عەلی حەمەساڵح: مەرج نییە پلانەكەی نێچیرڤان بارزانی و پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن سەربگرێت
  2024-05-01       577       

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، مەرج نییە پلانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردن سەربگرێت و دەشڵێت"ئەگەری بەهێز ئەمەیە لەم یاساشکێنییەدا، دۆڕاوی یەکەم نێچیرڤان بارزانی و پارتی بن."

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك لەبارەی هەوڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نوسیویەتی"بۆ ئەوان ئاساییە، هەفتەی پێشو لەگەڵ وەفدی باڵای ئێرانی کۆببنەوەو داوایان لێبکەن هاوکاریان بن لە دواخستنی هەڵبژاردن! ئێرانییەکانیش بەهێزە شیعييەکان بڵێن: ڕێگرییان لێ مەکەن لەدواخستن!"

وتوشیەتی"بۆ ئەوان ئاساییە.. سێ ڕۆژ دەرگا بەدەرگا لە بەغدا بگەڕێن، بۆ دواخستنی هەڵبژاردن! (بۆ هیچ شت سێ ڕۆژ نەماونەتەوە لە بەغدا) بەڵام ئەگەر ئێمە بڵێین: پێویستە هەڵبژاردن لە 10ی 6 بکرێت، موچە تەوتین بکرێ، خیانەت دەکەین."

عەلی حەمەساڵح وتوشیەتی، نێچیرڤان بارزانی، کە ئێستا نوێنەرایەتی پارتی دەکات و هەوڵی پەکخستنی هەڵبژاردن دەدات، ئەو پێی وایە 7ی 7ی ئەمساڵ وادەی کۆمسیۆن کۆتایی دێت و ئەگەری درێژکردنەوە مەحاڵە، کەواتە دواخستنی هەڵبژاردن واتە نەکردن!

جەختیشی كردۆتەوە "مەرج نییە ئەم پلانەیان سەربگرێت، ئەگەری بەهێز ئەمەیە لەم یاساشکێنییەدا، دۆڕاوی یەکەم نێچیرڤان بارزانی و پارتی بن."

عەلی حەمەساڵح وتوشیەتی"بەپێی یاسای سەرۆکایەیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی کاتی دیاریکراوی بۆ هەڵبژاردن نییە، بەپێی بڕگەی (دوەم) لە مادەی (دەیەم) رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەكات و لەو بڕگەیەدا هاتوە: 'لە حاڵێكدا پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكە كۆتایی هاتبێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەماوەی (15) رۆژدا فەرمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەردەچوێنێ'."

عەلی حەمەساڵح لەبارەی هەڵوێستی یەكێتی و گۆڕان، وتویەتی"پارتی هەتا بتوانێت؛ ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات، تا ئەوکاتەی پێیوایە؛ بە ئەنجامی گەورە دەیباتەوە! ئەم حکومەتەی ئێستا هیچ شەرعیەتی نەماوە، پارتی بەبێ شەرعیەت ڕایدەکێشێت! سەرۆکی هەرێم و حکومەت لەبەردەست خۆیەتی. ئایا یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت بەدوای پارتی ڕادەکەن و بمێننەوە! 

ئەگەر ئەمەیان کرد، ئیدی حەقە بەڕونی بڵێن: تەسلیمی پارتی بوین؛ پارتی چ بڵێ ئەوە جێبەجێدەکرێت. بەکردار تەسلیم بون، بەیانی بێ کردار بۆ سۆزی خەڵک؛ بەهای نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×