جەنگ‌و ململانێكانی توركیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

دانا مه‌نمی‌
  2020-10-30     1092
جەنگ بە تەنیا پێكدادانی چەكداریی نێوان لایەنەكان نیە، بەڵكو ململانێی ئابوری و سیاسەت و پێكدادانی ئایدۆلۆژیای لایەنەكانەكانیشە ،هەموو قەوارەیەكی جەنگیش دەگەرێنرێتەوە بۆ ئامانجە سیاسیەكەی هەركاتێك وڵاتێك بكەوێتە جەنگەوە جا چ ئەو جەنگە خۆی هۆكاری هەڵگیرساندنی بێت یاخود بەسەریدا بیسەپێنرێت، ئەوا دوچاری تێكچوون و داڕمانی دۆخی ئابوری دەبێتەوە، چونكە خەرجییەكان زیاد دەكات بۆ جوڵاندنی هێزی سەربازی پێویستی بەكڕینی كەلوپەلی سەربازی و كڕینی چەك و پێداویستییەكان، سەرباری ئەو زیانانەی كە جەنگ لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت و لێكەوتەی جەنگ كاریگەری خراپی لەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیەو بۆ بنیاتنانەوەیان پێویستی بەخەرجی زۆرە، جگە لە زیانە مرۆییەكان كە هەموو ئەمانە تێچووی زۆریان دەوێت.

گرنگترین ململانێ و پرسی ناكۆكی نێوان توركیا و ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا و بەشێك لە وڵاتانی بەرەی عەرەبی بریتیە لە هاوكاریكردنی توركیا بۆ بزوتنەوەی توندئاژۆو ڕادیكاڵەكان،پاشان پرسی دەستێوەردانی توركیا لە كاروباری سوریا - ڕۆژئاوا ، لیبیا وعێراق - هەرێمی كوردستان ، فەلەستین و كڕینی سیستەمی موشەكی ئیس٤۰۰ و كێشەی پەكەكەو پرسی گازی سروشتییە لە دەریای رەش دا ، توركیا لەگەڵ وڵاتانی بەرەی عەرەبی هەریەك لە ( میسر و سعودیە و ئیمارات و بەحرەین وسوریا و لیبیا و تونس و سودان و عێراق ) لە ململانێدایە و تۆمەتبار دەكرێت بە هاوكاریكردنی گروپە چەكدارە تیرۆریستەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، لەلایەكی ترەوە ململانێی توركیا و ئەمریكا پەیوەستە بە كرینی سیستەمی موشەكی (٤۰۰S) و پرسی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ ڕۆژئاواو پارتی كرێكارانی كوردستان ،دیوێكی تری ئەم ململانێی نێوان توركیا و ئەمریكا پەیوەندییەكانی توركیایە لەگەڵ روسیا و چین ،بەرەیەكی تری ململانێی توركیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا پرسی كوردو ئەرمەن و مافەكانی مرۆڤ و پرسی گازی سروشتی یە لە دەریای ڕەشدا ،وڵاتانی (فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا و قوبرس و یۆنان ) و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی دژی توركیا بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانی گازی سروشتی هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە .

توركیا لەگەڵ ڕوسیا لە ململانێدایە لەسەر كێشەی سوریا و دەستێوەردان لە كاروباری ئەو وڵاتە ،ڕوسیا توركیا تۆمەتبار دەكات كە ڕۆلێكی خراپ لە كێشەی سوریا دەگێرێت و هاوكاری گروپە تیرۆریستەكانی (داعش، القاعیدەو بەرەی نوصرە)یە و ژێر بە ژێریش دژ بە وڵاتەكەی هاوكاری گروپە چیچانیەكانە دەكات ،هەرچی وڵاتی ئیسرائیلیشە توركیا تۆمەتبار دەكات بە هاوكاریكردنی بزوتنەوەی حەماس و دەستێوەردان لە كاروباری فەلەستین ،توركیا لەم ململانێەدا لەگەڵ دژەكانی دەیەوێت هەژموون و پێگەی خۆی ڕابگرێت و ببێتە هێزێكی ئیقلیمی و بەشوێن كارتی سیاسیەوەیە ،توركیا دەیەوێت لە سوریا لەریگەی دەستێوەردان ودژ بە بەرهەڵستیەكانی عەفرین پشتگیری هێزە ئیسلامییە توندرەوەكان بكات ، لە سودان بە پرۆژەی ئابوری درۆزنانەو لە قوبرس و یۆنان بە كردنەوەی سنورەكانی بەڕوی كۆچبەران و دەرهێنانی گازی سروشتی و لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە لەشكركێشی و لە وڵاتانی تری بەرەی عەرەبی بە سیناریۆی جۆراو جۆر خۆی بكاتە بەرەیەك لە فرە جەمسەریی (ڕوسیا ، ئەمریكا ، چین ، یەكێتی ئەوروپا).
 
لەنێوان نەئاشتی و نەشەڕی ڕاستەوخۆ دیوێكی تری ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگی بەوەكالەتە كە زلهێزەكان جەنگی بەوەكالەت بە وڵاتی ئیقلیمیەكان ئەنجام ئەدەن و وڵاتانی ئیقلیمیش لە رێگەی دەستێوەردان لە كاروباری ئەو ولاتانەی كە سنورەكانی كراوەیە بۆ دەستێوەردان و ئاسایش و سەقامگیری تیدا نییە ،پەیوەندی بە هێزو گروپە جیاوازەكان لە ئەوپەری ئیسلامییەوە بۆ ئەو پەڕی عەلمانی و ناسیۆنالیزم دەكەن تا ببنە چاوساغیان و بەرژوەندییەكانیان بپارێزن و مەرامی سیاسی خۆیان بهێننە دی ،ئەم سیاسەت و ستراتیژە بێ ئەوەی ڕێساكانی بگۆڕدرێن بە گەمەكەری نوێ و سیناریۆی نوێوە مانگ و ساڵ بەڕێدەكات و ململانێكان گەورەتر دەبن ،ئەوانەی پێیان وایە جیهان شوێنێكە بۆ بێلایەنبون هەڵەن زۆرینەی دەوڵەت و حكومەتەكان لەژێرەوە سەر بەم و بەو دەبن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×