CPT: دو هاوڵاتی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیادا شەهید بون
  2024-05-01       248       

تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (CPT)ی ئەمریكی ئاشكرایكرد، سێ هاوڵاتی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بۆ كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە هاتونەتە سنورەكانی سیدەكانی باشوری كوردستان، كەوتونەتە بەر بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیاو دوانیان شەهیدبون و یەكێكیان بێسەروشوێنە. بەڵام هەپەگە دەڵێت، هەر سێ هاوڵاتییەكە شەهیدبون.

ئاوێنە: كامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (CPT)ی ئەمریكی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی 27ی نیسان سێ هاوڵاتی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دوانیان خەڵکی ناوچەی "زمزینان"ی شاری سەردەشت و دانیشتوی شاری مهاباد بون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لە سنوری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتونەتە کوێستانەکانی خنێرە لە شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر لە باشوری کوردستان.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ئێوارەی ڕۆژی 28ی نیساندا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردومانی ئەو ناوچەیە دەکەن و لە ئەنجامدا دو لەو هاووڵاتییانە گیان لەدەستدەدەن و هاوەڵەکەی تریشیان بە برینداری، بێسەروشوێن دەمێنێتەوە.

كامەران عوسمان وتوشیەتی، تاوەکو ئێستا تەرمی ئەو هاوڵاتییانە نەهێندراونەتە خوارەوە و هیچ هەواڵێکیش لە بریندارەکە نییە. 

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئەو بەرپرسەی رێكخراوەكە، ناسنامەی قوربانییەکان، بەم شێوەیەی خوارەوە لەبەردەستدایە: ڕەسوڵ یونسی، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. ئەحمەد حەیدەری، خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە. تەمەنی قوربانییەکان لە نێوان 45 بۆ 50 ساڵدایە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەئێستادا، خانەوادەی قوربانییەکان بۆ سۆراغی کوڕەکانیان لە هەرێمی کوردستانن و هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوری شارۆچکەی سیدەکانیش سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەکانن، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە شوێنیان دیاری بکرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی 28ی نیسان لە گۆڕەپانی خنێرەی سەرو لە ناوچەی خواکورک، فڕۆکە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانیان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا بانگەشەی ئەوەکرا کە زیانی گیانی بەر هێزەکانمان کەوتوە، بەڵام هەواڵەکانی سوپای تورکیا بەتەواوەتی درۆن، لەو بۆردومانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتوە، بەڵام لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا سێ هاوڵاتی مەدەنی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بون، شەهیدبون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×