەنگاوی پڕ فزووڵەوە چووینە لای کابینەکەوە، پێشمەرگەکان بە چاوێک پێیان وتین زۆر نەچینە ژوورەوە، ئەوان چاویان پڕ بوو لە شەرمەزاری و ئازارەکانیان ئاوەڵا کردبوو وەک برینێکی تەڕ کە خوێن و کێمی لێ بچۆڕێ.

دیارە هاونیشتمانییەکان ئەو ئازارەیان ئەوەندە داپۆشیوە تا ئەو ڕادەیەی کە بیریان چووەتەوە کە ئەو برینە ژنانەیە هێشتاش خوێنی لێدەچۆڕێ، هەر بۆیەش دوای سی ساڵ لە هەڵواسینی دەلینگ و دەرپێ و سوخمەی ژنەکان بە هەڵواسینی پارچە جلەکانیان کۆمەڵ ڕادەچڵەکێت و هیستیریا دەیگرێت!

ئەوەی کە کراسەکانی ئەمڕۆ و ئەوانەی دوێنێ جیادەکاتەوە سەرچاوەی ئازارەکەیە!

ئەوەی ئەمنە سوورەکە سەرچاوەکەی بەعسییەکان بوون و بەڵام ئەمەی ئەمڕۆ سەرچاوەکەی برا و مێرد و برایە ...

سووتاندنی کراسەکانیش دەلالەتە بۆ ئەوەی پرۆژەکە ئامانجەکەی پێکا و گەیشتە ناخی کۆمەڵگا ...

لە کوێوە کۆمەڵ گەیشت بەم ئەنجامەی کە شەرم لە ئازارەکان نەکات، بەڵام شەرم لە نمایشکردنی ئازارەکان بکات و تووڕە ببێت؟

ئەو پارچە پەڕۆیانە مێژوویەک دەگێڕنەوە کە بە بیانووە جیاوازەکانی کۆمەڵ و نەریت و ئایین و فەرهەنگ و کولتووری جیاکاری بەرانبەر ژنان خودی ژنان و کچانی ئەم وڵاتەیان کردووە بە قوربانی .

بەداخەوە سوپایەکی تیکتۆکەرو سناپەر هەیە کە ئەرکی ئەوەیە رووخسارێکی ساختە بەم نیشتمانە ببەخشێت و بڵێت ئەم وڵاتە مەنزڵگەی ژنانی ئازادەو بەناوی مۆدێل و ژنی ئازادەوە ئازارەکان داپۆشراون و بەڕووتکردنەوەی لاق و لەتەری کۆمەڵێک کچ و ژنانی پاتاڵ و بەتاڵ کەیسی راستەقینەی ژنان بەنوکتە بکات و بڵێت ژن دنیایان خوارد !

ئەوەندەش بە ڕێکخراوی ئەمانە کاری خۆیان دەکەن کە چیتر کۆمەڵ بەڕانی ڕووتی لەشفرۆشەکان ڕاناچڵەکێت، بەڵام بەسەرپۆشی قوربانییەکان دەهەژێت.

سەیرە کە هێرش دەکرێتە سەر کراس و پەڕۆکان کە گوایە جوان نین؟

جا کێ وتویەتی دەبێت ئازار جوان بێت؟

بە چ پێوەرێک دەبێت برینەکان دڵگیر بن؟
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×