مەكتەبی سیاسیی یەكێتی: هەڵبژاردن دوابخرێت پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبەین
  2024-05-01       337       

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، هەمو كۆبونەوەیەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكەنەوەو بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردندا دەچنەوەو جەختیش دەكاتەوە، هەڵبژاردن دوابخرێت پەنا بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی دەبەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی حزبەكە كۆبوەوەو كەمێك لەمەوبەر ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی لە راگەیەندراوێكدا خستەڕو.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا مەكتەبی سیاسیی یەكێتی "بەتوندی ئیدانەو سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانەو دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد کە بڕیارە لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ساز بکرێت. پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دوپاتکردەوە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەدا مەكتەبی سیاسیی یەكێتی "بڕیاریدا بە هەمو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠-٦ دا بچێتەوە."

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وتوشیەتی"هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی "ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە تەنیا رەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبكاتەوە."

هەروەك دوپاتیشیكردۆتەوە كە یەكێتی "هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەمو کۆبونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە یەكێتی لەوبارەیەوە "⁠پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستوری عیراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتەکەمان دەكات." و داواشی لە هەموان كردوە "لەم خەباتە یاسایی و دیموكراسییەدا پشتیوان و هاوكاربن."

دەقی راگەیەندراوەکە:

‎مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوەوە و بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد کە بڕیارە لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ساز بکرێت. پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دوپاتکردەوە.

‎لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا (١-٥-٢٠٢٤) کە لە دەباشان بەڕێوەچو، مەکتەبی سیاسی ‎لەپێناو داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی کوردستان، بڕیاریدا بە هەمو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠-٦ دا بچێتەوە.

‎کۆبونەوە هەموانی لەو پێشهاتە ترسناكە ئاگادارکردەوە كە هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.

‎ مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە تەنیا رەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبكاتەوە. هەر بۆیە رایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەمو کۆبونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە.

‎بڕیاری کۆبونەوەکەی دەباشان ئەوەیە کە یەکێتی بۆ پارێزگاری لە مافی دیموكراسیی گەلەكەمان:

‎- بە یاداشتی فەرمی و دیداری راشكاو و جددی دۆستانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان، عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.

‎- ⁠بە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی داکۆكیكار لە پابەندبون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات.

‎- ⁠پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستوری عیراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتەکەمان دەكات.

‎هەروەك بانگەوازی نیشتمانی و دیموكراسیی خۆی ئاڕاستەی هەموان دەكات لەم خەباتە یاسایی و دیموكراسییەدا پشتیوان و هاوكاربن.

‎لە کۆتاییشدا کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییانە، کوردانە و دیموکراسییانە روی کردە:

‎رای گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‎و دەنگدەرانی تازەی پرۆسەی هەڵبژاردن کە بۆ یەکەمینجارە ئەم ئیستیحقاقە دیموکراسییە پیادە دەکەن، با پێكەوە داكۆكی لە ئەزمونی دیموكراسیی كوردستان بكەین و ئەركی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی سەربخەین كە تەنیا بە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و لە وادەی خۆیدا دێتەدی.

‎بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی بژاردەی هەڵبژاردن و دەربازكردنی قەوارەی هەرێم لە هەڕەشەی چەقبەستن و بێئیعتبارکردنی دامەزراوەكانی.

‎مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×