ململانێی و شەڕی سەربازی نێوان ئێران و ئیسرائیل

توانا محەمەد نوری
  2024-04-18     78

ئێران بە ١٨٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١١٠ مووشەکی بالیستیک و ٣٦ مووشەکی کروز ئیسرائیلی کردە ئامانج. ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئوردن ڕایانگەیاند کە ڕۆڵیان لە لەناوبردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێراندا هەبووە.  ململانێکانی ناوچەکە لە دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستدا، فراوانتر بوو.

ئێران دەڵێ هێرشەکەیان بۆ وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە سوریا بوو کە بووە هۆی کوژرانی ٧ فەرماندەی سوپای پاسداران.  حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی هێرشە سەربازییەکەی ئێران دەداتەوە. فراوانبوونی ململانێی سەربازی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئاگری شەڕێکی تەواو لە ناوچەکەدا هەڵدەگیرسێنێت کە دژی بەرژەوەندی جەماوەری خەڵکی هەردوو وڵات و ناوچەکەیە و جگە لە وێرانکاری و کوشتن و بێ ماڵ و حاڵ و گرانی هیچی تری پێنابێت.

لایەکی ئەم شەڕە، حکوومەتی ئیسلامی ئێرانە، کە حکوومەتێکی تاکڕەو و دژە خەڵکە و کۆمەڵگای ئێرانی بەرەو کۆڵێ وێرانکاری بردووە. ئەم شەڕە ململانێی نێو کۆمەڵگای ئێران قووڵتر دەکاتەوە و هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیش سەرکوت دەکات. ئێران لەڕێگای بریکارەکانی لە ناوچەکەدا دوای پەرەپێدانی ئامانجی خۆی کەوتوە و بە درۆ بانگەشەی بەرگریکردن لە گەلی فەلەستین دەکەن. لایەکی تری ئەم شەڕە حکومەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری ئیسرائیلە کە دوژمنی گەلی فەلەستین و مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی ئیسرائیلیشە.

کۆماری ئیسلامی و بریکارەکانی ئەم هێرشەیان بە سەرکەوتن تۆمارکرد. ئەم هێرشە لەکاتێکدا ڕوودەدات کە حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ، بە بۆردومان و موشەک و هێرشی سەربازی بەرفراوان غەززەی وێرانکردووە و زیاتر لە ٣٣ هەزار کەسیشی کووشتوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا کوشتنی خەڵکی ئاسایی لە لایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە بە "مافی داکۆکیکردن لەم وڵاتە" زانی و پشتیوانی ئەم حکومەتە نەژادپەرستەیان کرد. لە ماوەی شەش مانگدا، بەردەوامی هێرشە دڕندەکانی حکومەتی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، سیاسەتی گەمارۆدان و برسیکردنی خەڵکی غەززە، ڕووبەڕووی کاردانەوەی بیروڕای گشتی و ململانێی کۆمەڵایەتی فراوان بووەوە و حکومەتەکانی ڕۆژئاوای ناچارکرد فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاگربەستێک قبوڵ بکات.

دوای شکستی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی ئیسرائیل لە غەززە و گۆشەگیری لە جیهاندا بەهۆی کۆمەڵکوژی لە غەززە، حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا و ٧ فەرماندەی باڵای کوشت، بە مەبەستی ڕاکێشانی ئێران ڕاستەوخۆ بۆ ناو شەڕی غەززە و پەراوێزخستنی پرسی غەززە. کۆماری ئیسلامی کە لە ژێر گوشاری ناۆخۆیی و دەرەکیدا بوو وە هەروەها بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەگەری شکستی سیاسەتی ڕێگری و گۆشەگیری لە نێو هاوپەیمانەکانیدا، بژاردەی هێرشی سەربازی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل هەڵبژارد.

هێرشی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بارودۆخی ناوچەکەی گۆڕی و بردییە ناو دۆخێکی نوێوە، ئەویش فراوانبوونی میلیتاریزم و شەڕی فەرمی و ئاشکرا.

گریمانەیەک هەیە کە ئیسرائیل زانیاری هەواڵگری لەسەر فەرماندە سەربازییەکانی ئێران هەبووە و دەیتوانی هەر لەگەڵ گەیشتنیان بۆ سوریا بیانکوژێت، بەڵام ئیسرائیل بە ئەنقەست کونسوڵخانەی ئێرانی کردە ئامانج بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکات نەک لە ڕێگەی بریکارەکانی لە ناوچەکە بەڵکو بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ تەحەدای ئیسرائیل بکات و ئیسرائیل پێویستی پێیبوو بۆ چڕکردنەوەی ئەو جۆرە گرژییە. پێگەی سیاسی ناتانیاهۆ چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئیسرائیل زۆر لاواز بوو بوو، پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ ئیسرائیل لاواز بوو بوو بەهۆی کوشتنی بێ سنوور و بەئەنقەستی خەڵکی سڤیل لە غەززە، ناڕەزایەتی ناوخۆیی دژ بە ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی تەشەنەی کردبوو.

زۆربەی حکومەتەکانی ناوچەکە و جیهان بە ڕووسیا و چینیشەوە لەگەڵ فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا نین. ڕۆژئاواش، سەرەڕای پاڵپشتی بێ سنووری ئیسرائیل، چەندین جار دانیان بەوەدا ناوە کە چارەسەری دیپلۆماسییان دەوێت بۆ ئەم ململانێیە و دژایەتی فراوانکردنی شەڕەکەن. هەروەها ئەمریکا، لایەنگری سەرەکی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئەم هێرشە سەربازییە نابێت ببێتە هۆی شەڕێکی تەواو.

جیهان لە قەیرانێکی قوڵی ئابووری و سیاسی هەمەلایەنە تێوەگلاوە. شەڕی ئۆکرانیا و غەززە، دابەزینی هەژموونی ئەمریکا و گۆشەگیری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، زیادبوونی قەیرانە سیاسی و سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهانی هاوچەرخی زیاتر و زیاتر بەرەو شەڕ و میلیتاریزم بردووە، ئەنجامی ئەمەش هیچی تر نییە جگە لە کوشتن و کۆمەڵکوژی و لەناوچوون. ئەرکی هەموو هێزە مرۆڤدۆست، ئاشتیخواز و پێشکەوتنخوازەکان ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی حکومەتە ڕاستڕەو و شەڕخوازە مەزهەبییەکانە، لەوانە دەوڵەتانی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی.

هێرشی سەربازی ڕژێمی ئیسلامی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. حکومەتی ئێران بە بیانووی هەلومەرجی شەڕ هەوڵ دەدات مەودای سەرکوت و خنکاندن لە کۆمەڵگادا فراوانتر بکات و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بۆ دواوە پاشەکشە پێبکات. درێژەدان بە سیاسەتی شەڕ دەبێتە هۆی لەناوچوونی زیاتری کۆمەڵگا و لە ئەگەری ڕوودانی شەڕیشدا جەماوەری خەڵک دەبنە قوربانی، ئەمە جگە لە تێکدانی ژێرخانی ئابووری، بەرزبوونەوەی گشتیی نرخەکان و وێرانکاری.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×