یادی سەد ساڵەی كۆنگرەی لۆزان‌و هەڵوەستەیەكی كورت

عەلی باپیر
  2023-07-23     513

نەتەوەی كوردیش وەك هەر گەل‌و نەتەوەیەكی دیكەی دنیا، مافی خۆیەتی ئازادانە لەسەر خاك‌و ئاو و نیشتیمانی خواپێداوی خۆی بژی‌و، لەلایەن هیچ گەل‌و نەتەوە یان زلهێزێكی دنیاوە، وەك مرۆڤی پلە نزمی بێبەش لە مافە خواڕسكەكانی تەماشای نەكرێ، چونكە خوا "سبحانه وتعالی" چواردە سەدە و نیو لەمەوبەر لەدوا كتێب‌و پەیامی خۆیدا، ڕووی كردۆتە مرۆڤایەتیی‌و فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ...) الحجرات -13-. واتە: ئەی خەڵكینە! ئێمە لە نێر و مێیەك دروستمان كردوون‌و گێڕاومانن بەچەندان نەتەوەو هۆز، تاكو پێك ئاشنابن، بە دڵنیایی بەڕێزترتان لەلای خوا پارێزكارترتانە.


بەڵام بەداخەوە نەتەوەی كورد دوای ئەوەی زلهێزانی بەشداربووی جەنگی یەكەمی جیهانیی: (1914 - 1918) لە پەیمانی شوومی: (سایكس بیكۆ) لە ساڵی: (1916)زدا وڵاتانی ئیسلامیی‌و لەنێویاندا كوردستانیشیان دابەشكردو، دواتر لە ڕێكەوتننامەی سیڤەر: (1920)زدا لە بڕگەكانی: (62 و 63 و 64)دا بەڵێنیان بەنەتەوەی كورد دا، لەڕێی: (شەریف پاشا)ی نوێنەریانەوە كە وەك نەتەوەكانی دیكە مافی چارەنووس‌و سەربەخۆیی پێبدەن، دواتر كە لەگەڵ (كەمال ئەتاتۆرك) لەڕێی دوو نوێنەرەكەیەوە: (عیصمەت ئینۆنۆ و، حاخامێكی جوولەكە) ڕێككەوتن، لە: (24/7/1923ز)دا،  لەپەیمانی لۆزانی (143) بەندیی دا، كە لە شاری: (لۆزان)ی وڵاتی سویسڕادا لەنێوان وڵاتانی ڕۆژئاواو توركیای نوێدا ئیمزا كرا، هەرچی لە پەیمانی سیڤەردا لەبارەی نەتەوەی كوردو مافی سەربەخۆیی وەرگرتنیەوە هاتبوو، لابراو هەڵوەشێنرایەوە!


هەڵبەتە ئەو بابەتەش قسەی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام بەكورتیی‌و گوشراویی دەڵێم:


یەكەم: نەتەوەی كورد بەدرێژایی مێژووی "بەتایبەت هاوچەرخی" باجی ناتەبایی‌و پەرتەوازەیی داوە، ئنجا با عیبڕەت وەربگرین‌و، چیدیكە بەهۆی بەرژەوەندیی خوازیی‌و دەمارگیریی بنەماڵەیی‌و هۆزو تیرەو حیزبییەوە، بەش بەش‌و بێ هێزو پێز نەبین!


دووەم: هەروەها گەلێك جاران نەتەوەی كورد لەكونی خۆشباوەڕیی بە گفت‌و بەڵێنی زلهێزانەوە، پێوەی دراوەو كڵاوی لەسەر نراوە، حەیفە با چیدیكە خۆمان فریونەدەین بەدیار گفت‌و بەڵێنی دابەشكەرانی وڵاتەكەمانەوە!


سێیەم: دیسان زۆرمان بینین كەسان‌و لایەنانێك كە لافی زل زلیان لێدان‌و، ناو و نیشانی قەبە قەبەیان لەخۆیان نان، وەك: سەرۆك‌و، حیزب‌و، ڕێكخراو و، دڵسۆزو خەمخۆری هەرچوار پارچەی كوردستان، بەڵام بە كردەوە هیچیان لەباراندا نەبوو و هیچیان لێ هەڵنەوەری‌و، سەرۆكایەتیی‌و دڵسۆزییەكەیان بەشی بازنەی تەسكی حیزب‌و خێڵ‌و هۆزەكەشیانی نەكرد، چ جای نەتەوە، بگرە  سەربارەش هەیانە هەتا سەر ئێسقانیش دژو ناحەزی ئیمان‌و ئیسلامە، كە دوا پەیامی خوایەو ناسنامەی زۆربەی هەرە زۆری نەتەوەكەشمانە!


كەواتە: با چیدیكە شوێن كڵاوی خوارو كەسانی بێبارو دوور لەخواو بێ بەندوبار نەكەوین‌و، پەندو عیبڕەت لەخۆمان‌و مێژووی كۆن‌و نوێمان وەربگرین‌و، دڵنیاش بین كە بێجگە لە خوا، پشتیوانێكی دیكەمان نیەو، ئەگەر خۆشمان بۆ خۆمان نەبین هیچكەس بۆمان نابێ.


عـەلی باپــیـر
5/1/1445ك
23/7/2023ز

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×