بڕیارەکەی دادگای پاریس: میدیای کوردی و چەواشەکاری‌یەکی دولایەنە

مەحمو رەزا ئەمین
  2023-03-28     818

حوکمەتی ئیتیحادی لە ساڵی ٢٠١٤ دا، لە دوای ئەوەی بۆری‌ی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەسترا بە بۆری‌ی گواستنەوەی نەوتی عیراقەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکی، لە ژوری بازرگانی‌ی ناودەوڵەتی، کە بارەگاکەی لە پاریسی پایتەختی فرەنسایە، شکاتی لە حوکمەتی تورکیا کرد لەسەر ئەوەی رێکەوتنی بۆری‌ی نەوتی عیراقی تورکی‌ی ساڵی ١٩٧٣ـی پێشێل کردوە.

بە گوێرەی ئەو رێکەوتنەی نێوان هەردو حوکمەت، بۆ جوڵاندنی نەوت لەناو بۆری ناوبراوا بەرەو ئەمبارەکانی نەوتی خاو لە بەندەری جەیهان و لەوێشەوە ناردنە دەرەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەبێ حوکمەتی تورکی رێنمایی لە حوکمەتی عیراق وەر بگرێ نەک لە هیچ لایەنێکی تر.

ئەم شکاتە دەمێک بو لە دوا بڕیار نزیک بو بوەوە. بەڵام دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٨ بو بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ نیازپاکی و خاوکردنەوەی گرژی‌یەکانی نێوان هەولێر و بەغا، داوای لە دادگای ناوبراو کرد پرۆسێسی دادگاییکردنەکە را گرێ.

حوکمەتی کازمی‌یش هیچ هەوڵێکی نەدا پرۆسێسەکە چالاک بکاتەوە. بەڵام بە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر- بەغا و ئەنکەرە- بەغا، (حوکمەتی سودانی دادگایی‌یەکەی جوڵاندەوە)(١) و بڕیارەکە بە قازانجی عیراق دەر چو.

بە گوێرەی نوسراوێکی رەسمی بە ژمارە ١٨١، کە لە ٢٥/٣/٢٠٢٣ دا لە بەڕێوەبەری نوسینگەی بارکردنی نەوتی عیراقی‌یەوە ئاراستەی لێپرسراوی شوعبەی جوڵاندن و هەناردەکردنی نەوت کراوە، حوکمەتی تورکی فەرمانی داوە بە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی، کە سەرپەرشتی ئیشپێکردن و وێستگەکانی بەندەری جەیهانی تورکی‌ ئەکا، بارکردنی نەوتی هەرێم را گیرێ.

وردبونەوە لە ناوەرۆک و شێوازی داڕشتنی نوسراوی ناوبراو، دەری ئەخا کە حوکمەتی تورکی پێش ئەوەی حوکمەتی ئیتیحادی یان حوکمەتی هەرێم ئاگادار بکا، خۆی فەرمانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی دەر کردوە. (بڕوانە پاشکۆی ١).

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، تۆڕەکۆمەڵایەتی‌یەکان و میدیا کوردی و عەرەبی‌یەکانی عیراق گڕیان گرت و هەر یەکە بە گوێرەی حەز و بۆچونی خاوەنی میدیاکە بڕیارەکەی دادگای پاریسی شرۆڤە کرد.

ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا تیشکی بخەمە سەر، هەڵوێستی میدیای کوردی‌یە:

میدیای پارتی و سێبەرەکانی فویان لە خۆیان کرد و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تەحەدای بڕیارەکەیان کرد و وتیان: "کەس ناتوانێ ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم راگرێ!".

میدیای یەکێتی و نەیارەکانی پارتی و سێبەرەکانیان، کەوتنە کوتانی دەهۆڵی کۆتاییهێنان بە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم.

بەڵام ئەوەی راستی‌یە، ئەو دو میدیایە هەردوکیان ناڕاستن و هەردوکیان خەڵک چەواشە ئەکەن.

راستی‌ی بابەتەکە ئەمەیە:

یەکەم:

ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم را ناگیرێ بۆ ماوەیەکی کاتی نە بێ، هەتا ئەو کاتەی هەولێر و بەغا و بەغا و ئەنکەرە لەسەر میکانیزمێکی نوێ رێک ئەکەون بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

دوەم:

را نە گرتنی یەکجارەکی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم پێوەندی بە فشە و خۆبادانی سەرانی مافیای نەوتەوە نیە. پێوەندی بەوەوە نیە کە هەردو حوکمەتی بەغا و ئەنکەرە، لە ترسی یان لەبەرخاتری مافیای نەوت ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم را ناگرن، بەڵکو پێوەندی بەوەوە هەیە کە هەم حوکمەتی ئیتیحادی پێویستی بە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم هەیە، هەم حوکمەتی تورکی پێویستی بە باجی نەوتی هەرێم هەیە، هەم‌یش لە پرۆژەی قانونی موازەنەی ساڵی ٢٠٢٣ـی حوکمەتی ئیتیحادی‌دا ناردنەدەرەوەی بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم، لە مادەی (١/ب) دا جێگەی گرتوە (بڕوانە پاشکۆی ٢) و بە گوێرەی مادەی (١٣/ثانیا/أ)ـی هەمان پرۆژە قانون، ئەبێ داهاتی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانەیەی هەرێم، مانگانە، بە هەماهەنگی‌ی وەزارەتی سامانە سروشتی‌یەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عیراق و هەردو دیوانی چاودێری‌ی دارایی هەولێر و بەغا لەسەر داهاتی گەنجینەی حوکمەتی ئیتیحادی تۆمار بکرێ: (تقید دفتریا کإیراد نهائي للخزینة الاتحادیة). (بڕوانە پاشکۆی ٣)

سێیەم:

وەفدی حوکمەتی هەرێم چەن جارێک بۆ گفتوگۆکردنی پرۆژە قانونی موازەنەی ساڵی ٢٠٢٣ چوە بەغا و میدیای حوکمەت رای گەیاند کە نوێنەری هەردو حوکمەت لەسەر ناوەرۆکی پرۆژەقانونی موازەنە رێکەوتون. کەواتە مافیای نەوت بە (سبق الاصرار والترصد)ەوە هەوڵی چەواشەکردنی خەڵک ئەدا. چونکە خۆی بە ناچاری لەگەڵ بەغا رێکەوتوە نەوتەکەی لە ژێر چاودێری کۆمپانیای سۆمۆ دا بفرۆشرێ و داهاتەکەشی بە ئاگاداری بەغا و لە ژێر چاودێری‌ و وردبینی کۆمپانیایەکی ناودەوڵەتی‌دا، لە یەک حسابی بانکی‌دا دا بنرێ و بە ئاگاداری‌ی بەغا لێ‌ی خەرج بکرێ و مانگانەش هەولێر وردەکاری و حساب و کیتابی خەرجی‌ی هەرێم بنێرێ بۆ بەغا.

هەروەها، بە گوێرەی مادەکانی (١، ١٢، ١٣ و ١٤)ـی پرۆژەقانونی موازەنە، حوکمەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە وردی و توندی بەسراوەتەوە تا بواری فرتوفێڵ و خۆ دەربازکردنی نە بێ، وەکو چۆن لە ٢٠١١ ەوە هەتا ئێستا خۆی لە مەرجەکانی قانونی موازەنەی ساڵانەی حوکمەتی ئیتیحادی دزیوەتەوە. خۆ ئەگەر بیکا، ئەوا ئەمجارە هەر خەڵکی هەرێم زەرەرمەند نابن، بەڵکو سەرانی مافیای نەوت‌یش بە فەتارەت ئەچن.

راگرتنی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم نە بە قازانجی هەولێر و نە بە هی بەغایە، لەبەر ئەوە گرنگە هەردولا ئیلتزام بکەن بە بڕیارەکەی دادگای پاریس و مادە پێوەندیدارەکانی پرۆژەقانونی موازەنەی ساڵانی ٢٠٢٣- ٢٠٢٥ـی حوکمەتی ئیتحادی‌یەوە.

***

زۆر سپاسی توێژەری وردبین کاک یاسین تەها ئەکەم، ئەم زانیاری‌یەی بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ راست کردمەوە:

"دوا مورافەعەی ئەم کەیسە لە مانگی تەموزی ٢٠٢٢ دا بوە". واتە پێش دروستبونی حوکمەتی سودانی.

ئەمە ئەوە ئەگەیەنێ، بڕیاری کۆتایی دادگاکە کۆنە بەڵام دەسپێکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی تازەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×