گواستنەوەی بۆ ماوەییانەی دەسەڵات و دەزگای هەواڵگریی

ئەحمەد ڕەسوڵ
  2021-07-17     580
یەکەم: ڕەگێکی مێژوویی
زۆر بۆ دواوە نەگەڕێینەوە و لە سەدەی هەژدە و نۆزدەوە واتا لە سەردەمی میرنشینەکانەوە، ململانێی نێوان ئامۆزاکان یان براکان لەسەر دەسەڵات لە دەسەڵاتدارێتییە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، زنجێرێکی نەپساوە تا ڕۆژگاری ئێستامان. هەر جۆرە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونێکی دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێبەری نەبووە لەو جۆرە ململانێ بنەماڵەییەی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی. هەر مۆدێل و فۆڕمێکی دەسەڵات وەکو شێخایەتی، ئاغایەتیی، خێڵەکیی و حزبیی یان تێکەڵە و تێکهەڵکێشی ئەمانە، گواستنەوەی دەسەڵات تیایاندا میراتگرانەی خوێن، پشت و بۆماوەیی بووە، سەرباری هەر بانگەشەیەکی ڕووکەشانەی هەندێکیان بۆ میکانیزمێکی مۆدێرنانەی دیموکراتییانە. واتا ئەم ململانێیەی نێوان ئەندامانی "ئامۆزاکان یان براکان" بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لەسەر دەسەڵات و یەکلاییکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی بە هێزی ڕووت، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و تا ئێستا کۆمەڵگای ئێمە بە هەر فۆڕمێکی ڕێکخستن و دەزگایی مۆدێرن نەیتوانیوە تێیپەڕێنێت و دابڕانێک لەگەڵ ئەو مێژووە درێژەیدا دروست بکات.
دووەم: فۆڕمی خێڵەکیی-ئایینیانەی حزب
حزبی سیاسیی وەکو پێکهاتەیەکی مۆدێرن بۆ ئۆرگانیزەکردنی کۆمەڵگا،دەسەڵات و دەزگاکان، مێژوویەکی کەمتر لە سەدەیەکی هەیە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. لە دوای حکومەتەکەی مەلیک مەحمودەوە، حزبی هیوا و دواتریش کۆمەڵەی ژێ کاف کە دواتریش بوو بە حزبی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن خوێندەواران و توێژی پێشکەوتووخوازانی ئەو کاتەوە، سەرەتای مێژووی حزبی سیاسیی و فۆڕمێکی دیکەی نوێی کایەی سیاسییە لە کوردستاندا، بەڵام هەر زوو ئەوانیش بە جۆرێک کەوتنە ژێر کاریگەریی هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا. واتا هەر لە سەرەتاوە هەوڵەکانی مۆدێرنیزەبوونی کایەی سیاسیی کە شکستی خوارد و کەوتە ژێر هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و وەکو خانەیەکی کانسەریی بە سەراپای جەستەی کایەی سیاسییدا بڵاوبووەتەوە.
سێیەم: ڕەگی خێڵەکیی-ئایینیانەی بۆماوەییبوونی دەسەڵات
تووشبوونی کایەی سیاسیی کوردیی بە ڤایرۆسی گواستنەوەی بۆماوەییانەی دەسەڵات ڕیشەکەی لەنێو بونیادی دەسەڵاتی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە. هیرارکیەت و گواستنەوەی دەسەڵات لە پێکهاتەکانی وەکو ئاغایەتیی و شێخایەتیی لە کۆمەڵگا بەر لە مۆدێرنەکاندا، ئاشکرایە شانداداو لەسەر خوێن و ڕەچەڵەک بووە. ئەم عەقڵییەتە و میکانیزمەی پشتاوپشت گواستنەوەی دەسەڵاتی ماددی و ڕەمزی لە سیستمە کۆمەڵایەتییە نامۆدێرنە ئاغایەتیی و شێخایەتییەکەی کۆمەڵگای کوردییەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو حزبی سیاسیی و کایەی سیاسیی لە سەدەی بیستدا. واتا بۆماوەییبوونی دەسەڵات لە حزبی سیاسیی کوردیدا، ڕیشەکەی دەچێتەوە سەر مێژوویەکی کۆنتر لە حزبی سیاسیی و لە نێو مێنتاڵیتیی و بونیادەکانی سیستمە دەسەڵاتدارێتییەکانی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە.
سەرنجبدە لە بازنەی یەکەمی دەسەڵاتدارانی هەر حزبێکی سیاسیی لە سەدەی بیستدا لە کۆمەڵگای کوردییدا، لە بنەماڵەی شێخ، ئاغا، سەید، مەلا، خان و بەگ، ...هتد، بوون، کە ئەو جۆرە لە پاشناو هێمایە بۆ هەژموون بەسەر مێنتاڵیتیی و کۆنەستی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا و هەروەها هێمایە بۆ درێژە کێشانی هەژموونی بونیادەکانی مێنتاڵیتیی ئاغا، شێخ و ..هتد بەسەر فۆڕم و پێکهاتە مۆدێرنەکەی سیاسەتەوە کە حزبە. بەدیوێکیتریشدا ئەوەمان پێدەڵێت کە گواستنەوەی بۆماوەییانەی هێز و هەژموون لە حزبیشدا ناتوانێت ئاغایانە و شێخانە نەبێت. واتا تێکهەڵکێشی بونیادە خێڵەکییەکەی مێنتاڵیتیی ئاغایەتیی و بونیادە ئایینییەکەی شێخایەتیی، بونیادەکانیی مێنتاڵیتی حزبی سیاسیی پێکهێناوە و لێرەوەیە گواستنەوەی بۆماوەییانەوەی هێز، هەژموون و دەسەڵات لە حزبی سیاسییدا، ڕەگێکی خێڵەکیی-ئایینیانەی هەیە کە لە مێژوویەکی دێرین و درێژی ئاغاواتیانە و شێخایەتییانەی کۆمەڵگای ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت.

چوارەم: دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان
دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان لە هەر ووڵاتێکی دنیادا لە بەشێکی کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە بەسەر هاوڵاتییانەوە و خزمەت بە هێشتنەوەی دۆخی جێگیر و باوی سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارێتیی دەکەن. لە بەشەکەیتری کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە لە پێناوی دەوڵەت و کۆمەڵگادا و دژ بە دەوڵەتانی دیکە و نەیارانیان.
لە دۆخی کوردستاندا، دوو دەزگای هەواڵگریی و سیخوڕیی کە سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانن لە هەر دەزگایەکی دیکەی حکومەتیی و ئەمنیی دیکە بەمەسرەفتر و پڕبودجەتر و گرنگترن بۆ دەسەڵاتدارانی یەکەمی حزب "یان ڕاستتر بۆ دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە". ئەم گرنگیی و بایەخپێدانە گەورەیەی ئەم دەزگایانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکەمی دوو حزبخێڵەوە، لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەسەڵاتداران بۆ هێزی ڕووتی سەربازیی، ڕووبەری مێدیایی و ئازادیی دەربڕین، ململانێی سیاسیی نێوخۆیی  لە نێوخۆی حزبدا و هەم لەتەک حزبەکانیتردا، چۆنێتیی دەستگرتن بەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵاتدارێتیی و تەواوی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، هەیانە. واتا لە بنەڕەتدا بەشە سەرەکییەکەی کاری ئەم دەزگایانە لە بەرئەنجامی تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانەوە بۆ کۆی پرسەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیی سیاسیی و دەزگاییەکانی کۆمەڵگاوە، بووەتە هەواڵگرییکردن بەسەر، سیخوڕییکردن بەسەر، هەڕەشەلێکردن، گرتن و ئەشکەنجەدانی هاونیشتمانییان جا ئەو هاونیشتمانییە چ ئەوەی کەسێکی نوسەر و ڕەخنەگری سەربەخۆ بێت، چ ئەوەی ئەکتیڤیستێکی کۆمەڵایەتی دەرەوەی چێوەی حزب بێت، چ ئەوەی ئەندام، لایەنگر و کادێری حزبە سیاسییەکانی دیکە و بەتایبەت دژبەران و ڕکابەرە سەرەکییەکانی بێت یان تەنانەت چ ئەوەی بازرگان و سەرمایەدارێکی دەرەوەی چێوە حزبیی و سیاسییەکان بێت. واتا بەبەشی گەورە و سەرەکیی، کاری ئەم دەزگایانە دژ بە هاونیشتمانییانە، بەبەشە بچوک و کەمەکەی کاریان لە دژی بۆ نمونە تاوانباران و تێرۆریستانە.
دەرئەنجام، ئەم دەزگایانە لە ژێر دەسەڵاتی، دەسەڵاتدارانێکی مێنتاڵێتیی خێڵەکیی-ئایینیانە، ناتوانن دەزگای پارێزەری هاونیشتمانیی، بە ئازادییە هەمەلایەنەکەیەوە لەگەڵ ڕێز و کەرامەتە ئینسانییەکەی بن.
زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×