پیرۆزگەرایی یا دامەزراوەکان؟!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-03-31     533

ئەو مەعریفە کەڵەکەبووەی کە مێژووی ئایینەکان بەیەکییانەوە ناوە، مەترسیدارە بەهۆی ئەو تێگەیشتنە موجەررەدەی کە ئەزموونی ئایینەکان بۆ پیرۆزگەرایی پیشانییان داوە. بەدڵنیاییەوە تێگەیشتن لە پیرۆزگەرایی لە تەوتەمییەتەوە دەستپێدەکات تا مەسیحییەت و ئیسلام. هەموو ئەمانە شێوازێکن بۆ تەفیسرێکی سایکۆلۆجی بۆ هەستکردنمان بە پیرۆزی کەسێك یا دەقێك یا شتێك، کە هێندەی تەفسیرێکی ناڕۆشن و تەمومژاوییە، هێندە پەیوەندی بە واقیعەوە نیە.

هەر ئەو تێگەیشتنە سایکۆلۆجییەشە، واپیشان دەدات کە مرۆڤ زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە لەڕواڵەتدا دەیبینین، لەهەمان کاتیشدا سادەیی مرۆڤ و باوەڕهێنانی بە چیڕۆکە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان، ڕێك پێچەوانەی ئاڵۆزییەکەی دەبێتەوە. یەکێك لەو دیاردانەی کە زۆربەی جاران لەپێناویدا ژیانی گروپێك یا کۆمەڵێك مرۆڤ کەوتۆتە مەترسیی و لەناوچوونەوە، بەخشینی پیرۆزگەراییە بە کەسێك یا دەقێك و دیاردەیەك، لەڕێی بەپیرۆز زانینی ئەو مرۆڤانەی کە هەژموونێکی ئایینی یا کۆمەڵایەتی باڵایان لە کۆمەڵگەدا هەیە. ئەو بەپیرۆززانینە لەکوێوە دێت، بۆ دەبێت مرۆڤێك پیرۆز بێت، لەکاتێکدا دەکرێت مرۆڤی دیکەش، لەوانەیە لەئاستەکانی مۆڕاڵ و مەعریفە و بەهاکانەوە بەرزتر و باڵاتر بن؟ لەبنەڕەتدا بۆ زۆرینەی مرۆڤەکان باوەڕ بە پیرۆزبوونی هەندێکی دیکە دەکەن؟

لەکۆنەوە جۆرێك لە ململانێی توند لەنێوان مەعریفە و جەهلدا هەبووە و بەردەوامیشە. ئەو دوو چەمکە هەمیشە بەدوو ئاڕاستەی جیاواز کار دەکەن و کاریگەری دادەنێن. لەکۆمەڵگە مرۆییەکاندا، چەند ئاستی مەعریفی قوڵ بێت، هێندە ئاستی جەهل لە دابەزیندا دەبێت، چەندیش ئاستی جەهل قوڵ بێت، مەعریفە لەقەیراندا دەبێت، ڕێك دەتوانین ڕووناکی و تاریکی وەکو دوو چەمکی بەرامبەر، بەراورد بە مەعریفە و جەهل بکەین. لەو ڕوانگەیەشەوە، چەند جەهل و بێئاگایی قوڵ و بەربڵاو بن، هێندە دیاردەی پیرۆزگەرایی بەربڵاو و ڕیشەدار دەبێت، بەو مانایەی چرنوکی ڕەگوڕیشەکانی خودی پیرۆزگەرایی لە قوڵایی جەهلەوە گیربوون و هێز و توانا و هەژموونی خۆی لە جەهل و نائاگاییەوە وەردەگرێت.

ئەو دیاردەیەی ئەمڕۆ لە زۆرێك لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا دەیبینین، لە پیرۆزکردنی کەسەکان و دیاردەکان، نیشانەن بۆ ئەو کۆمەڵگانەی کە لەڕووی دامەزراوەییەوە شکستییان خواردووە و لە قەیرانی فکری و مەعریفی قوڵ دان. لەسەر ئەو بنەمایەش، ئەگەر بەراوردی وڵاتانی دونیای سێیەم بکەین بە دونیای پێشکەوتوو، قانون بەمانا دەستووری و دامەزراوەییەوە، هێزی پیرۆزگەرایی لەهەموو کەس و دیاردەکان سەندووە و بۆخۆی مۆنۆپۆلی کردووە. بەو مانایەی چەند دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێز بن، هێندەش پیرۆزگەرایی لەپاشەکشەدا دەبێت و کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان کەمدەبێتەوە. پیرۆزکردنی مرۆڤەکان، بەڵگەیە لەسەر لاوازی و لەرزۆکی دامەزراوە و قانون و ڕێسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت.

مەرجەعە ئایینیەکان، لەهەموو ئاین و مەزهەبەکاندا، لەپانتایی خۆیاندا کار دەکەن، دەکرێت بۆ شوێنکەوتووانییان پیرۆز بن یا بە پیرۆز بزاندرێن، بەڵام کێ ڕێگەی بەو شوێنکەوتووانە داوە بۆ ئەوەی ئەو پیرۆزگەراییە بەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەدا گشتگیر بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامرازێکی تۆقاندن و تیرۆر بەکار بێنن؟ لەو جۆرە سیستمە لەرزۆکانەدا، ئەو سیستمانەی کە هیچ مێژووێکی قوڵ و قانونییان نیە لە پڕۆسەی بەدامەزراوەییکردندا، تەنانەت دامەزراوەکانیشییان لەسەر بنەمایەکی دروست و قانونیدا دانامەزرێن، لەوانەش دامەزراوەی پەرلەمان، کە تاکە سەرچاوەی قانوندانانە لە هەر وڵاتێکی خاوەن دامەزراوەییدا. بۆیە ئەو پەرلەمانەش کە زۆرینەی ئەندامەکانی لەو شوێنکەوتووانە پێك دێت کە نقومبوون لە پیرۆزگەرایی مرۆڤێك، بەهەمان ئاست ئەو پیرۆزییە بەو دامەزراوەیە نادەن کە تیایدا ئەندامن، بۆیە ئەو قانونانەش کە دەری دەکەن لەکۆتاییدا دەبێت لەخزمەتی ئەو ئاڕاستە پرۆزگەراییەدا بێت کە باوەڕییان پێی هێناوە.

لێرەدا، قسەکردن لەسەر سوکایەتیکردن نیە، سوکایەتیکردن لەچوارچێوەی چەند چەمکێکی دیاریکراودا دەکرێت پێناسە بکرێت، بەوەی پەلاماردانێکی ڕەگەزپەرستانە، یا شۆفنیستانەیە لەدژی مرۆڤبوونی مرۆڤەکان. هەموو مرۆڤەکان بەگشتی لەچوارچێوەی قانوندا کەسایەتییان پارێزراوە و خودی دامەزراوەکانیش بەو ئاڕاستەیە و لەخزمەتی تەواوی کۆمەڵگەدا کار دەکەن و کۆمەڵێک بەهای ئەخلاقی بەرز بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە و وەکو سوڕی خوێنی دەمارەکانی مرۆڤ لەسەرەوە بۆ خوارەوە و بەپێچەوانەشەوە هاوڵاتیی و دامەزراوەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەو ڕوانگەیەشەوە، خودی بەها ئەخلاقییەکان، هەموو جیاکارییەك لەمرۆڤەکان دەسەننەوە و دەیخزێننە پانتایی یەکسانی لەنێوان مرۆڤەکان. بەمانای ئەوەی هەموو مرۆڤەکان یەکسان دەبن لەبەرامبەر قانوندا. کەس بەسەر کەسەوە پیرۆز نامێنێت، پیرۆزی تەنها بۆ مافەکانە، پیرۆزی بەتەنها بۆ ئەو بنەما مرۆییانە دەبێت کە کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەقامگیر بەرهەم دێنێت، بێ ئەوەی فەزڵی هیچ کەس، گروپ، ئایین و ئێتنیک، چینێك بەسەر کەس، گروپ، ئایین، ئیتنیکێکی دیکە و چینێکی دیکەدا بدات. هەر بۆیەشە، لەوڵاتە پێشەکوتووەکاندا هیچ کەسێكی خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی یا ئاینی، بەدەر نیە لە ڕەخنە، بۆ ئەوەی هەمیشە لە پیرۆزگەرایی دۆگمایی داماڵرێن و ڕووتبکرێنەوە. هەر چرکەساتێك کەسێك کرا بە دۆگما و پیرۆزێندرا، بۆی هەیە کۆمەڵگە بە ئاڕاستەیەکی ترسناكدا ببات. لەسەر ئاستی ئایینی، مێژووی ئەمەویەکان، عەبباسییەکان و عوسمانیەکان پریەتی لەو پۆخڵەواتیە، بەهەمان ئاستی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوڕوپییەکان. لەسەر ئاستی سیاسیشدا، هێندە لەمێژ نیە مرۆڤایەتی ناڵاندوویەتی لەدەست هیتلەر و مۆسۆلۆینی و سەددام و ستالین و لەواقیعی ئەمڕۆشماندا ئایەتوڵاکان و پوتین و کیم جۆنگ ئون و ئەسەد و تاد، ئەو ڕژێمە ئۆتۆریتێرانەی کە ژیانی تەنانەت هاوڵاتییانی خۆشییان کردووە بە دۆزەخ.

لەعێراق، وەکو هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە بەئاستی جیاواز لەدەست بێ دامەزراوەیی دەناڵێنن. تا دوێنێ، سوننیزم لە عێراق وەکو دیوی دووەمی ناسیۆنالیزمی عەرەب، پیرۆزێندرابوو و شیعەکانییان دەچەوساندنەوە. ڕەگوڕیشەی ئەو چەوساندنەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دەستەڵاتەکانی ئەمەوی و عەبباسی و عوسمانیش، کە شیعە بە گروپێکی لادەر و هەڵگەڕاوە لەئایین تەماشا دەکران، هۆکارەکەشی پیرۆزکردنی ڕوانگە سوننییەکە بووە و هەمیشە ئاڕاستەیەکی شۆفێنی نەك هەر دژ بە ئایینە جیاوازەکان هەبووە، بەڵکو دژ بە خودی ئەو مەزهەبانەش، کە لەناو ئیسلامدا جیاواز بوون. شیعەگەرایی لە بەرامبەردا، دوای ئەوەی دەستەڵاتی لە ئێران و لەدوای 2003 ێش لە عێراق گرتە دەست، هێندە توندڕەوانە ڕۆیشتووە، بەها و نۆڕمەکانی خۆیشی بەسەر ئەوانیدیکەدا دەسەپێنێت. هێندەی دیکە زیاتر عێراق لە بێدامەزراوەییەوە دەگوازێتەوە بۆ سەنتڕالیزمی مەرجەعەکان و پیرۆزکردنیان و گشتگیرکردنی ئەو پیرۆزگەراییە بەسەر هەموو گروپ و پێکهاتە جیاوازەکاندا. ئاڕاستەی موقتەدا سەدر، یەکخستنی مەرجەعییەتی ئایینی و سیاسییە و گواستنەوەیەتی نەك بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت، وەکو ئەوەی ئیددیعای دەکات، بەڵکو تەنها بۆخۆی بەتەنها، لەدوتووێی ململانێیەکی ناوخۆیی شیعەگەرایی لە عێراق و ناوچەکەدا. ئەوەش مەترسییەکی گەورە بە ئایندەی ئەو وڵاتانە و بەتایبەتیش عێراق دەبەخشێت، وەک ئەوەی کە ساڵانێکی دوور و درێژە دەوڵەتی ئێرانی خزاندۆتە ناو ئەو قوڕ و لیتەیەی پیرۆزگەرایی مرۆڤەکان و مەرجەعگەرایی شیعیزم و قەتیسکردنی دەوڵەت و دامەزراوەکان لەناو دۆگماکانی ئادیۆلۆژیا و مرۆڤە پیرۆزکراوەکاندا.

بەکورتی، فەلسەفەی پیرۆزگەرایی، سەندنەوەی شەرعییەتە لە دەوڵەت و دامەزراوەکان و سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەکی دۆگماتیزمە، بەسەر تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگەدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×