پەروەردە، سیستمێک لە کێشەگەلی قووڵ و بونیادیی

ئەحمەد ڕەسوڵ
  2023-08-07     386

"مرۆڤ بە نەزانیی لەدایکدەبێت نەوەکو گەمژە، بەڵام لە ڕێگەی پەروەردەوە دەکرێتە گەمژە." فەیلەسووف، ماتماتیکزان و پەروەردەناسیی بەریتانیی بێرتراند ڕەسڵ (١٨٧٢-١٩٧٠)

 

کەمبایەخیی پەروەردە لە جیهانبینیی دەسەڵاتداراندا

            لە نێوکۆیی جیهانبینیی کایەی سیاسیی و بە تایبەتی دەسەڵاتدارێتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کایەی پەروەردە وەکو کەمگرنگترین ڕووبەری گشتیی دەزگایی لەنێو فەزای کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا هەژمارکراوە. کایەی پەروەردە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە فەلسەفەی حوکمڕاێنتیی و جیهانبینی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداراندا ئەگەر نەڵێین وەکو نەبوو مامەڵەکراوە ئەوا لە باشترین دۆخییدا وەکو مەسەلەیەکی زۆر پەڕاوێزیی و کەمبایەخ لێی دەڕوانرێت.

بەو پێیەی حزبی کوردیی، بە ستراکتورە خێڵەکیی-ئاغاواتییەکەیەوە،  کلتورێکی درێژیی حوکمڕانیی و مێژوویەک لە دەسەڵاتدارێتییەکی شارنشینیی و شارستانیی نەبووە بەر لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ هەتاوەکو بەتەنگ بونیادنانی  ژێرخانی فەرهەنگیی، شارستانیی و مەدەنییەوە بێت هاوشانی بەرەوپێشەوەچوونی سیاسیی و گەشەکردنی ئابووریی.

ئەو مێژووە چەکدارییە یاخیگەرییەی کە سروشتی شۆڕشەکان بووە وایکردووە هێندەی تاڵانکاریی و وێرانکاریی ئەکتی شۆڕشگێڕانە بێت هێندەش بیناکردنێکی دەزگایی،  فەرهەنگیی و ژیاریی نامۆ و غائب بێت لە مێنتاڵێتیی چەکدارییانەی شۆڕشدا ئەمە وەکو هۆکارێک لە هۆکارگەلی جیاواز، کە وایکردووە لە دوای ڕاپەڕینەوە، سەر لەبەری گوتاری سیاسیی و میدیایی ئەم دەسەڵاتدارێتییە ببێتە هەندێ چەمک و دەستەواژەی قەبە و بێچوارچێوە، بەبێئەوەی ناوەڕۆکێکی ئاشکرا و مانایەکی کۆنکریتیان پێبدرێت لە نموونەی ئاسایشی نەتەوەیی، پرسە گەورەکانی دەوڵەتداریی و سەروەری نیشتمانیی، خەبات و تێکۆشانی پڕشکۆی گەلەکەمان، شەهیدانی سەربەرز و خانەوادە سەربڵندەکانیان، شۆڕشگێڕانی قارەمان، سیمبولە مێژووییە نەمرەکانمان، میللەتی کوردی خۆڕاگر و قارەمان، ڕۆڵی دیپلۆماسییانەی کورد لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا، پەیوەندییمان لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزییدا، ... هتد کە هەر یەکێک لەم چەمک و وتەزایانە لە ئەزموونی ئەم دەسەڵاتدارێتییەی هەرێمی کوردستاندا چەندین مانا و فۆڕمی جیاواز و پێچەوانە بەیەکتریان لێبەرجەستە بووە لە هەمان کات، شوێن و سیاقدا.

کاتێک دەسەڵاتدارێتیی باسی سەروەری یاسای کردووە، ژێرپێخستنی یاسا و دادوەریی دیاردەیەکی هەر زەق بووە. کاتێک دەسەڵاتدارانێک باسی نیشتمانپەروەرییان کردووە، ناپاکیی نیشتمانیی گەورە، خاڵە درەوشاوەکانی مێژووی خەبات و تێکۆشانیان بووە. بە دەیان جار لە دەسەڵاتداران، بکەرانی سیاسیی، شرۆڤەکارە سیاسییەکانیان و کادێرە مێدیاییەکانیان و نووسەرە حزبییەکانیانەوە، بیستوومانە و خوێندوومانەتەوە کە بۆ ئەوان مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ دانیشتوان، کەرتی تەندروستیی و خزمەتگوزارییە پزیشکییە گشتییەکان، کەرتی پەروەردە، شەقام و ڕێگەوبانەکان، ...هتد پرسە لاوەکیی و پەڕاوێزییەکانن و ئەوەی سەنتڕاڵیی و ستراتیژیین لە کار و بەرنامەی ئەواندا بریتیین لە پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، مەسەلەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی، پێگەی سیاسیی و دیپلۆماسییەتی کوردیی لە ئاستی هەرێمایەتیی و جیهانییدا، پەیوەندیی نێوان لایەن سیاسییەکان ... هتد

لێرەوە، پەروەردە وەکو کایەیەکی پەڕاوێزیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، جگە لەوەی کە لە نوێکردنەوەیدا لەسەر هەموو ئاستەکان پەڕواێزیی بووە، ماف و جیاووگە شایستەییەکانی مامۆستایان و کادێرە پەروەردەییەکانیشی پەڕاوێزیی و کەمبایەخ بوون. واتا بە گشتیی ئەوانەی لەم کایەیەدا کاردەکەن توێژێکی ئۆرگانیکی بەڵام کەممافی کۆمەڵگای ئێمەن. هەر لە ئاستی مووچە و کۆمەڵێک ئیمتیازاتەوە بیگرە تا دەگات بە بەهاپێدانی مەعنەوی لەسەر ئاستی دەزگا گشتییە حکومییەکان.

 

پەروەردە، سیستەمێکی ئۆرگانیکیی

کایەی پەروەردە لە جیهانی هاوچەرخدا ئەگەر گرنگترین و لەپێشترینی کایەی نێو کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان نەبێت ئەوا هەڵبەت کە یەکێک لە کایە گرنگ و لەپێشترینەکانە لەسەر ئاستی بایەخداریی، بەرەوپێشچوون و نوێبوونەوەی بەردەوام لەلایەن دەوڵەت و کۆمەڵگاوە. کایەی پەروەردە جگە لەوەی کە لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و قووڵدایە لەگەڵ کۆمەڵگادا هەروەها بەشێکە لێی، ئەمە سەرباری ئەوەش کە کایەکە خۆی بەشێک لە بەرهەمهێنەرەوەی کۆمەڵگایە.

ڕۆژانە بەر ئەو بۆچوون و تێگەیشتنە دەکەوین کە هەموو ئەو قەیرانە درێژخایەن و بنەماییانەی کە کۆمەڵگای ئێمە  تیایاندا دەژی گرێدەداتەوە بە سیستمی پەروەردەوە. واتا بەگوێرەی ئەو تێگەیشتنە، ئەوەی کە سیستمی پەروەردە لە قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەندایە وایکردووە کۆمەڵگای ئێمە لە قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەندا بێت. ئەگەر بە دیوێکدا ئەم بۆچوون و تێگەیشتنە بەشێوەیەکی ڕێژەیی هەڵگری بڕێکی کەم لە ڕاستیی بێت، ئەوا بە دیوەکەی تریدا ئەو ڕاستییە فەرامۆش دەکات کە پێچەوانەکەیەتی، واتا ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە قەیرانگەلی قووڵ و بونیادیی دەژیی، وایکردووە سیستمی پەروەردەش وەکو بەشێکی ئۆرگانیکیی لە کۆمەڵگا، لە قەیرانگەلی قووڵ و بونیادییدا بێت.

ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی پەروەردە، ڕەگەزی ئۆرگانیکیین لە پەیوەند بە ناوەوە و دەرەوەی سیستمەکەوە. مامۆستا و فێرخواز دوو ڕەگەزی نێو سیتمەکەن کە خۆیان ڕەگەزی ئۆرگانیکی نێو کۆمەڵگاشن. واتا پەروەردە کە خۆی سیستمێکی ئۆرگانیکییە، لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیشدایە لەگەڵ کۆمەڵگادا.

کایەی پەروەردە دابڕاو نییە لە کۆی کایەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگا. لێرەوە کێشە قووڵەکانی نێو سیستمی پەروەردە لەنێو دەروونی کۆمەڵگا و کایەکانی دیکەوە سەرچاوەیان گرتووە. واتا ڕەگوڕیشەی کێشەکانی نێو پەروەردە لە بونیادە عەقڵیی و کۆمەڵایەتییەکەی کۆمەڵگاوە سەرچاوەیان گرتووە.

"مامۆستا و شێوازی بیرکردنەوەی لە هەرە گرنگەکانی هەر سیستەمێکی پەروەردەیە" گەورە پەروەردەکار و بیرمەندی ئەڵمانیی، ناسراو بە مامۆستای مامۆستاکان، ئادۆڵف دیێستەروێگ (١٧٩٠-١٨٦٦)

یاساکانی نێو سیستەمی پەروەردە دابڕاو نین و ناکۆک نین بە یاسا نووسراوە و نەنووسراوەکانی نێو کۆمەڵگا لە سیاسەت و کارگێڕییەوە بیگرە تا ئایین، کولتور و فەرهەنگ. ئەو مێنتاڵیتیی و مۆڕاڵەی لە نێو سیستمی پەروەردەدا کراوەتە مۆدێل هەمان مێنتاڵیتیی و مۆڕاڵی نێو کۆمەڵگایە، جیهانبینیی و تێگەیشتنی زۆرینەی ڕەهای مامۆستایان و پەروەردەکاران هەمان جیهانبینی و تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگایە و سەرباری ئەمانەش ئەو بابەتانەی لە نێو پڕۆگرامەکانی خوێندندا دانراون، گونجێنراون لەگەڵ عەقڵییەت و ئاکاری گشتیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا و دەسەڵاتداران. لێرەوەیە کە چاوەڕوانیی لە سیستەمێکی پەروەردەیی وەها بۆ پێگەیاندنی تاکەکەسی جیاواز، نوێگەر و پێشکەوتووتر لە سیستەمە کۆمەڵایەتییە گشتییەکەی کۆمەڵگا و چاوەڕوانیی بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی خاوەن عەقڵییەت و ئەخلاقیاتێکی بەرزتر لە عەقڵییەت و ئەخلاقییاتی کۆمەڵگا و هەروەها چاوەڕوانی لە وەها سیستەمێک بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ لە تێپەڕاندنی ئەو قەیران و کێشە قووڵ و بوونیادییانەی کە کۆمەڵگای ئێمە تیایاندا دەژی، جگە لەوەی چاوەڕوانییگەلی بێبنەمان و لەسەر نەخوێندنەوە و تێنەگەیشتن دەرئەنجەمەکانی خۆی بەدەستهێناون هەروەها دەیەوێت هەموو قورساییەکە لە وەئەستۆگرتنی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەو قەیران و کێشە قووڵانەی کۆمەڵگا بخاتە سەر شانی پەروەردە و پەروەردەکاران و هەروەها سیستەمی پەروەردەش وەکو بەرپرسیاری سەرەکی ئەو دەردەدارییەی کۆمەڵگای ئێمە دەستنیشان بکات. لە ڕاستییدا ئەم جۆرە لە بۆچوون و تێگەیشتن نەوەکو تێگەیشتن نییە و ڕێگاچارە نییە بەڵکو ئەم جۆرە خوێندنەوەیە بۆ خۆی قەیرانێکی گەورە و کێشەیەکی قووڵمان پیشاندەدات لە چوارچێوەی خوێندنەوە و تێگەیشتن لە قەیرانگەل و کێشەکانی کۆمەڵگای ئێمە. ئەم جۆرە بینین و تێگەیشتنە لەسەر تێنەگەیشتن و نەبینینی ژێر هەژموونی کەوتنی سیستەمی پەروەردە بۆ دەسەڵات و یاساکانی دەسەڵاتداران لەلایەک و مێنتاڵیتیی و مۆڕاڵی گشتیی باوی کۆمەڵگا لەلایەکی دیکەوە دەرئەنجامەکانی خۆی بونیادناون. بە کورتی ئەم جۆرە خوێندنەوە و تێگەیشتنە تاکڕەهەندە زیاتر لە نەخوێندەوە و تێنەگەیشتنەوە نزیکترە تا خوێندنەوە و تێگەیشتن.

ئایا کێشەی پەروەردە، پڕۆگرامەکانی خوێندنە؟ کێشەی کەمیی و بچووکیی بیناکانی ناوەندەکانی خوێندنە؟ کێشەی دواکەوتوویی سیستمی کارگێڕیی دەزگا پەروەردەییەکان و کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندنە؟ کێشەی نزمیی ئاستیی مەعریفیی، زانستیی و پەروەردەیی مامۆستایان و پەروەردەکارانە؟ لە ڕاستییدا قەیرانە قووڵەکەی سیستمی پەروەردە، هەموو ئەو کێشانەیە بەسەریەکەوە و لەوەش زیاتر کێشە بنەماییەکەی لەنێو خودی فەلسەفەی سیستمەکەدا، پڕۆسەکە و ستراتیژەکەیدایە.

 

نمرەی ڕووت، پێوەرێکی کارەساتبار

فەەلسەفەی سیستمەکە جگە لەوەی وەکو بوونێکی ئازاد، سەربەخۆ و خاوەن ماف، خاوەن بەهرە و توانای داهێنان لە مرۆڤ ناڕوانێت و هەروەها وەکو شوناسێکی جیهانیی و ئینتیمایەکی مرۆیی فراوان لە شوناس و ئینتیمای مرۆڤ ناڕوانێت. هەموو ئەمە جگە لەوەی پڕۆسە فێرکارییەکە و شێواز و تەکنیکەکانی مامەڵە و خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندندا، خۆی پاڵپشتیی لە وەها فەلسەفەیەک ناکات و هەروەها لە مەغزا و قووڵاییەکانی پڕۆگرامەکانی خوێندنیشدا نەوەکو وەها فەلسەفەیەک و ستراتیژێک ئامادە نییە بەڵکو مرۆڤێک پێشکەشدەکات لە ئاستیی مێنتاڵیتیی و مۆڕاڵدا داخراو و لە ئاستیی بیرکردنەوەدا نازانستیی و لە ئاستیی بەهرە و داهێناندا، مرۆڤێکی دەستوپێ سپیی و بێبەرهەم.

یەکێکیتر لە کێشە جەوهەرییەکانی سیستمەکە بە پێوەرکردنی نمرەیە، نمرە بە ڕووتیی و داماڵراو لە توانای داهێنان، داماڵراو لە توانای بیرکردنەوە و تێگەیشتن، داماڵراو لە بیرکردنەوەی زانستیی و لۆژیکی زانستیی. بەپێوەرکردنی نمرە لەسەر بەتووتییکردنی فێرخواز بونیادنراوە. ئەو هەموو پەیمانگا و سەنتەرە بۆ وانە تایبەتییەکان و خولەکانی بەهێزکردنی پۆلی دوانزە ئەوەمان پێدەڵێت کە هیستیریای نمرەی بەرز چۆن وەکو مۆتەکەیەک سوار سەر و ملی سیستمەکە بووە و مێشکی فێرخوازان و بەشێکی زۆر لە مامۆستایان و پەروەردەکارانیشی داگیردووە.

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×