بۆ ژەهراویبونەکەی دکتور کازم کۆتایی نایەت؟

د.فایق گوڵپی
  2023-06-16     2033

دکتور کازم پزیشکێکی سەرکەوتووخۆشەویستبوو،هاوڕێم بوو،چەندجارێکیش داوایلێکردم لەگەڵ نەوەی نوێ کاربکەم.بۆیە زۆرم پێناخۆشە لەسەری قسەدەکەم و لەسەری دەنوسم، بەڵام ئەگەر لەسەر کێشەکەی ڕاستییەک بزانم و باسی نەکەم خۆم بە تاوانبار دەزانم.

 وەک پزیشکێک کە شارەزاییم لە ژەهراویکردن و پزیشکی دادوەریدا هەیە، بە پێویستی دەزانم ئەم ڕاستیانە لەسەر ئیدعای ژەهراویبونی دکتور کازم بخەمەبەرچاوی خوێنەرانی بەڕێز.

١.ژەهراویکردن وەک برینداری گولە وچەقۆ، وەک ڕوداوی ئۆتۆمبێل و سوتان و مەرگی کتوپڕ وایە، هەمویان دۆسییەیەکی پۆلیسین(  قەزیەی شورتەیە)، بە بێ وەرەقەی پۆلیس نەخۆشی ژەهراویبون لە لایەن پزیشکەوە نابینرێت.

 کە پۆلیس داوای لە نەخۆشخانە کرد ژەهراویکراوەکە بپشکنن و چارەسەری بکەن، پزیشک بە ڕاپۆرت وەلامی پۆلیس دەداتەوە، بارودۆخی نەخۆشەکە هەڵدەسەنگینێت و جۆری ژەهرەکە دییاریدەکات و چارەسەری بۆ دادەنێت.

کۆپیەکی ڕاپۆرتی پزیشکی ڕەوانەی دادگا دەکرێت، دادوەر بڕیاری یاسایی دژی بکەری تاوانەکە دەردەکات و دادگایی دەکات و سزای دەدات.

 دکتور کازم بەو شیوەیە لەگەڵ کێشەکەیدا هەڵسوکەوتی نەکرد، لە باتی ئەوەی لەلای پۆلیس سکاڵا بکات، سەردانی پزیشکێکی هاوڕێی خۆیکرد، بە پزیشکەکەی وت ژەهراویکراوم، پزیشکەکەش  پشکنینی هەموو جەستەی دکتور کازمی کرد، بۆیدەرکەوت دکتور کازم  ژەهراوی نەکراوە. دوای گفتوگۆی نێوان دکتور کازم و پزیشکە، پزیشکەکان بۆیاندەکەوت دکتور کازم لە بەرنامەییدایە  شاسوار عەبدولواحید تاوانبار بکات، ئامۆژگاریان کرد وازلەو فکرەیە بێنێ، بەڵام دکتور کازم وازینەهێنا.

 پاش ماوەیەک بنەماڵەکەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان بەست، ئیدعای ئەوەیان کرد دکتور ژەهراوی کراوە.دوای کۆنفرانسەکە منیش وەک ئێوە زۆر نیگەران بووم بە ژەهراویکردنی دکتور کازم، لە نەخۆشخانە بەدواچونم بۆ دۆسیەکەی کرد، بەڵام توشی شۆک بووم کاتێک ئەو پزیشکانەی پشکنینیان بۆ دکتور کازم کردبوو وتیان دکتور کازم ژەهراوی نەکراوە، وتیان ئەو وێنانەی ناوگەدە کە خوێنی پێوەبوولە کۆنفرانسەکەدا نیشاندرا وێنەی ئەو نەبوو. 

٢.لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر دکتور کازم لەگەڵ دایکی ومنداڵێکیدا بە لاوازی و بیێهزی لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتەوە و پەیامێکی بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەدا نەیوت ژەهراوی کراوم،باسی جۆری نەخۆشییەکەی خۆی نەکرد، لایەنێکی تومەتبارکرد کە لە پشت کێشەی تەندروستیی ئەوەوە وەستاوە. 

وتی دوای نەشتەرگەرییەکەم کە لەوانەیە ئەنجامیشی نەدەم وە نازانم لە کوێ و لە کام نەخۆشخانە ئەنجامی دەدەم، نهێنییەکان باسدەکەم. لە ڕاستیدا هەرکەسێک نەشتەرگەری بکات دەبێت چی نهێنی و وەسیەتی هەیە پێش نەشتەرگەریی  باسی بکات نەوەک خوانەخواستە لە ژێر نەشتەرگەرییەکەدا دەرنەچێت. ئەمە ئەوە دەگەیەنیت کە کیشەی نێوان دکتور کازم و شاسوار کۆتایی نەهاتوە، وە ئەوە دەگەنێت کە دکتور کازم هێچی نییە بیڵیت تەنها هەڕەشە لە شاسوار دەکات و شەڕی دەرونی لەگەڵ دەکات.

دەبوو دکتور لەو پەیامەدا لە باتی ئەوەی لاوازی خۆی و پەیامی دایکی دایکی و دیمەنی منداڵەکەی پیشانبدا بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک بەلای خۆیدا راکێشێت، جۆر و بڕی ژەهرەکەی بۆ باسبکردینایە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژەهراوی نەکراوە هیچ باسناکات.

من زۆر نیگەرانم دکتور کازم وای لە خۆیکردوە دژبەرەکانی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید بەو شێوەیە بەکاریدەهێنن، پێمناخۆشە هەندێک کەسی نارازی لەدەسەڵات و ڕکەبەری نەوەی نوێ، بۆ دژایەتی شاسوار عەبدولواحید و نەوەی نوێ، پشت بە شتێک دەبەستن کە بوونی نییە.

٣.بابەتی ژەهراویبونی هەرکەسێک، بابەتی ڕاگەیاندن نییە ئەگەر پشت بە ڕاپۆرتی پزیشکی و ڕاپۆرتی پۆلیس نەبەستێت، نابێ بەبێ بەڵگە هەواڵی ژەهراویبوونی کەسێک بڵاوبکەنەوە، ئەمە نەک هەر زیانی بۆ ئەو کەنالانە هەیە و لای خەڵک متمانە لە کیسدەدەن، ئەگەر لە ولاتێکیدا بویناوە یاسا سەربەخۆبوایە، دەبوو ئەو کەناڵە میدیایانە ڕوبەڕوی یاسا بونایەتەوە. بۆیە هەقوایە کەناڵی ڕاگەیاندن هەر هەواڵێکی پێدەگات، سەرەتا لە راستییەکەی دڵنیابێت،لایەنی دوەمی کێشەکە بدوێنێت،ئینجا بڵاویبکاتەوە، ئەگینا سەربەخۆیی و پرۆفیشناڵی خۆی لەدەستدەدات،رۆڵی ڕاگەیاندن نابینێ، ڕۆڵی دەزگای چەواشەکاری وتێکدانی  کۆمەڵگا دەبینێ.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×