فەرەنسیە گێرەشێوێنەکان!

پشکۆ حەمەفەرەج
  2020-12-16     500
چەند رۆژێکە شەقامەکانی پاریس غەرقی بۆنی دوکەڵ و ئاگرو شەڕی نێوان پیاوانی دەسەڵات خەڵکانی ناڕازی بوە، لەبەر سێ هۆکاری و سەرەکی و سەدان هۆکاری لاوەکی
یەکەم:
ناردنی پرۆژە قانونی (ئاسایشی گشتی) لەلایەن حیزبی فەرمانڕەواوە بۆ پەرلەمان، ناوەڕۆکی پرۆژەکە بۆڕێگریە لەئازادی کەسی وپاراستنی کارمەندەکانی پۆلیس! ماددەی ٢٤ی قانونەکە کەهۆکاری گەورەی تەقینەوەی نارەزاییەکانی خەڵکی فەرەنسایە، ڕێگری ئەکات لەوێنەگرتنی کارمەندانی دەزگا ئەمنیەکان لەکاتی ئەرکداو ئەگەر هەرکەسێک وێنەیەکی نەشیاو بەمەبەستی زیان گەیاندن بەکارمەندانی پۆلیس لەتۆرە کۆمەڵاتیەکان بڵاو بکاتەوە ئەوا توشی سزای بەندکردن بۆماوەی ساڵێک و سزای پێ بژاردنی ٥٤هەزار ئیرۆ دەبێت!
دوەم:
هاوکات لەگەڵ ناڕەزاییەکانی ئێستای فەرنسادا بڵاو بونەوەی ڤیدۆی کامێراکانی چاودێری کە سێ کارمەندی پۆلیس ئازاری دەرهێنەرێکی میوزیکی بەرەگەز ئەفریقی دەدەن و پێش بڵاو بونەوەی ڤیدیۆکە پۆلیس راپۆرتێکی هەڵبەستراوی درۆیان لەسەر روداوەکە بڵاو کردبویەوە! هۆکارێکی دیکەی بشێویەکانی ئێستای فەرەنسایە.
سێیەم:
هۆکاری سێیەمی نارەزاییەکانی پاریس هەڵکوتانەسەر خێمەی چەند کەسێکی داوای مافی پەنابەرێتی بوو لەمەیدانی کۆمار لەپاریس، لەگەڵ ئازاردانی داواکارانی مافی پەنابەری و رۆژنامەنوسەکان، لەلایەن پۆلیسی پاریسەوە،
هەرچەند حکومەت و حیزبی فەرمانڕەوا هەوڵی هێورکردنەوەی باردۆخە شێواوەکە دەدات و بەڵێنی گۆڕین و هەمواری مادەی ٢٤ی داوە، بەڵام شەقامی ئاگر گرتو جگە لەرەتکردنەوەی تەواوەتی قانونەکەو سزای تونددانی پێشێلکەرانی مافی خەڵک، بەکەمتر رازی نابن!

ئەم کورتە باسە سەرەقەڵەمی باسێکی دورو درێژی چیرۆکی ئەو ناڕەزایی و شەپۆلە گەورانەی توندوتیژی ورەتکردنەوەی هەڵسەکەوتە نامرۆڤانەکانی پۆلیس و دەسەڵاتە لەپاریس و وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا، کەبەخوێندنەوەی چاودێرانی بارودۆخی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا لەگەڵ زیادبونی کێشەکانی ژیانی خەڵک و گەورەبونی کێشە کۆمەڵاتی و ئابوریەکان، چەند ساڵی داهاتو ساڵانی قورس و پڕ کێشەو ناڕەزایەتی گەورە دەبن بۆفەرمانڕەواکانی وڵاتانی پێشکەوتو و جیهان بەگشتی!

ئەم کێشەو ناڕەزایەتیە گەورانەی کەبەرۆکی وڵاتێکی وەک فەرەنساو وڵاتانی دیکەی ئەوروپاو ئەمریکای گرتوە، ژانی لەدایک بونی سەردەمێکی نوێیە لەگەڵ روبەڕوبونەوە لەگەڵ شکستی حکومەتەکان و سیستەمی دڕاندانەی سەرمایەداری، کەژیانی بەشی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتانی پێشکەتو و پیشەسازی هاڕیوەو رۆژ بەڕۆژ چینی ناوەڕاست زیاتر بەرەو لەناوچون ڕاپێج دەکات و سەرمایەدارەکان سەرمایەکەیان قەبەترو ژمارەی زیاتری خەڵک بەرە ژیانی هەژاری و کولەمەرگی و لانی کەمی بژی و مەمرە راپێچ دەکات

سەرەڕای بەردەوامی ژیانی ئاسایی و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بەهەمو کێشەو کەموکورتیەکانیانەوە لەوڵاتانی ئەوروپا کەمایەیی بەراورد نیە لەگەڵ کوردستان، بەڵام هەرگیز خەڵک ئامادەنیە دەستبەرداری ئازادیە کەسی و مافەکانی ببێت! رەنگە فەرامۆشکردن و خەفەکردنی ژیان و ئازادیەکانی خەڵک لەوڵاتێکەوە بۆ جیاوازبێت، بەڵام بۆ هەمیشە ژیان لەسەر ئەم سیستەمەی ئێستا کەسیستەمی چەوساندنەوەی مرۆڤە لەلایەن سیستەم و حکومەتەکانەوە بۆماوەی درێژ توای بەردەوام بونی نیەو نابێت!

ئەم کورتە نوسینە بۆئەوەیە هەرکەس ئەم نوسینەی خوێندوە لەگوگڵ یان یوتیوب گەڕانێک بکات بۆ روداوەکانی ئێستای فەرنساو بزانێت خەڵکی ناڕازی چ ئاگرێکی لەدڵی فەرەنسای دایکی شارستانیەت و خاوەنی شۆڕشی و رێنیسانس کردوەتەوە! بۆئەوەی بزانێت چ زیانێکیان داوە لەژیان و ئابوری فەرەنسا! ئەبێت ئەو نوزە نوزەش کەپیاوانی دەسەڵات لەکوردستان دەیکەن و باسی تێکدان و ئاژاوەگێڕی و پاراستنی ماڵی گشتی دەکەن شەرمەزار بکرێن، سەدان و هەزاران نمونەی وەک پاریس هەیە بۆئەوەی بدرێتەوە بەناوچاوی دەربارە بەرمل شۆڕەکانی دەسەڵات و حیزبی کوردیدا!

ئەگەر نۆبڵی شکست هەبوایە بێگومان ئەوە دەسەڵاتی کوردی یەکێک دەبو لەکاندیدە بەهێزەکانی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە! لەبری وازهێنان و داوای لێبوردن کردن لەو هەمو شکست و ماڵ وێرانیەی بەسەر خەڵک و وڵاتی کوردیاندا هێنا، لەبەرامبەردا جەلاد ئاسا کەوتونەتە کورد کوژی و رەشبگیری خەڵکی ناڕازی لەو عەقڵیەت و سیستەمە دۆڕاو و شکستخواردوە، ئەوانە لەبەرئەوەی ئاوەزی سیاسیان نیەو سەریان خاڵیە لەهەر بیروباوەڕو ستراتیژێک نەئەزانن لەدنیا چی دەگوزەرێ و نەدەتوانن ئەو سێ شارە بچکۆلە بەوهەمو سەرچاوەو داهاتەوە بەڕێوەببەن، نەڕێگەش دەدەن کەسانێک بێن ئەو میللەتە بەڕێوەببەن کەبزانن و بتوان، بێگومان دەسەڵات ئەو هەمو وێرانکاری و خراپەیەش بۆئەوە دەکەن ئەوان خۆیان نین و نەبون و نابن بەڵکو لەدەرەوە رۆبۆت ئاسا ئەیانجۆڵێننەوەو ئەگەر یەک سودیان بۆ کورد و خاکی کوردستان هەبێت بەبێ دودڵی پشتیوان و راگرەکانیان پێیان دەڵێن کاری ئێوە تائێرەو تەواو!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×