ژیانی خەڵك لە نێو قەیرانی ئابووری ئێراندا

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
  2022-05-19     349

 بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی سەختی ژیانی خەڵك و گرانی خواردن و  شتومەک لەشارەکانی ئێراندا، بەتەواوی کاریگەرییەکانی بەسەر ژیانی خەڵکەوە هەست پێ دەکرێت و هەست دەکەیت کە تەواو ماندووبوون.

 

بەجۆرێک کەم گەشتیاری عەرەبی و تورکی و بیانی دەبینیت کە کچێکی ئێرانی لەگەڵدا نەبێت کە بەهاوسەگیری کاتی " سیغە"  هێنابێتی و لەبەرانبەر مانەوەی چەند ڕۆژێکیان پێکەوە، بڕێک پارەی پێبدات.

 

تەنانەت بەشێک لەدانیشتوانی شارەکانی ئێران باسیان لەوەدەکرد، چەندین خێزان خۆیان ئەو دەرگایە بۆ کچەکانیان دەکەنەوە، هەتا لەو ڕێگەیەوە باری سەختی ئابووری و داراییان لەسەر سوک ببێت.

 

دۆخ و گوزەرانی خەڵك بەجۆرێك سەخت بووە کە بەلای زۆر ئوتومبێل دا دەڕۆیت شۆفێرێکە تا چەند مەترێک بەدواتدا دێت  و بانگت دەکات هەتا لەگەڵ ئەودا بڕۆیت و سەربکەویت، بەجۆرێک کە زۆرجار ماندوو دەبیت لە دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە.

 

ئەمەش وەک ئەوەی کە بەشێک لەخەڵکی ئەوێ باسیان لێوەدەکرد، ڕووداوەکانی دزیکردن و فێڵ و تەنانەت زۆرجاریش کوشتن لەزۆر ناوچەی ئێراندا بەهۆی ئەو دۆخەوە ڕوویان لەزیادبوون کردووە، بەتایبەت بۆ کەسانێک کە شارەزانین و بۆگەشتکردن هاتوون.

 

بەشێک لەدانیشتوانی ئێران باسیان لەوەدەکرد، ئەگەرچی چەندین ساڵە گەمارۆی ئابووری لەسەر وڵاتەکەیانە و ئەوان بە بەرهەم و دەستی کاری ناوخۆییان توانیویانە کاریگەرییەکان تا ڕادەیەکی زۆر کەم بکەنەوە و تەنانەت لەڕێکەوتنی پێنج + یەکی ئێران و ئەمریکادا دۆخی ژیانیان زۆر باشببوو،

 

بەڵام دواتر و دوای هاتنی تڕەمپ و زیادکردنی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران و  لەئێستاشدا جەنگی ئۆکرانیا، نرخی شمەک و کاڵا و خواردنی، سێ بەرانبەری پێشوتر بەرزکردۆتەوە و ئەمەش بارودۆخی زیاتر دژوار و سەختر کردوە بۆ ئەوان..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×