سـاڵـیادی مـردنـی فـرێدریـک ئـەنجـلـز!

توانا محەمەد نوری
  2023-08-06     315

فرێدریک ئەنجلز لە ٥ی ئابی ١٨٩٥، یانی ١٢٨ سال لەمەوپێش، ژیانئاوایی کرد. ئەنجلز کەسایەتییەکی مەزنی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی جیهانییە. ئەگەرچی خۆی تیۆریست و چالاکوانێکی شۆڕشگێڕی گەورەیە، بەڵام بەشێکی زۆری ژیانی لە سێبەری کارل مارکس، هاوڕێی تەمەنی و هاوکاری، بەسەربرد.

لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی ئەو سەردەمە و پەرەسەندنی خێرای سەرمایەداری، ڕێڕەوی ژیانی ئەنجلزی وەک جەنگاوەرێک بۆ ژیانێکی باشتر لە قاڵبدا.

باوکی، دوای ماوەیەکی کورت، ئەنجلزی بۆ مانچستەر نارد بۆ ئەوەی وەک کارمەندێک لە کارگەی قوماشی خێزانییاندا کاربکات.

کاتێک گەیشت، سەرسام بوو بەوەی بینی، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەواوی ژیانی ئەنجلز دانا.

ئەنجلز دەربارەی ئەو زەحمەتییانەی دەنووسی کە ڕووبەڕووی کرێکاران ببوونەوە کاتێک لە کارگەکاندا کار دەکەن و لە ناخۆشیدا دەژین.

ئەزموونی تایبەتی ئەو لەگەڵ بزووتنەوەیەکی گەورەدا تێکەڵ بوو کە لەو سەردەمەدا لە بەریتانیا سەریهەڵدابوو.

لەو کاتەدا و لە ساڵی ١٨٤٢ بزووتنەوەی چارتیست نیو ملیۆن کرێکاری بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدانیان کۆدەکردەوە.

دوای دوو ساڵ لە مانەوەی لە ئینگلتەرا و لە گەشتێکیدا بۆ فەرەنسا مارکسی ناسی و پێکەوە دەستیان کرد بە پەرەپێدانی بیرۆکەکان.

یەکەم کتێبیان بە ناوی 'خێزانی پیرۆز' نووسی. کتێبەکە ڕەخنە بوو لە بیرۆکەکانی فەیلەسوفی ئەڵمانی هیگڵ کە هەردووکیان لە گەنجیدا کەوتبوونە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی ئەو فەیلەسوفەوە.

دوای ساڵێک لە ژیانکردنی لە مانچستەر، کتێبی (دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا)ی بڵاوکردەوە، کتێبەکە باسی دۆخی ئەو جەماوەرە کرێکارەی لە کارگەکانی قوماش لە باکووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا کاریان دەکرد، دەکات.

کتێبەکە باسی ئەوە دەکات کە چۆن خەڵک بەهۆی کارێکی مەترسیدار و دووبارەبووەوەوە بەرەو گۆڕ دەبردرێن؛ هەمووشی لە پێناو قازانجی خاوەنکار و کارگەکان. بە شێوەیەکی گرافیک وەسفی بارودۆخی ژیانی ناوچەیەکی هەژارنشینی لەندەن، سانت گایلز، دەکات کە چۆن پڕ بووە لە زبڵ و خاشاک و پیسی و بۆگەناو. ئەنجلز بە هیچ لایەنێکی ژیانی چینی کرێکار بێزار نەدەبوو؛ باسی خانووبەرەو و زۆر بە وردی باسی جۆری خۆراکی کرێکارانی دەکرد.

کتێبەکە تەنها ڕاپۆرتێک نەبوو لەسەر نەهامەتی ژیانی کرێکاران بەڵکو بەکاری هێنا بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە چۆن سەرمایەداری ئەم بارودۆخە بۆ کرێکاران بەرهەم دەهێنێت. کتێبەکە هانی کرێکارانیشی دەدا بۆ گۆڕانکاری.

بۆ زیاتر لە چوار دەیە مووچەی خۆی بەکارهێنا بۆ یارمەتیدانی دارایی مارکس و خێزانەکەی.

پشتگیرییەکەی هێندە بەنرخ بوو مارکس لەسەر بەرگی یەکەمی کاپیتال نووسیبووی “تەنها لە سایەی ئێوە بوو کە ئەمە مومکین بوو”. هەروەها ئەنجلز پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ منداڵەکانی مارکسدا هەبوو، منداڵەکان بە سۆزەوە پێیان دەگوت “ژەنەڕاڵ”. چونکە ئەنجلز حەزی زۆری لە مێژووی سەربازی بوو.

بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی ئەو سەردەمە پاڵی بە ئەنجلز و مارکسەوە دەنا بۆ بەرهەمهێنانی بەناوبانگترین پارچەی ئەدەبی و سیاسی خۆیان.

هەردووکیان ئەندامی کۆمەڵەی ئینتەرناسیونالی یەکەم بوون لە لەندەن و ئەو و مارکس لەلایەن ڕێکخراوەکەوە ڕاسپێردرابوون کە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر بیرۆکەکانیان بنووسن. مانیفێستی کۆمۆنیست لەدایک بوو.

لە مانیفێستدا مارکس و ئەنجلز، ململانێی چینایەتی وەک ناوەندی گەشەکردنی کۆمەڵگا دەستنیشان دەکەن و چۆن کرێکاران دەتوانن کۆنترۆڵی کۆمەڵگا بکەن.

لە ساڵی ١٨٤٧ ڕاپۆرتێکی لەسەر بزووتنەوەی دژە حکومەت لە پاریس نووسی و ساڵی دواتر گەڕایەوە ڕاینلاند. لێرە لەگەڵ مارکس، ڕۆژنامەیەکیان دامەزراند و بەمەش ئەنجلز خۆی فڕێدایە ناو کرداری سیاسیەوە.

لەبری ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە نەزمێکی یەکسانیخوازتر وەک جۆرێک لە پێشکەوتنی سروشتی دێت، ئەوان دەیانگوت کۆمەڵگا بەردەوام لە گۆڕاندایە. دەشیانگوت مرۆڤەکان ناوەندی ئەو گۆڕانکارییەن.

ئەوان لە ئەنتی دوهرینگدا دەڵێن، لەبەر ئەوەی کرێکاران لە دڵی ئەو سیستمەدا بوون کە دەیانچەوسێنێتەوە، دەسەڵاتێکی ناوازەیان پێدەبەخشێت بۆ لەناوبردنی.

ئەنجلز شانبەشانی مارکس کتێبی ‘ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی’ یان نووسی کە یەکێکە لە شاکارەکانیان، تیایدا شیکارییەکانیان بۆ گەشەکردن بە درێژایی مێژوو دەخەنە روو.

ئەوان دەیانگوت مرۆڤ بەشێک بووە لە سروشت، بەڵام جیاوازە لە گیاندارەکانی تر، چونکە دەتوانێت بە شێوەیەکی هۆشیارانە جیهانی دەوروبەری بگۆڕێت.

دەیانگوت بارودۆخی ژیانی خەڵک بیرۆکەکانیان بنیات دەنێت و لە قاڵب دەدات، نەک بە پێچەوانەوە. بە سادەیی دەیانوت “ژیان بە هۆشیاری دیاری ناکرێت، بەڵکو هۆشیاری بە ژیان دیاری دەکرێت”.

مارکس و ئەنجلز لە کتێبی ئایدۆلۆژیای ئەڵمانیدا باسیان لەوە کردووە کە کرێکاران چینی شۆڕشگێڕن بەڵام پێویستیان بە ئەزموونکردنی پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانە دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئاستی لێهاتوویی و ئەزموونی پێویست بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیست.

ئەوان دەیانگوت شۆڕش پێویست بوو چونکە، “ناتوانرێت چینی دەسەڵاتدار بە هیچ شێوەیەک بڕوخێنرێت، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو چینەی کە دەیڕوخێنێت تەنها لە شۆڕشێکدا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت بۆ ڕزگارکردنی خۆی و هەموو کۆمەڵگاش". ”لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداری هێزێکی کۆمەڵایەتی نوێ سەریهەڵداوە؛ چینی کرێکار".

ئەو جووتە ئاماژەیان بە توانای شۆڕشگێڕانەی کرێکاران لە ژێر سەرمایەداریدا کرد، بەڵام دەیانگوت هیچ شتێکی ئۆتۆماتیکی لەبارەی هاتنەکایەی سۆشیالیزمەوە نییە.

پێویستی بە ڕێکخستنی کرێکاران ئەوەندە بەهێزە کە بتوانێت ئەو سنووردارکردنانە بشکێنێت کە لە ژێر سیستمی سەرمایەداریدا بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە.

هەر ئەم خواستە بوو بۆ بنیاتنانی ڕێکخراوێکی سۆشیالیستی کە ئەوانی بۆ کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پیاوانی کرێکار ڕاکێشا کە بە یەکەمین ئینتەرناشناڵ ناسراوە.

ڕێکخراوەکە هەوڵێک بوو بۆ یەکخستنی سۆشیالیستەکان لە سەرانسەری جیهان و بنیاتنانی هاودەنگی لەگەڵ ئەوانەی لە خەباتدان.

کاتێک مارکس لە ساڵی ١٨٨٣ کۆچی دوایی کرد، ئەنجلز خۆی تەرخان کرد بۆ تەواوکردنی دوو بەرگی تەواونەکراوی کاپیتال.

نووسەرێکی بەتوانا بوو، بەردەوام بوو لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی لەسەر زانست، سەرچاوەی ستەمی ژنان و دەستێوەردان لە بزووتنەوە سۆشیالیستییەکان لە سەرانسەری ئەوروپا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×