خۆناسین لەپێش خودا ناسین 

دانا مه‌نمی‌
  2023-10-03     448

مرۆڤەکان هەروەک چۆن لە شکڵ و شێوەدا جیاوازن  ، ئاواش لە سیفات و سلوک و ئاکاردا جیاوازن ، ئاشنابوونی مرۆڤ بە ووجودی شتە ماددی و رۆحیەکان هۆکارێکی گرنگە بۆ خۆپاراستن لە پێشهاتە خراپەکان ، لەناسینی مرۆڤەکاندا ئەبێ وردبین بین خەسڵەت و تایبەتمەندی مرۆڤەکان بناسین پاشان بڕیاری دادپەروەرانەیان لەسەر بدەین ، زانستی ئانترۆپۆلۆژیا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ و كه‌لتووره‌كانی،  ئامانجی ئه‌م زانسته‌ تێگه‌ییشتنێكی گشتیه‌ له‌ بوونی مرۆڤ، بوونیک له‌ رابردوو بونێک لە ئیستادا، بەڵام کۆمەڵناسی و مرۆڤ ناسی دوو زانستی تری جیاوازن کە یەکەمیان ناسینی دەستەیەک لە مرۆڤ و ئەویتریان ناسی مرۆڤە . 

 

کاتێک سوکرات وتی "مرۆڤ خۆت بناسە"، مرۆڤ هەوڵی خۆناسین و خودناسی کردە یەکێک لە بابەتە گرنگەکان و کەڵکەڵەکانی، هەربۆیە ناسینی مرۆڤ و خودناسی زیاد لە ئاستێکی هەیە، میتافیزیکی، فیزیکی/ جەستەیی، بایۆلۆژی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، سیاسی، کەلتوری، مێژوویی، مەعریفی ، لەنێوان زانستی کۆمەلناسی و مرۆڤناسی دا پرسیارێک قووت دەبێتەوە لەوەی  ئایا کۆمەلگا مرۆڤ دروست دەکات یان مرۆڤ کۆمەلگا ؟! مرۆڤ بەرهەمی کۆمەلگایە یان کۆمەلگا بەرهەمی مرۆڤە ؟! زانستی مرۆڤناسی لێکدانەوەی کێشەکانی مرۆڤناسی یە بەلام زانستی کۆمەلناسی جیاواز لە زانستی مرۆڤناسی کۆمەلێک پێناسەو بیرکردنەوەی گشگیر دێنیتە ئاراوە هەر وەک رابێڕت مێڕتۆن دەڵێ: سەردەمی ژیانمان، سەردەمێکە کە کۆمەڵناسی حاکمە . لەپاڵ ئەم زانستانەدا زانستە ئیسلامیەکانیش خۆناسینی بەستووەتەوە  بە پێشەکییەک بۆ خودا ناسین .

 

لەناو زانستی مرۆڤناسی دا خودناسی وەک دیدێکی عەقلانی یەکێکە لە کێشەگەورەکانی مرۆڤ ، ئەم بابەتە کاری عەقڵە و پێداچونەوەیە بە خودی مرۆڤداو کارکردن لەسەر خود بەشێکە لە خودناسی ، بۆیە پێویستە کار لەسەر خۆمان بکەین ، بەڵام کێشەیەک کە لەنیوان مرۆڤ و خوددا دروست دەبێت ئەو سلوک و رەفتارەیە کە مرۆڤ لەگەل خودی خۆیدا روبەرووی دەبێتەوە ، بەریەککەوتنی مرۆڤ لەگەل خوددا سەرەتایەکە بۆ ناسینی خود وە هەتا ئەم خودناسییە یەکلایی نەبێتەوە ئەویترناسی لە ژیر پرسیاردایە ! 

 

“ معرفة النفس انفع معاريف ، من عرف نفسه فقد عرف ربه”. ئیمامی غەزالی لە کتێبی “کیمیای سەعادەت” دا خۆناسین ئەخاتە پێش خودا ناسینەوە ، زەرورەتی خۆناسین یەکێکە لە پێویستیە بەنرخەکانی مرۆڤ ، هەموو مرۆڤێک پێکهاتووە لە دووکەس کە ئەویش (خۆم و خۆم) تەنیای ئەو شوینەیە کە مرۆڤ خۆی تیدا دەدۆزێنەوە ، مرۆڤ لە تەنیایی دا باشتر بیردەکاتەوە باشتر خۆی و خۆی دەناسیت ، کاتیک دلخۆشە و گۆرانی بۆ خۆی دەلێ بە تەنها نییە و جگە لە خۆی کەسیکی تری لەگەلدایە کە گۆرانی بۆ دەچڕێت ئەویش خۆیەتی ،هەربۆیە مرۆڤ تەنیا بونەوەرێکە لە سەر زەویدا کە ئەرکی خودناسی لە ئەستۆدایە.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×