پرسیارێکی گەورەو بەگومان لەوەزارەتی تەندروستیی هەرێم! سلێمانی بۆ وا لێ ئەکەن؟

مەحمو رەزا ئەمین
  2020-04-05     2507
کاتێ کۆرۆنا لە ئێران بڵاو بوەوە، بە گوێرەی زانیاری‌یە راگەیەنراوەکانی حوکمەتی خۆجێ‌یی سلێمانی، (11 هەزار) کەس لە دانیشتوانی هەرێم لە شارەکانی ئێران بون. لەو ژمارەیە (10 هەزار)ـیان خەڵکی پارێزگای سلێمانی بون، بەو حوکمەی، سنوری پارێزگای سلێمانی* بە ئێرانەوە زۆر درێژترە لە سنوری هەولێر و دهۆک بە ئێرانەوە:
سنوری پارێزگای سلێمانی بە ئێرانەوە (528 کم) درێژە
سنوری پارێزگای هەولێر لەگەڵ ئێران‌و تورکیا (240 کم) درێژە
سنوری پارێزگای دهۆک لەگەڵ تورکیاو سوریا (245 کم) درێژە

سلێمانی هەر سنورەکەی لەگەڵ ئێران لە هی هەولێر و دهۆک درێژتر نیە، بەڵکو بە ژمارەی دنیشتوان‌یش لەوان گەورەترە. بە گوێرەی خەمڵاندنی ساڵی 2018:
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی (2 ملیۆن) و (162 هەزار) و (279) کەسە
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر (1 ملیۆن) و (854 هەزار) و (778) کەسە
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆک (1 ملیۆن) و (292 هەزار) و (535) کەسە

سلێمانی بە روبەریش لە هەردو پارێزگاکەی کە گەورەترە:
روبەری سلێمانی (20 هەزار) و (83) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە
روبەری هەولێر (15 هەزار) و (74) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە
روبەری دهۆک (6 هەزار) و (553) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە

بەحوکمی فاکتەرەکانی:
1. درێژی‌ی سنور بە ئێرانەوە؛
2. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگا؛
3. روبەری پارێزگا و
4. زۆری‌ی ژمارەی گەڕاوەی دانیشتوانی هەرێم لە ئێرانەوە، لەوەتی قەیرانی کۆرۆنا گەیشتۆتە ناوچەکە..
بە هەر چوار حوکمەکە، کە سلێمانی لە هەمویانا یەکەمینە، ئەبو ژمارەی تێستکردنی رۆژانە، بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، لە سلێمانی زیاتر لە سێقاتی تێستکراوەکانی هەولێر بوایە. بەڵام مەخابن، هەتا سەعات 23ی شەوی رابردو (ئەمڕۆ: 5ی 4ی 2020)، کە بەرنامەی (ستودیۆ 19)ـی تەلەفزیۆنی رودا و بڵاوی کردەوە، لە هەوەڵی قەیرانەکەوە تا دوێنێ شەو، رێژەی تێستەکانی هەولێر نزیکەی 3 قات و نیوی ئەوانەی سلێمانی‌یە:
رێژەی تێستکراو بۆ هەر 3 پارێزگاکە، تا نیوەشەوی دوێنێ ، بەم شێوەیە بوە:
رێژەی تێستکراوی پارێزگای هەولێر             %68
رێژەی تێستکراوی پارێزگای سلێمانی           %20
رێژەی تێستکراوی پارێزگای دهۆک             %12

وەزارەتی تەندروستی‌ی حوکمەتی مەجازی‌ی هەرێم و دەزگا تەندروستی‌یەکانی پارێزگاکانی هەرێم و پسپۆڕانی بواری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم، ئەزانن، رێچڵەکی کۆرۆنای پارێزگای سلێمانی ئێرانە. چونکە لە (11 هەزار) کەس کە لەدیوی ئێران گەڕانەوە، (10 هەزار)یان دانیشتوی سنوری پارێزگای سلێمانی‌ین، کەچی وەزارەتی تەندروستی بەگوێرەی زانست و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ خەتەرەکەی سلێمانی ناکا.

ئێستا بە گومانێکی گەورەوە ئەپرسم:
حکومەتی‌ مەجازی‌ی هەرێم بۆچی لەم قەیرانە گەورە و کوشندەیەشا بەم شێوە نا بەرپرسیارانە‌یە مامەڵە لەگەڵ سلێمانی ئەکا؟
ئاخۆ لە سلێمانی توانای پسپۆڕی و تەکنیکی‌ی پێویست نی‌یە بۆئەوەی رۆژانە چەن قاتی هەولێر تێست بکا؟
یاخود پێوەندی‌ی بە توانای مادی‌یەوە هەیە و بە ئابڵوقەی مادی، دەستی سلێمانی بەستراوە، نەتوانێ رۆژانە لەو ژمارە کەم و دیاریکراوە زیاتر، تێست بکا؟
بەندە لە ساڵی 2010 ەوە لە رێگەی لێکۆڵینەوە و ئاوەزەوە، گومانی لەسەر ژمارەکان و جوڵەکانی حوکمەتی مەجازی‌ی هەرێم بەرامبەر سلێمانی دەر بڕیوە. 2 توێژەرەوەی تریش، بەڕێزان: بەیار عومەر عەبدوڵڵا و ئەرکان رەوف لە چەن توێژینەوەیەکا ساخیان کردۆتەوە کە، حوکمەتی مەجازی‌ی هەرێم بە پلان ئەیەوێ سلێمانی بخنکێنێ، بۆیە لە کەیسی کۆرۆناشا، بەگومانێکی زۆر گەورەوە لە هەڵسوکەوتی وەزارەتی تەندروستی‌ی حوکمەتی مەجازی‌ی هەولێر ئەڕوانم، هەتا ئەو کاتەی بەشێوەیەکی زانستی وەڵامی پرسیارەکانم ئەدەنەوە. 
####
* چ هەرێم و چ حوکمەتی ئیتیحادی ژمارەی توشبوانی پارێزگای هەڵەبجە بە کۆرۆنا، لەسەر سلێمانی حساب ئەکەن. لەبەر ئەوە من‌یش وەکو ئەوان ئەکەم. سنور و ژمارەی دانیشتوان و روبەری سلێمانی، کە لە مەتنی ئەم وتارەدا هاتون، بەشەکەی هەڵەبجەشی تیایە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×