هەرێمی سەیرستان

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
  2020-02-07     1116
ئەم هەرێمە چەند سەیرە! دوور نیە چەند ساڵێکی تر وەک یەکێك لە سەیرو سەمەرەکانی جیهان ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە، وەک سەیرترین هەرێمێك لە جیهاندا. ئاخر سەیرە هەرێمێك سەرکردەکانی بانگەشەی سەربەخۆی و دروستکردنی دەوڵەت بکەن و کەچی هێشتا دوای بیست و نۆساڵ حوکمڕانی، خەڵك سەرەبگرن و ڕیز ببەستن بۆ وەرگرتنی بتڵێک غاز! 

هەرێمێك ژێر زەوییەکەی دەریایەک نەوت بێت و خەڵکەکەشی دوو ساڵ جارێك بەرمیلیک نەوت وەرنەگرن، هەرێمێك  ناگاتە پێنج ملیۆن کەس و دەیان حیزب و هێزی سیاسی تیاقوت بۆتەوە.  هەرێمێك کە چوار شارە و هەر شارێكی، وەک ناوچەیەکی جیاواز و جێ نفوزی حیزبێکی سیاسی  دەردەکەوێت و مامەڵە دەکات و هەر یەکێکیان بەردەوام خەریکی شکاندنی وێنا و شکۆی ئەوەی دیکەیانە. 

هەرێمێك سەرەڕای بوونی دەیان قەیران و گرفتی یەک لەدوای یەک و بەردەوام، پەڕلەمانەکەی لەبری لێپرسینەوە  و بەدواداچوونی ورد بۆ گرفت و کێشەکانی خەڵك، کەچی بڕیاری گۆڕینی وشە و دەستەواژەکان دەردەکات، وەک ئەوەی خەڵکی ئەم هەرێمە وەک خەڵکی دووبەی بژین و جگە لەوە هیچ گرفت و کێشەیەکی دیکەیان نەبێت. 

هەرێمێك سەرەڕای بوونی دەیان گرفت و شکستی حوکمڕانییەکەی،  حیزبەکانی دەسەڵات بە مەبەست لەڕێگەی هەندێك پیاوی ئاینیەوە، خەڵك بە کۆمەڵێک پرسی لاوەکی وەک فرەژنی و  یەکسانی ژن و پیاوە وە سەرقاڵ دەکەن، بۆ لەبیربردنەوەی پرس و بابەتە گرنگەکان، لەلای  خەڵك و کۆمەڵگا و سەرقاڵکردنیان بە کۆمەڵێك پرسەوە کە لەڕاستیدا هیچ گرنگییەکیان نیە.

ئەوەی لەهەموو ئەمانە سەیرترە و جێگەی سەرنج و  مایەی نیگەرانیە، بریتیە لە بەشێك لەو خەڵکەی کە سەرەڕای، دروستکردنی دەیان قەیران گرفتی یەک لە دوای یەک بۆی لەلایان دەسەڵاتەوە و سەرەڕای بازرگانی کردن بە ژیانییەوە بە دەرمان و خواردنی خراپ و ماوە بەسەرچوو، سەرەڕای دەیان گرفتی دیکە، بەڵام هێشتا هیواو ئومێدی بەم حیزبە کوردییانە ماوە کە لەسایەی ئەوانەوە ژیانی باشتربێت و هەر کە  کاتی دەنگدان و هەڵبژاردن نزیک بۆوە، ئیدی وەک ئەوە وایە کە نەبای دی بێ و نە باران و هەر زوو ڕووداو و گرفتەکانی لەبیر دەچێتەوە. 


ئێرە هەرێمی سەیرستانە، هەرێمێك مرۆڤ دەبێت دەرونێکی ئاسنینی هەبێت، تا بەرگەی بیستینی دەیان هەواڵی دڵتەزێن و نامۆی جۆراوجۆری ڕۆژانەی تێدا بگرێت، هەرێمێك کە لەسایەی سەروەرنەبوونی یاسادا، بەردەوام ژیانی خەلك بەرەو خراپتر دەڕوات و بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤیش 
لە پاشەکشەکردندایە  تێیدا. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×