دادپەروەریی ڕاگوزەر (Transitional Justice)، لەپەراوێزی دەستگیرکردنی چالاکوانی سیاسی عەلی مەحمود!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2023-04-27     485

دادپەروەری ڕاگوزەر چیە؟ چۆن بتوانین تاوانە گەورەکانی ڕابردوو بەجێ بێڵین و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی بەهای متمانە و ڕێز بگەڕێنینەوە بۆ کۆمەڵگەیەک کە بەچەندین شێوە تاوانی گەورەی بەرامبەر کراون و شکۆ و کەڕامەتی شکێندراوە. لێرەدا، دادپەروەری ڕاگوزەر وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو تاوانە گەورانەی کە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی یا ناوخۆییان هەیە بەڵام دەچنە چوارچێوەی قانونی نێودەوڵەتی، لەوانەش جینۆساید، تاوانی جەنگ و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و دوژمنکاری. لەکاتی ئەنجامدانی تاوانێکی ئاسایی، تاوانلێکراوان بە ئاسانی دەتوانن رێگای دادگا بگرنەبەر و تاوانبار ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە، بەڵام تاوانە گەورەکان کە فرەڕەهەندن خەسڵەتی بەکۆمەڵ لەخۆ دەگرن، چۆن دەکرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و تاوانباران ڕاکێشی دادگا بکرێن؟

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە و هەر پرسیارێکی ئاڵۆزی تایبەت بەو بابەتە، نەك هەر بەتەنها لە قانوندا چڕ نابێتەوە، بەڵکو زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی، بەتایبەتیش کۆمەڵناسی گرنگییەکی لەڕاددە بەدەر بەو بوارە دەدات و بەدوای شڕۆڤە و چارەسەری گونجاودا دەگەڕێت، چونکە تاوانەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە کۆمەڵگە و گروپە مرۆییەکانەوە هەیە.

خاڵی وەرچەرخانی چارەسەر لەو جۆرە تاوانانەدا، تاوانباران نین، بەڵکو ڕزگاربووان و قوربانییەکانن. چۆن بتواندرێت ساڕێژی زامەکانی ڕزگاربووێکی جینۆساید، قوربانییەکانی تاوانبارانی جەنگ و پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ بکرێت؟ ئالێرەدایە دادپەروریی ڕاگوزەر ڕۆڵێکی چارەنوسساز دەبینێت. دەبێتە یەکێک لەو بنەمایانەی کە هەر دەستەڵاتێکی نیشتمانی دەبێت بیکات بە ئەرکی یەکەم و خاڵی وەرچەرخانی نێوان زەمەنی ئەنجامدانی تاوانەکان و زەمەنی نوێی دوای ئەنجامدانی تاوانەکان. بەو جۆرە، دادپەروەریی راگوزەر، سەرەتا گرنگی بە قوربانییەکان دەدات بەر لە هەر شتێکی دیکە، هەموو جەختکردنەوە و هەوڵەکان چڕ دەبنەوە لەسەر مافی قوربانیی و ڕزگاربووەکان و شکۆی مرۆییان. بەتایبەتیش ئەگەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای خوێن و خێڵ و خێزان دامەزرابن، نەك لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون. لە وەها کۆمەڵگەیەکدا دەبێت لەڕێی دادوپەروەریی ڕاگوزەرەوە، قوربانییەکان بخرێنە ناو کرۆکی ئەرک و پلانەکان و گرنگی بە هەست و سۆز و زامی قوربانییەکان بدرێت. ئەمەش یەک مانا دەبەخشێت ئەویش هەوڵدانە بۆ ساڕێژبوونی زامی قوربانییەکان. دەبێت رێککەوتنێک لەنێوان هاوڵاتییاندا بێتە کایەوە وەکو جۆرێک لە پەیمانێکی تازەی کۆمەڵایەتی، هەموو هاوڵاتییان بگرێتەوە، بەو مانایەی دەبێت پەوەندییەکانی کۆمەڵگە، جارێکی دیکە سەر لەنوێ دابڕێژرێنەوە.

لە دۆخی دوای تاوانە گەورەکاندا، دەبێت هەوڵ بدرێت کۆمەڵگە لە دۆخی جەنگەوە بگوازرێتەوە بۆ دەخی ئاشتیی بەردەوام، کە ئەنجامێکی خۆڕسک دەبێت بۆ گواستنەوەی دەستەڵاتی ئۆتۆریتێر و خودسەر، بۆ دەستەڵاتێکی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و سەرەوری هاوڵاتی و بەرقەراربوونی مافەکانی مرۆڤ و نۆرم و بەها باڵاکان. ئالێرەدا دەبێ کولتوری قوتاربوون لە سزا، سزا بدرێت و بەرەو دروستکردنی کولتورێک بڕۆین کە میهرەبانی لەگەڵ هاوڵاتییان و قوربانییانی تاوانەکانی لێ بچۆڕێتەوە. قانون بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە بکرێتە سەروەر و نەوەکان لەوە تێبگەن کە قانون سەروەرە و کەسیش قوتاری نابێت ئەگەر پەنا بۆ هەر تاوانێک ببات.

لە هەرێمی کوردستان، لە بەرەی کوردستانییەوە، هەنگاوی یەکەم هاوێژرا، کە لێبووردنی گشتی بوو، بەڵام لەوێوە دادپەروەری ڕاگوزەر بەشێوەیەکی رێژەیی چەقی و وەستا. لەجیاتی ئەوەی قوربانیی و ڕزگاربووانی ئەو تاوانە گەورانە بکەونە ناو تۆڕی گرنگی پێدان، تیمارکردنی زامەکانییان، قەرەبووکردنەوە و گەڕاندنەوەی مافەکانیان، کردنەوەی ناوەندی سایکۆتێراپی، لەپێناو گواستنەوەیان بۆ دۆخێکی ئارام و چارەسەرکردنی ئەو زەبر و شۆکەی لە ئەنجامی جەنگ و ئەو فشارەی خرابووە سەرییان چارەسەر بکرێن و بەکورتی دادپەروەری ڕێگا و جێگای خۆی بگرێت.

لەبەرامبەریشدا، ئەو تۆمەتبارانەی کە داوای تایبەتییان لەسەرە، دادگایی بکرێن بۆ ئەوەی یان ئەوەتا لەڕێی دادگاوە تۆمەتەکانییان لەسەر لاببرێن و بێگوناهی خۆیان بسەلمێنن، یا ئەوەتا سزا بدرێن، دوای وەرگرتنی سزاکانیش، دووربخرێنەوە لەناوەندەکانی دەستەڵات و هیچ پێگەیەکی سیاسی، یا کۆمەڵایەتییان پێ ڕەوا نەبیندرێت، بۆ ئەوەی لیادەوەری کورددا جگیر بێت کە ئەوانەی تاوان بەرامبەر نەتەوەکەیان دەکەن هەرگیز لێبووردن نایانگرێتەوە.  لەجیاتی ئەوە، دۆخێکی دیکە هاتە کایەوە، چ لەسەر ئاستی عێرق و چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان:

یەکەم: لەسەر ئاستی عێراق تا ئەو چرکەساتەش کە ئەو ڕستانەی تێدا دەنوسین، داوای لێبووردن لە لایەن دەستڵاتدارانی عێراق نەکراوە، کە ئەوان میراتگری دەستەڵاتی بر لە 2003، کە سێ بڕیاری جینۆسایدیان لە بەغدای پێتەختەوە دژ بە خەڵکی کوردستان دەرکردوون، بێجگە لە تاوانەکانی جەنگ و هەموو ئەو پێشێلکارییە بەرفراوانانەی کە دژ بە خڵكی کوردستان گرتوویانەتە بەر.

دووەم: پڕۆسەی قەرەبووکردنەوە، کە دەبوایە هەر لەدوای دەرچوونی بڕیاری جینۆساید لەلەیەن دادگای باڵا تاوانەکانەوە، گیرابایە بەر، بەڵام تا ئەمڕۆش ئەو پڕۆسەیە هەر پشتگوێ خراوە، کە دستەبژێری سیاسی کورد و نوێنەرە کوردەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا لەو ڕووەوە بێ گوناە نین. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەو دۆخە دەروونی و گرژی و ئاڵۆزییەی کە قوربانییەکان زیاتر پێیەوە سەرگەردان و نیگەران بوون. ناوچەکانیان وەکو پێویست ئاوەدان نەکراونەتەوە و پڕۆسەی چارەسەری دەروونیان بۆ نەگیراوەتە بەر.

سێیەم: لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، زۆرێک لەو تۆمەتبارانەی کە لەلایەن خودی دادگای باڵای تاوانەکانەوە ناویان هەیە و داواکراون، پێگەیەکی تایبەتیی سیاسی، ئیداری و کۆمەڵایەتییان هەیە و جۆرێك لە پارێزبەندییان بۆ کراوە، هەموو ئەمەش بەبەرچاوی سەدان و هەزاران قوربانی تاوانی جینۆساید. ئەم دۆخە نیگەرانییەکی تاقەتپڕوکێنی لەلایەن قوربانییەکان و تێکرای دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەوەی کە دادوەریی ڕاگوزەر نەک هەر جێی خۆی نەگرتووە، بەڵکو ئەنجامی زۆر پێچەوانە بوونەتە هۆکارێک بۆ پێشێلکردنی هەست و نەستی قوربانیەکان.

چوارەم: ئەوە چش لەوەی کە تا ئەمڕۆ، تەواوی پرسی جینۆساید لە هەرێم هەر لە جێگای خۆی چەقیوە. لەو بارەیەوە، نە ئەرشیفێکی نیشتمانی هەیە، بۆ ئەوەی ببێت بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ توێژەران و لێکۆڵەران، نە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی هەیە کە تەعبیر لەو تاوانە گەورانە بکات کە عێراق دژ بە خەلكی کوردستان ئەنجامی داون، نە مۆنومێنتێکی شکۆداری نیشتمانیش هەیە، ببێتە سیمبۆڵی گشتیی هەموو تاوانە گەورەکان و هەستێک بۆ قوربانییەکان دروست بکات کە گرنگییان پێ دەدرێت. هەروەها کە دیپلۆماتێک یا هەر میوانێک دێتە هەرێمی کوردستان، یەکەم شتێک سەردانی ئەو مۆنومێنتە بکات. لەو ڕووەوە هێندە کەمترخەمی هەیە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت و هیچ قوربانیەک لە هەرێم نەبێت، وێڕای ئەوەی کە هیچ سیمبۆڵێکیش نیە تەعبیر لە ئازارەکانی ئەو نەتەوەیە بکات.

لە وەها دۆخێکیشدا، قوربانیەکان جارێکی دیکە بوونەتەوە قوربانیی کەمترخەمی و پشتگوێخران و ئازاردان بەهۆی دەستەڵاتی دارایی، ئیداری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەشێک لە تۆمەتباران، کە نە قانونە ئاسمانی و نە زەمینیەکان، ئەو ناداپەرورییە قبوڵ ناکەن. لەو دووڕیانەشدا کۆمەڵگەش سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت و قوربانییەکان کە دەبینن دادپەروەریی هیچ مانایەک و رێگایەکی بۆ ئەوان نەهێشتۆتەوە، ئەوە بەدڵنیایی چۆن لەو ڕۆژانەدا (بابان ئیبڕاهیم)مان دیت وەکو قوربانیەک پەلاماری کەسێکی دا و کۆتایی بە ژیانی هێنا، بێ ئەوەی لەڕێی دادگاوە بزانین ئاستی تۆمەتباری ئەو کەسە چیە و چۆن بووە، ئەگەر وەها بڕوات، بە دڵنیایی نموونەی دیکەشی بەدوادا دێن. ئەوەش کە دەبێ جەختی لێ بکرێتەوە، تۆمەتباران لەبەردەم دادگادا مافی هەموو بەرگری لەخۆکردنێکیان هەیە، بۆ ئەوەی یا ئەوەتا بیسەلمێنن کە بێگوناحن، یا ئەوەتا سزای خۆیان وەربگرن، لەبەرامبەریشدا قوربانیەکان هەموو مافێکییان هەیە برینەکانییان ساڕێژ ببن، مافەکانییان بۆ بگەڕێنەوە و داواکارییەکانییان جێبەجێ بکرێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×