نۆ هۆشداریی دیكه‌ له‌مه‌ڕ كۆڕۆنا

عەلی باپیر
  2020-03-13     614
بسم الله الرحمن الرحیم

به‌ڕێزان! له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا مه‌ترسی ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تا ڤایرۆس كۆڕۆنا له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیاو له‌وڵاتی ئێمه‌شدا، ڕوو له‌هه‌ڵكشانه‌، وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانم به‌ پێویستم زانی جارێكی دیكه‌ش، له‌دوو توێی (9) هۆشدارییدا، چه‌ند قسه‌یه‌كی دڵسۆزانه‌تان بۆ بكه‌م، كه‌ له‌گه‌ڵ ده (10)‌ سه‌رنجه‌كانى پێشودا ده‌بنه‌ (19)، چونكه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر به‌هۆی چوار قسه‌ی خێری منه‌وه‌، كه‌سانێك له‌مه‌ترسیی ئه‌و په‌تایه‌‌ بپارێزرێن و سه‌لامه‌ت بن و، نه‌یانكه‌م، گوناهبار ده‌بم:

یازده‌: مه‌گه‌ر به‌ ده‌گمه‌ن ئه‌گه‌ر نا هه‌میشه‌ هاوسه‌نگیی و خه‌تی نێوه‌ڕاست گرتن (الإتزان والتوسط) هه‌ق به‌مرۆڤ ده‌پێكێ، بۆیه‌ش خوا فه‌رموویه‌تی: (وَكَذَٰلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا...) البقرة -143-، ئینجا هه‌ست ده‌كه‌م له‌بواری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌تایه‌دا، كه‌سانێك گیرۆده‌ی زێده‌ڕۆیی و كه‌سانێكیش گرفتاری كه‌مته‌رخه‌میی بوون، كه‌ بێگومان زۆر شڵه‌ژان و دڵه‌ڕاوكه‌و، به‌هه‌موو پژمین و كۆكینێك ڕاچڵه‌كین، زێده‌ڕۆیی (إفراط)ه‌و، گوێ نه‌دان به‌ڕێنماییه‌كانی پزیشك و پسپۆڕانی ته‌ندروستیش، كه‌مته‌رخه‌میی (تفريط)ه‌.

دوازده‌: به‌پێی فه‌رمایشتی خوا: (...وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ...) البقرة -195-، واته‌: به‌ده‌ستی خۆتان خۆ مه‌فه‌وتێنن، هه‌ركه‌س كه‌مته‌رخه‌م بێ له‌خۆپاراستنداو، گوێ به‌ئامۆژگاریی پزیشك و پسپۆڕه‌كان نه‌دات، با دڵنیابێ به‌ئه‌ندازه‌ی زیان پێگه‌یشتنی گوناهباره‌و، ئه‌گه‌ر پێشی بفه‌وتێ، حوكمی خۆكوشتن (إنتحار)ی هه‌یه‌، چونكه‌ مردن هه‌ر مردنه‌و، كوشتن هه‌ر كوشتنه‌ به‌هه‌ر ئامڕازێك بێ، وه‌ك گوتراوه‌: {چ گورگ بتخوات، چ سوار بتبات}.

سێزده‌: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌،‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كرێ، هه‌موو لایه‌ك مه‌به‌ستم تاك تاكی هاوڵاتییانه، ‌به‌بێ هه‌ڵاواردن، چونكه ئه‌گه‌ر‌ له‌سه‌د (100) كه‌س یه‌كێكیان كه‌مته‌رخه‌م بێ، هه‌موویان گیرۆده ده‌بن، لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و فه‌رمایشته‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا "صلی الله علیه وسلم" بێنینه‌وه‌ یاد كه‌ (بخاري: 2493) هێناویه‌تی و باسی سواربووانی كه‌شتییه‌ك ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كیان كونێكی تێبكات، تێكڕاو وێكڕا نغرۆ ده‌بن و ده‌خنكێن، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕێگریی لێ بكه‌ین.

چوارده‌: ڕاستییه‌كی واقیعیی و سه‌لمێنراوێكی زانستییه،‌ كه‌ حاڵه‌تی ڕووحیی و ده‌روونیی، ڕۆڵێكی یه‌كجار كاریگه‌ری له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌، به‌ هه‌ردووك باری ئه‌رێنیی و نه‌رێنیی (إيجابي و سلبي)دا، بۆیه‌ پێویسته‌ كارله‌سه‌رخۆمان بكه‌ین كه‌ له‌ڕووی مه‌عنه‌ویی و ده‌روونییه‌وه‌، هێمن و دامه‌زراو و نه‌له‌خشاو بین و، دووربین له‌ هه‌ڵپه‌هه‌ڵپ و دڵه‌ڕاوكه‌و بێ ئۆقره‌یی، واته‌: با وانه‌بین كه‌ (له‌ترسی مردنێ بمرین)و هێنده‌ له‌ده‌روونه‌وه‌ تێشكاوبین، خۆمان زه‌مینه‌ی نه‌خۆشكه‌وتن خۆشبكه‌ین و، هه‌ركات تووشی بووین، پێش وه‌خته‌ خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ دابێ و، هیچ به‌رگه‌ی نه‌گرین! دڵسۆزانه‌ش به‌سه‌رجه‌م براو خوشكانم ده‌ڵێم: كاریگه‌رترین هۆكاری دڵنیایی و نه‌له‌خشاویی، ئیمان و په‌یوه‌ندیی توندو تۆڵ و گه‌رم و گوڕه‌ له‌گه‌ڵ خوادا، وه‌ك خوای په‌نهانبین فه‌رموویه‌تی: (الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكْرِ اللَّهِ ۗ أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ) الرعد -28-، واته‌: ئه‌وانه‌ی بڕوایان هێناوه‌و دڵیان به‌یادی خوا ئۆقره‌ ده‌گرێ، ئه‌ها! ته‌نیا به‌یادی خوا دڵان داده‌سكنێن و هێمن ده‌بن!

پازده‌: پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی به‌هه‌رهۆكارێكه‌وه‌ تووشی ئه‌و ده‌رده‌ ده‌بن، به‌چاوی ڕێزو سۆزه‌وه‌ ته‌ماشایان بكه‌ین، نه‌ك وه‌ك تۆمه‌تبار یان تاوانبار! چونكه‌:یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ مافیانه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌ چ مافی ئیمانیی، چ مافی نیشتیمانیی، یان لانی كه‌م ئینسانیی.دووه‌م: ئه‌گه‌ربێت و به‌شێوه‌ی نادروست و دوور له‌ڕووحی برایه‌تیی و سۆزو په‌رۆش، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌دا بكه‌ین، دوور نیه‌ كه‌سانێك ئه‌و ده‌رده‌ش بگرن، له‌به‌ر مامه‌ڵه‌ی ناشایست، خۆیان حه‌شار بده‌ن، تاكو به‌ر له‌ ئازاری ڤایرۆسی كۆڕۆنا، نه‌كه‌ونه‌ به‌رسزاو ئازاری ده‌وروبه‌رو نه‌كرێنه‌: {گولی (گه‌ڕیی) نێو ئاوایی!}.

شازدە: خۆزگە هەموولایەكمان ئەم حاڵەتە نائاساییەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆی ڕەخساندووین، وەك هەلێك قۆزتبامانەوە، بۆ زیاتر بۆلای خوا گەڕانەوە "بەپابەندیی زیاتر بە بەرنامەكەیەوە" كە بێگومان هەركەس وابكات، لەجیاتی زەرەرمەندبوون، لە كۆڕۆنا بەهرەمەند دەبێ و، بۆی وەخێر دەگەڕێ، چونكە بەدڵنیایی ئێمە لەم سەرزەوییە میوانین و بۆ تاقیكردنەوە (إمتحان) لێرە دانراوین: (الَّژِی خَڵقَ الْمَوْتَ ۆالْحَێاەَ لِێبْلُۆكُمْ أَیُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا...) الملك -2-، ئیدی درەنگ یان زوو هەردەبێ ئەم ژیانە كاتییە بەجێ بهێڵین و، مردن پەكی لەسەر ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەكەوتوە! كەواتە: بابزانین چۆن و بە چ هەگبەیەكەوە دەچینەوە خزمەت خوا!

حه‌ڤدە: جێی خۆیەتی زلهێزان پەندو عیبڕەتێكی گەورە لەم پەتا ڤایرۆسییە وەربگرن و، لەئەسپی لەخۆبایی بوون (غرور) بێنە خوارو، چیدیكە بەهۆی تەكنۆلۆژیای بەرهەمی زانستێكی دوور لەئیمان و، حیسابی خواو قیامەت تێدانەكراوە، لەكەوڵی خۆیان دەرنەچن و پێیان وانەبێ: خۆیان هەمەكارەی دنیان و، نە پێویستییان بەخەڵكە و نە حەوجێی خوان!

هەژدە: دەبێ وریابین و دڵنیابین كە هیچ كام لە پشت بەخوا بەستن (التوكل علی الله)و دەست بەهۆكارانەوە نەگرتن (اڵاخژ باڵاسباب) دژو پێیچەوانەی یەكدی نین، بەڵكو تەواوكەری یەكدین و، یەكەمیان كاری دڵ و دەروونەو، دووەمیشیان كاری جەستەیەو، لەڕووداوی بابای ئەعڕابییشدا دەرسێكی مەزن هەیە، كە بەسواری حوشترێكەوە هاتە خزمەت پێغەمبەری خوا "صلی الله علیه وسلم"و گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا! ئایا حوشترەكەم وازلێ بێنم و پشت بەخوا ببەستم؟ فەرمووی: حوشترەكەت ببەستەوەو پشتیش بەخوا ببەستە، (رواه الترمژی: 2517 وابن حبان فی صحیحه: 2549، وصحَّحه المناوی).

كه‌واتە: با هیچكەس بەبیانووی پشت بەخوا بەستن و ئیمان بەهێزبوونەوە، ڕەچاوكردنی هۆكاران پشتگوێ نەخات، هەروەها با هیچ كەسیش بەهۆی دەست بەهۆكاران گرتنەوە، لای خواو ئیمان و هێزی مەعنەویی فەرامۆش نەكات.نۆزدە: دوای ئەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا "كە هێندە وردە بەچاو نابینرێ" دنیای ڕاتەكاندو مرۆڤایەتیی ڕاچڵەكاندو هەژاندو، بەتریلیۆنان دۆلار زیانی لەئابووریی زلهێزانداو، سەرجەم حوكمڕانانی دنیای هێنایە سەرخەت، شتێكی شوورەیی و دواكەوتووانەیه،‌ نكووڵیی لێبكرێ و تەفسیری سەیرو سەمەرەی بۆ بكرێ "وەك جەنگی بایۆلۆجیی!" بەڵكو با وەك خۆی بیبینین و مامەڵەیەكی شەرعییانەی ژیرانەو زانستییانەی لەگەڵدا بكەین، ئەم نۆزدە سەرنج و هۆشدارییەش هەر لەو پێناوەدان و، هیوادارم ئەو ئامانجە بپێكین.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×